دابڕاوەکان

دابڕاوەکان
هەندێ کەس بڕوایان بە بەرنامە و پەیامی یەکێک لە حزبەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی، یان یەکێک لە حزبەکانی تر هەیە و پێیانوایە ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکانیان لە رێگای ئەوانەوە دێتەدی، هەمووشیان پێیانوایە بەرنامە و پەیامی حزبەکەی لە بەرنامە و پەیامی هەموو حزبەکانی تر راستترە، ئەوەش مافی ئاسایی هەر کەسێکە بەرنامە و پەیامی حزبەکەی خۆی پێ لە بەرنامە و پەیامی حزبەکانی تر راستتر بێ، بۆ سەلماندنی راستی و درووستی بەرنامە و پەیامی حزبەکانیان زۆر جاران چەلەحانێ لە نێوان کادیر و هەڵسووڕاو و بانگخواز و شوێنکەوتوانیان درووست دەبێ و ناگەنە هیچ ئەنجامێک و ناچار تۆمەتی سەیروسەمەرە بۆ یەکتری هەڵدەبەستن، ململانێی کادیر و هەڵسووڕاو و بانگخوازەکان لەسەر راستی و درووستی بەرنامە و پەیامی حزبەکانیان گەیشتۆتە ئاستێکی ئەوەندە مەترسیدار کە دوژمنە راستەقینەکەی کوردیان لەبیر کردووە، پێداگری سەختی کادیر و هەڵوسووڕاو و بانگخوازەکان لەسەر راستی و درووستی بەرنامە و پەیامی سیاسی و نەتەوەیی حزبەکانیان، پرسیارێکە و داهاتووە وەڵامی دەداتەوە.
هەندێ کەسیش بڕوایان بە بەرنامە و پەیامی هیچ کامێک لە حزبەکان نییە، بەڵام خاوەن ئامانجی نەتەوەیین و تا سەر مۆخیان بڕوایان بە کوردبوون و کوردایەتی و سەربەخۆیی کوردستان هەیە، ئەوانە لە دوا وێستەگەدا دەبنە موڵکی ئەو حزبەی کە کوردایەتی پێ لە حزبایەتی پیرۆز ترە و کوردایەتی و سەربەخۆیی کوردستانی بە ئامانج گرتووە.
هەندێ کەسیش هەن کە بە راستی جێگای بەزەیی پێداهاتنەوەن، بڕوایان بە بەرنامە و پەیامی هیچ کامێک لە حزبەکان نییە، لە هەمان کاتدا بڕوایان بە کوردبوون و کوردایەتیش نییە، تەنانەت بە شێوەیەک دابڕاون گومانیان لە بوونی خۆشیان هەیە، ئەوانە لەگەڵ خەیاڵ دەژین و مامەڵە بە درووشم دەکەن، کەسانی بێ ئامانجن و هەر رۆژە و خۆیان دەخەنە باوەشی ئامانجێکی خەیاڵئامێز و رۆژی دواتر ئامانجیکی خەیاڵئامێز تر لە باوەش دەگرن.
نەخۆشی دابڕان لە کەسەکان دەرچووە و هەندێ حزبی کوردیشی گرتۆتەوە و تەنها گوێ لە خۆیان دەگرن، لە دەرەوەی واقع یاری بە درووشم دەکەن و ئامانجە نەتەوەییەکان لە هەناوی مەرامە حزبیەکاندا دەگوشن، بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسیەکانیان ئامانجە نەتەوەییەکان دەبەنە سەر سفرەی داگیرکاران، لەگەڵ دوژمنان دەچنە گێژوانی پیلانگێڕی و سەربەخۆیی کوردستان هەرزان فرۆش دەکەن، هەڵوێستی ئەو حزبانە لە بەغدا و لێدوانی بڕیار بەدەستانیان نیشانەی دابڕانیانە لە ئامانجە نەتەوەییەکان و بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد.
Top