یەکێتییەکان و چەپکە گوڵەکەی مام

یەکێتییەکان و چەپکە گوڵەکەی مام
یەکێتییەکان بە هەموو کوتلە و باڵەکانیەوە، لە هەرەمی دەسەڵات و لە هەموو ئاستەکانی بەرپرسیارێتی و تا دەگاتە دۆست و لایەنگرەکانی بەردەوام دەڵێن: چەپکە گوڵەکەی مام، ئەوەش بەو مانایەی یەکێتییەکان بە چەپکە گوڵی یەکێتییەوە بچنە ناو باخی کوردایەتی، بەڵام ئەوەی لە هەڵوێستی بەشێک لە سەرکردە و بڕیار بەدەستەکانی ناو یەکێتی دەبینرێ، لەگەڵ چەپکە گوڵەکەی مام راستگۆ نین، بە واتایەکی تر هەر رۆژە و گوڵێکی ناو چەپکە گوڵەکەی مام هەڵدەپڕوکێنن، ئەو راستییەش کاتێک دەردەکەوێ کە هەڵوێستی بەشێکی دیار لە سەرکردە و بڕیار بەدەستەکانی ناو یەکێتی لە چرای ئەو نامەیە بدەین کە مام وەک چەپکە گوڵ بۆ سەرۆک بارزانی ناردووە.
مام لە نامەکەیدا دەڵێ: برا گیان.. دوا بڕیاری ژیانم ئەمەیە تا مابم لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دۆست و هاوخەبات و تەبا دەبم، کەچی ئەو سەرکردانەی زۆرترین هاتوهاواری چەپکە گوڵەکەی مام دەکەن، لە بەغدا گوڵی هاوخەباتی و تەباییان لە چەپکە گوڵەکەی مام دەرکێشاوە و خستوویانەتە ناو چەپکە گوڵی نوری مالیکی و دەوڵەتی یاسای تا سەر مۆخ دژە کورد و شیعەچێتی.
لە بەشێکی تری نامەکەیدا مام دەڵێ: دەرگامان لێ دابخەن لە پەنجەرەوە دێینەوە لات، سەرۆک بارزانی دەرگای کوردایەتی و هاوخەباتی و تەبایی بە رووی هەموو دڵسۆزان و کوردپەروەراندا کردۆتەوە، کەچی هەر ئەو سەرکردانەی زۆرترین جار باس لە چەپکە گوڵەکەی مام دەکەن لە پەنجەرەوە رادەکەنە دەرەوە.
مام لە شوێنێکی تری نامەکەیدا بۆ سەرۆک بارزانی دەڵێ: تۆش ئیعلانی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانی ستراتیجی بکەی، من ئیعلانی نوێکردنەوە و بەهێزکردنی دەکەم، دیارە هاوپەیمانی ستراتیجی نێوان پارتی و یەکێتی، یان راستتر بڵێم: هاوپەمانی ستراتیجی نێوان سەرۆک بارزانی و مام، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتی توانی رابەرایەتی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان بکات، لەسەر ئاستی ناوخۆ برینەکانی شەڕی ناوخۆی تیمار کردن و گومانەکانی رەواندنەوە و پاڵەوانانی شەڕی ناوخۆشی بێ ئومێد کردن، لەسەر ئاستی عێراقیش کوردی بە دەنگ و رەنگی نەتەوەییەوە بردە بەغدا، لەسەر ئاستی هەرێمیش دەرگای بە رووی دزەکردنی پیلانگێڕان و دەست و پێوەندەکانی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستاندا داخست، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش توانی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان بە جیهانی دەرەوە بگەیەنێ، کەچی ئەو سەرکردە و بڕیار بەدەستانەی ناو یەکێتی کە سەری زمان و بنی زمانیان چەپکە گوڵەکەی مامە، خراپتر لە دوژمان و داگیرکارانی کوردستان و نەیارانی یەکێتی ناوماڵی کورد زمانیان لە چەپکە گوڵەکەی مام و رێککەوتنە ستراتیجیەکە دەکوتا.
لێرەوە روو لە دڵسۆزانی پارتی و یەکێتی دەکەم و پێیان دەڵێم: پارتییەکان.. موزایەدە بە هەڵوێستەکانی سەرۆک (بارزانی)یەوە مەکەن، ئەگەر بەراستی دڵسۆزن و شوێن پێی هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانیتان هەڵگرتووە، یەکێتییەکان.. ئێوەش ئەگەر دڵسۆزن و بە راستی هەڵگری چەپکە گوڵەکەی مامن، باش بزانن کاتێک شوێن پێی هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی هەڵدەگیرێن و چەپکە گوڵەکەی مام دەپارێزرێ، کە هەردوو لایان لە رێبازی بارزانی نەمرەوە بۆ یەکێتی ناوماڵی کورد بڕوانن و ئەو رێبازەش بکەنە سەرمەشقی گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان.
Top