پەلاماری مەزهەری خالقی و عەدنان كەریمیش درا؟!

پەلاماری مەزهەری خالقی و عەدنان كەریمیش درا؟!
هونەر لە كۆمەڵگەی كوردستاندا، بەتایبەتیش هونەری گۆرانی گوتن، وێڕای كۆسپەكانی سەر رێگا، بەڵام نەوەستاوە و بە چەند وێستگەیەكدا تێپەڕیوە، گرنگترین شت ئەوەیە، هونەری گۆرانی گوتن، لە كۆمەڵگەی كوردستاندا، نەك نەفرەتی لێكرا، بەڵكو توند لە باوەشگیرا، دوای ئەو هەموو ساڵانەی دەردەسەریی هونەرمەندان تا كۆمەڵگە تێگەیشت، ئەوان سامانی وڵاتن و لەوە دەرچوون تەنیا موڵكی خۆیان و ناوچەیەك بن، ئێستا حزبایەتی تەسكبین بۆ بەرژەوەندیی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ دەكات، ئەو حزبایەتییە وەك زۆر بواری دی، دەیەوێ ئەوەش لە خەڵك بستێنێتەوە و خۆی بڕیاربدا، ئەگەر ئەم هونەرمەندە یا ئەوی دی، لەگەڵی بن موڵكی میللەتن، ئەگەرنا موڵكی وڵات نین.
حزبایەتیی تەسكبین دەیەوێ دەستوەرداتە هەموو كایەكانی ژیانی خەڵك، بەوە نەوەستاوە خۆی چ رۆڵێك لە پارچە پارچەكردنی كۆمەڵگەدا دەگێڕێ، دەیەوێ كار لەسەر هەموو ئەو مەسەلانەش بكات كە كۆمەڵگە لەسەریان رێككەوتووە، هونەرمەندان بەتایبەتیش ئەوانەی ناوبانگیان هەیە، لەوە دەرچوون بەسەر حزبەكاندا دابەش ببن، ئەوان راستە لە بەرامبەر دۆزی رەوای خۆیاندا بیلایەن نین و لایەنگری پرسی كوردن، ئەو هونەرمەندە ناودارانەی كوردستان، چاكەیەكی زۆریان بەسەر بواری سیاسیدا هەیە، ئاخر ئەوان وێڕای ئەو هەموو ناوچەگەرییەی هەبووە و ئێستاش حزبایەتیی تەسكبین كاری بۆ دەكات، سنووری هەموو ناوچەیەكیان بڕیوە، لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە خۆشەویستن، هۆیەكن بۆ یەكگرتوویی خەڵك، ئەوەی حزبایەتیی تەسكبین تێكی داوە و خەریكی تێكدانیەتی، هونەرمەندان لەمێژە رۆڵیان لە تێكەڵاوبوونی چین و توێژەكان بینیوە، لێ لە كۆتاییدا حزبایەتیی تەسكبین كە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا نابینێ پەلاماریان دەدات و هەوڵی سوكایەتی پێكردنیان دەدات.
هونەرمەندان مەزهەری خالقی و عەدنان كەریم هەوادارێكی زۆریان هەیە، ئەوانە لەو هونەرمەندانەن، سنووری ناوچەكانی كوردستانیان بڕیوە، میوانی خۆشەویستی تاراوگەنشینانیشن، ئەدی بە چ پێوەرێك هێرشیان دەكەنە سەر؟ تەنیا لەبەر ئەوەیە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە هونەرمەندی گەورەی گەلەكەمان مەزهەری خالقی كرد، هەروەها لەم رۆژانە لە پەرلەمانی كوردستان پێشوازییەكی گەرم لە هونەرمەندی ناودار عەدنان كەریم كرا، لەبری ئەو خزمەتەی پێشكەشی كوردستانی دەكات، عەدنان كەریم خەریكە لە رێی كۆنسێرتەكانییەوە كۆمەك و هاوكاری لێقەوماوان و خاوەن پێداویستیی تایبەت دەكات.
مەزهەری خالقی لە حزوری سەرۆك بارزانی گوتی توانای خۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەخەمەگەڕ، زۆری نەبەرد پەلاماردرا، عەدنان كەریمیش لەبری هەڵوێستە جوانەكانی كە هەمیشە لەگەڵ ئێش و ئازاری گەلەكەیدایە، تەنیا لەبەرئەوەی لەپەرلەمانی كوردستان رێزی لێنرا، لێی كەوتنە تەقە چۆن چووی؟ نەتپرسی سەرۆكی پەرلەمان لەكوێیە؟ چۆن دەبێ بچیتە پەرلەمانێك ئێمەی لێنەبین؟ ئەو گرووپە كە بزووتنەوەی گۆڕان و ئەوانەی لەبازنەی ئەو بزووتنەوەیەدان، بە پێی تاكە پێوەرێك مامەڵە لەگەڵ هەمووكەسێك دەكات، تەنانەت ئەگەر ئەو كەسە لە ئاستی حزبەكانیش نەمابێ و ناووناوبانگێكی گەورەشی لە كۆمەڵگە پەیداكردبێت، پێوەرەكەش ئەوەیە لەگەڵم نەبی دوژمنی، بۆیە فتواكانی ئەو گرووپە كەس ناپارێزێت، دەنا چۆن دڵیان هات پەلاماری ئەو دوو هونەرمەندە بدەن، ئاخر گوێگرتن لە دەنگی بەسۆزی مەزهەری خالقی و عەدنان كەریم، لەو كەشە پڕ ژاوە ژاوەی ئەو حزبایەتییە تەسكبینە دروستی كردووە دوورمان دەخاتەوە، بۆیە پەلاماریان دەدەن، تا زووە پەشیمان ببنەوە دەنا ئاهی هەوادارانی ئەو دوو هونەرمەندە دەتانگرێ.
Top