هەنگاوەكان نزیكبوونەوە لە ئاواكردنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان

هەنگاوەكان نزیكبوونەوە لە ئاواكردنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان
میللەتی كورد گشت هەوراز و نشێو و ناخۆشییەكانی بە ئامانجی بەدیهێنانی مافەرەواكانی و لە نێویاندا گەیشتن بە ئاواتی بونیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان بڕییووە و تا دێت نزیك دەبێتەوە بۆ گەیشتن بە لووتكەی سەركەوتن . لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لەسەردەستی ئەمریکا بێ گومان بە هاوکاری و پاڵپشتی پێشمەرگە، خۆڕێبەری کورد لە هەرێمی کوردستان بەهێزتربوو، کە بەفەرمی دوای بڕیاری ٦٨٨ـی ئەنجوومەنی ئاسایش لە ٥ـی نیسانی ١٩٩١ وە ئەو حوکمڕانییە دەستیپێکردبوو، ناوەڕۆکەکەیشی دروستکردنی هەرێمێک بوو و ناونیشانەکەی " کارێکی مرۆڤانە بوو" لە ئەنجوومەنی ئاسایش، لەمێژووش ئەوە دەرکەوتووە زلهێزەکان بەردەوام بەرامبەر مافەکانی کورد خیانەتیان کردووە و رێگەی دەوڵەتی کوردیان نەداوە، لە رێککەوتنی سیڤەری ساڵی ١٩٢٠ باسی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی کرا،بەڵام رێککەوتنی لۆزان بەند و بڕگەکانی رێککەوتنی سیڤەری هەڵوەشاندەوە، ئەمەش خاکی کوردستانی بەسەر ئێران و عێراق و سووریا و تورکیا و یەکێتی سۆڤییەت دابەش کرد، لە ساڵی ١٩٢٤یش، بەریتانیا دانی بە مافی کورد بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ دانا،بێ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کرداری لەو بارەوە هەبێت.هەندێك پێیان وایە داوای ریفراندۆم دوای رەتكردنەوەی هەڵكردنی ئاڵا " هێشتا ئاڵای كوردستان لە كەركووك هەڵكراوە" شتێك نیە جگە لە راكردن لە كێشە نێوخۆییەكان لە هەرێمی كوردستاندا، لەوانەش ململانێكی پارتەكان و باڵەكان لەسەر نەوت و پارە و دەسەڵات، ئەوانەی پاڵپشتی ئەو بۆچوونە دەكەن دەڵێت جیابوونەوە پێش ئامادەكاری لەنێوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتی تەنیا بۆ راكێشانی سەرنجی شەقامە، لەگەڵ ئەوەش كورد لە ئەنجامێكی هاوشێوەی ٢٠٠٥ دەترسێت كە تێیدا لەسەدا سەد خەڵك دەنگی بە سەربەخۆیی دا، بێ ئەوەی پرۆسەكە ئەنجامێكی هەبێت .ئەوە روون و ئاشكرایە كە كورد زۆر پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە بەراورد بەوانەی پێشتر خەونی سەربەخۆییان هەبووە و زۆر لەوان پێشكەوتووترە، ئەوان كاروباری خۆیان بە حكومەتێكی هەڵبژێردراو بەڕێوەدەبەن و لە ئاستی نیودەوڵەتیش ئەو حكومەتە پێگە و رۆڵی سەربەخۆی هەیە، هێزی چەكداری خۆشیان هەیە "پێشمەرگە" كە رێگەی نەدا داعش پارێزگای كەركووكی دەوڵەمەند بە نەوت داگیر بكات كە شارێكە هەموو هەوڵەكانی پێشتری رەتكردووەتەوە و لەگەڵ گەڕانەوەدایە بۆ سەر كوردستان، كوردیش بێ كەركووك سەربەخۆیی ناوێت، چونكە دەزانێت دەبێت ئابوورییەكی بەهێزی هەبێت بۆ دەوڵەت، دەبێت پێش راپرسیش كەركووك بخاتەوە سەر هەرێمی كوردستان ودواتر بڕیاری سەربەخۆیی بدات و دڵنیا بێت لەو هەنگاوانەی، كورد بێ گومان چاوی لە پاڵپشتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكان، لەوەشدا هەلی سەرقاڵی عێراق بە شەڕی داعش و كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ و توركیاش بە رەوشی سووریا و شەڕی پەكەكە قۆستووەتەوە، لەگەڵ تێگەیستن بۆ دۆخی مرۆیی لە عێراق و داڵدەدانی ملیۆنان ئاوارە لەو هەرێمە، ئەمە وای كردووە رێز بۆ كورد لەلایەن سوننەكان و بەشێكی وڵاتانی ناوچەكە زیاتر بێت و پاڵپشتی كورد بكەن.

هەموو ئەوانەی لە رابردوو تا ئێستاش بە شان و باڵی عێراق هەڵدەدەن و خۆشیان بە كورد دەزانن تەنیا پرسیار لە خۆیان بكەن كە چ خێرو خۆشیمان جگە لە ماڵوێران و نەهامەتی لە دەسەڵاتدارانی بەغدا بە سوننە و شیعە و شاهانە و شیوعی بینی ؟!.. كامیان دانیان بوونی مافەرەواكانی كورد دا دانا .. دەوڵەتی دروستكراویی زڵهێزەكان كە ناوی عێراقە دا هەر لەدامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دا بێت، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو ڕوداو و کارەساتە جەرگ برانەی بەسەر نەتەوەکەمان دا هات هۆكارەكەی كورد بوون بوو نەوک شتی تر، چونكە بەدیدی ئەوان كورد نەتەوەیەكی نامۆ و غەریبەن و ناشبێت بە ئازادی بژین، لەئێستا دا دەبێت سیاسیەكان باش لەوە تێبگەن تا لەگەڵ عێراق بمێنینەوە، دەبێت چاوەرێی دوبارە بوونەوەی ئەو روداو و كارەسات و مەرگەساتانە بكەن كە لەرابردوو بەسەرنەتەوەكەمان دا هات، هەر بۆیە دەکرێت بڵێین باشترین ئۆپشن بۆ دەربازبوون و دوبارەنەبوونەوەی ئەو روداو و کارەساتانە یەك گوتاری سەرجەم پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەنجام دانی راپرسی و پاڵپشتی كردن لە بریارەكانی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، تاوەكو خوێنی شەهیدە سەربەرزەكان بەهەدەر نەچێت و رووحی پاكیان ئاسودەبێت. بۆیە شەرمەزارییە ئیتر لە چوار چێوەی عێراقدا بمێنینەوە و بانگی عێراچێتی بكەین و دژی سەربەخۆیی كوردستان بوەستینەوە ، ئێستا ئەو كاتەیە كە كوردایەتیی خۆمان بسڵمێنین بە یەكریزی و یەكدەنگی هەمووان بەرەو ریفراندۆم بۆ دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بێنین ..

هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی، بۆ رٍەتكردنەوەی ژێر دەستی و بەدەسهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستانە.گشت هەوڵەكانی سەرۆك مسعود بارزانی لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان خوێندنەوەیەكی واقیعییانەیە بۆ رەوشی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و خستنەڕووی چارەسەری گونجاوە بۆ پرسەكان، بەتایبەت پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەم هەوڵانەی سەرۆك بارزانی لەم كاتەدا گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی ئەمڕۆ سەردەم سەردەمی رزگاری و ئازادی نەتەوە چەوساوەكانە لە ژێردەستی و دكتاتۆرییەت. لە سەدەی رابردوودا هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو هەلی بۆ كۆمەڵێ نەتەوەی ژێردەست رەخساند كە ئازاد بن و سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن و ببنە خودان دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان، لەم سەدەیەشدا شۆڕش و راپەڕینەكانی گەلانی چەوساوە دژی زوڵم و نایەكسانی و دكتاتۆرییەت بەردەوامە، بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن دەتوانێت سوود لەم هەل و گۆڕانكارییانە وەربگرێت و، بە كارنامەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەردەمییانە بەرەو رزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەموو لایەك لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان پشتیوانی لە هەڵوێست و كار و هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی بكەین، بۆ ئەمەش دەتوانین ئەزموونی هەرێمی كوردستان بكەینە خاڵی وەرچەرخان رووەو هێنانەدی خەونی نەتەوەییمان كە سەربەخۆیی كوردستانە.
Top