شۆڕشی چاكسازی

شۆڕشی چاكسازی
چاكسازی پرۆسەیەكی بەردەوامە، گەلێك پێناسە و مانا لە خۆی هەڵدەگرێت، گرنگترینیان بریتییە لە گۆڕینی شێوازی ژیان لە دۆخێكی باش بۆ باشتر، یان لابردنی ئەو خاڵە لاواز و خراپانەی هەیە و دانانی شتی شیاو لە شوێنی، بە مانایەكی دیكە( دانانی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو) زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتووی دونیا، بەشێوەیەكی بەردەوام لە هەوڵیی نوێبوونەوە و چاكسازیدان، ئەورووپا لە سەدەكانی ناوەراستەوە، دەستی بە چاكسازی كرد و ئەم پڕۆسەیە تا هەنووكەیش هەر بەردەوامی هەیە، ئەگەر وڵاتان بەم جۆرە بن، ئەوە هەرێمی كوردستانیش بەدەر نییە لە دونیا، وەك هەر جێگایەكی دیكەی ئەم جیهانە، پێویستی بە چاكسازی هەیە. لە ماوەی ڕابردوودا، لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیی، بەڕێز جەنابی مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی گەورەترین حیزب، پڕۆژەیەكی‌ بۆ چاكسازی‌ پێشكەش كرد و ڕایگەیاند: " لەخۆمەوە دەست بە چاكسازی دەكەم " ئەم هەنگاوەی سەرۆك، دەستپێكێكی‌ باشە بۆ ئەوەی‌ پەنجە بخرێتە سەر برینەكان، هەقوایە بڕیارەكانی چاكسازی هەموو (سێكتەر، جومگە، كەس و لایەن) ێك بگرێتەوە، دەكرێت سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دونیا وەربگرین. كاتی ئەوە هاتووە پەنجە بخەینە سەر برینەكان، بۆ ئەمەیش پێویستمان بە نەخشەڕێگەیەكی چاكسازی هەیە كە بریتی بێت لە پڕۆژەیەكی چاكسازی ستراتیژی و تێیدا بە شێوەیەكی كرداری هەنگاوەكانی چاكسازی و بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵی تێدا دیاری بكرێت.
دەست بردن بۆ چاكسازی، هەنگاوێكی بوێرانەی جەنابی سەرۆك بوو، دەمێك بوو هاووڵاتیانی كوردستان چاوەڕوانیان دەكرد، متمانەیەكی بەهێزی بە هەرێمی كوردستان بەخشیەوە، دڵی تاك و كۆمەڵگەی كوردستانی خۆشكرد، جەماوەری كوردستان، چاوەڕوانی هەنگاوی زیاتر دەكەن، ئومێدەوارین ئەم هەنگاوە، سەرەتایەكی باش بێت بۆ چاكسازییەكی گشتی لە هەموو لەناو جوومگەكانی دەوڵەت، نابێت بیڕوراو سەرنجی هیچ كەسێك كاریگەری هەبێت بۆ خاوكردنەوەی ئەم پرۆسەیە، هیچ كەسێك، لە ئیرادەی گەل باڵاتر نییە، گەل دادپەروەری و چاكسازی دەوێت، چارەنووسمان بە سەركەوتنی چاكسازییەوە گرێ دراوە. بۆیە بە دەنگی بەرز دەڵێم: جەنابی سەرۆك، تەنیا تۆ دەتوانی شۆڕشی چاكسازی ئەنجام بدەیت، میللەتێك چاوەڕوانی تۆیە، هیچ ڕێگەیەكمان لەبەردەمدا نییە جگە لە بە ئەنجام گەیاندنی چاكسازی، دڵنیابە هەموومان پێكەوە پاڵپشتی لە جەنابتان و شۆڕشی چاكسازی دەكەین.
Top