کامیان غەدری لە کامیان کردووە؟
May 8, 2017
وتار و بیروڕا
راستە سلێمانی غدری لێکراوە و تا ئێستاش غەدری لێدەکرێ، بەڵام غەدرکارەکان غەدرێکی تر لە سلێمانی دەکەن بەوەى کە غەدرکاری راستەقینە لە سلێمانی و سلێمانیەکان دەشارنەوە، بۆ سەلماندنی ئەو راستییەش لە دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ پارتی بچوکترین دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی و ئیداری لە سلێمانی نەبووە تا بتوانێ غەدر لە سلێمانی بکات، لە بەرامبەردا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرانی ئێستای بزووتنەوەى گۆڕان بە درێژایی ئەو ماوەیە لە سلێمانی دەسەڵاتی رەهایان هەبووە، کەچی ئەوەی جێگای سەرنج و سەر سووڕمانە ئەو دەسەڵاتدارانەی سلێمانی کە دەسەڵاتی رەهایان بەسەر شارەکەدا هەبووە، بۆ ئەوەی غەدرکاری خۆیان لە رای گشتی و سلێمانی و سلێمانییەکان بشارنەوە، دێن فرمێسک بۆ سلێمانی و سلێمانیەکان دەڕیژن و دەڵێن: پارتی لە رووی پرۆژە و ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەوە گرنگی زۆر بە هەولێر و دهۆک داوە و سلێمانیشی پشتگوێ خستووە، ئەوە لە کاتێکدایە بە پێی ژمارە و داتاکان لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ساڵی ٢٠١٣و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، ٤٨% بودجەی سلێمانی رادەستی ئەو چاو بە فرمێسکانە کراوە کە بۆ سلێمانی دەگرین، لە کاتێکدا بودجەی هەولێر و دهۆک ٥٢% بووە.
دەسەڵاتدارانی سلێمانی بۆ شاردنەوە و پەردەپۆش کردنی ئەو غەدرەی لە سلێمانی و سلێمانیەکانیان کردووە، رووقایمانە ئیرەیی بە پێشکەوتنەکانی هەولێر و دهۆک دەبەن، لەوەش روو قایمتر وەک ئەوەی خۆیان لە سلێمانی میوان بووبن و کورد گوتەنی لە دانوان ئاویشیان بە دەست نەبووبێ باس لە مەغدووری سلێمانی دەکەن، ئەو رووقایمیەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی لە کاتێکدایە، وەک سەرەتا ئاماژەم بۆ کرد تا یەک حزب بوون لە سلێمانی دەسەڵاتی رەهایان هەبووە و لە حکومەتیش شەریک و برابەش بوون، ئەی بۆچی خزمەتی سلێمانیان نەکرد؟
دوای کەرتبوونی یەکێتی و درووست کردنی بزووتنەوەى گۆڕانیش، لەباتی ئەوەی خزمەت بە سلێمانی بکەن، سلێمانیان خستە ناو بەرداشی ململانێ سیاسیەکانیان، بەوەش ئەوەندەی تر غەدریان لە سلێمانی کرد، بۆیە پێویستە خەڵکی سلێمانی لە سەرانی یەکێتی و گۆڕان بپرسێ: ئێوە یە یەکێتی ناو یەکێتی چیتان بۆ سلێمانی کرد؟ ئەی بە کەرتکرنی یەکێتی ناو یەکێتی لەوە زیاتر کە شارەکەتان خستە ناو بەرداشی ململانێ سیاسیەکانتان و ئەوەندەی ترتان دواخست، چیتان بۆ سلێمانی کرد؟ ئەرێ بودجەی ئەو چەند ساڵەی سلێمانیتان چی لێکرد و چۆنتان خەرج کرد؟ ئەگەر دەڵێن: پارتی غەدری لە سلێمانی کردووە! ئەی ئێوە لە حکومەت شەریک نین! بۆ رێگە دەدەن غەدر لە سلێمانی بکرێ؟!
بەو بەڵگانە و زۆر بەڵگەی تریش ئەوە داسەڵاتدارانی سلێمانین کە غەدریان لە سلێمانی کردووە و لە باتی ئاوەدانی و پرۆژەی خزمەتگوزاری بودجە و داهاتی سلێمانییان تەخشان و پەخشان کردووە، لە بەرامبەردا سلێمانیەکانیش غەدریان لە پارتی کردووە و لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بەو بەرپرسانە دەدەنەوە کە بوونەتە هۆکاری خزمەت نەکردن و دواکەوتنی شارەکەیان.
کورد دەڵێ: تاقیکراوان تاقی مەکەنەوە، یان دەڵێ: ناکرێ مار لە کونێکەوە دووجار پێتەوە بدات، سلێمانیەکانیش چەندین جارە و لە چەندین هەڵبژاردندا هەر ئەو تاقیکراوانە تاقی دەکەنەوە کە لە خزمەت کرن و پێشخستنی سلێمانی راسیب بوون، بۆیە ئەگەر سلێمانیەکان دەیانەوێ شارەکەیان وەک هەولێر و دهۆک پێشبکەوێ با لە هەڵبژاردندا دەنگ بە پارتی بدەن و ئەویش تاقی بکەنەوە.