باری دەرونی میللەت لە پرۆسەی رزگارییدا

باری دەرونی میللەت لە پرۆسەی رزگارییدا
کودێتا کردن بە تەنیا بریتی نییە لە ئامادە بوونی ئەرتێش و ئالیاتی فیزیکی کودێتا، گرینگترین بەشی هەولی کودێتا بریتییە لە ئامادە کردنی باری دەرونی میللەت بۆ قەبوولی کودێتا ، ئەگەر لەوەدا سەرکەوتوو بووی بەشی زۆری کارەکە جێ بە جێ کراوە و شانسی سەرکەوتن دەستەبەر کراوە.
ئەم کارە بە رووخاندنی موقاومەتی درونی خەلک، بە رووخاندنی باوەری خەلک بەوەی کە هەیە و مۆجوودە، دەکرێ. ئەم کارە بە بلاو کردنەوەی دەنگ وباسی درۆ و ناراست ، بە تەشحیر و بە بلاو کردنەوەی دیس ئینفۆرماسیۆن، بە بلاو کردنەوەی خەبەر کە بەرەو شەر و نائارامی دەرۆین،ئەوەی کە قەت ناتوانین بە سەر گرفتەکاندا زاڵ بینەوە و گەورە کردنەوەی خیلافاتی نێو خۆ و بە بچووک کردنەوەی دەستکەوتەکان و لە کۆتاییدا بە رووخاندنی باوەری خەلک بە هێز و داهاتووی خۆێدا ئەنجام دەدرێت. بۆیە باری دەرونی خەلک و باوەری گشتی مەیدانێکی رەکەبەرایەتی لایەنگران و دژبەرانی میللەتە. ئەوەی لەم مەیدانەدا سەرکەوێ بەشی زۆری شەرەکەی بردووە.
ئەم سیاسەت و تاکتیکە ، هەر بەو ناوەرۆکەوە لە لایەن دوژمنان و ناحەزانی میللەتێک بە دەستی راستە وخۆ و ناراستەوخۆ، بە دەستی دەرەکی یان بە دەستی نێو خۆییەوە دەکرێ، لە پۆشێشی دۆست و لە پۆشێشی دۆستی رادیکالتر لە رادیکالەوە دەکرێ، ئەم هەول دانە بۆ رووخاندنی باری دەرونی میللەت هەموو کاتێک راستەو خۆ لە ژێر ئالای دوژمندا ناکرێت، بەلکو زۆر جاران لە ژێر ئالای زۆر زیادە لە رادە رادیکالی دۆستانەدا دەکرێت.
بەلام یەک شت بنەمای سەرکەوتنی ئەم ئەرکە شەیتانییەیە، ئەوەش بەردەوامییە، نابێ مەجالی هەناسە کێشان بداتە میللەت، بە شەو و نێوە شەو دەبێ دیس ئینفۆرماسێۆن بلاو کاتەوە ، ئەگەر درۆیەک جێی خۆی نەگرت درۆیەکی تر ، ئەگەر تاکتیکی سازکردنی خیلافێک سەری نەگرت هەولی ساز کردنی خیلافێکی تر بدات و هتد.
میللەتی زیندوو و رزگاریخواز و مرۆڤە بە ئاگا و تێکۆشەرەکانیان لەبەرانبەر ئەم شالاوی هێرشەدا کە حەتمەن رووبەروویان دەبنەوە سێ پرینسیپی سەرەکی پەیرەو دەکەن،
یەکەم، هەول دەدەن کار و تێکۆشان و قەلەمیان بە هیچ جۆرێک لە دژی میللەتی خۆیان وەرنەسورێت
دووهەم، هەول دەدەن یارمەتیدەری میللەتی خۆیان بن لە روون کردنەوە و ساغ کردنەوەی راست و درۆ لە یەکتر
سێهەم، بە هێز کردنی باری دەرونی میللەتی خۆیان و باوەربە هێزی خۆیان و بە داهاتوویان بە هێزتر بکەن ئەمەش سەرەرای گرفتەکانی سەر رێگای رزگاریی.
لە کۆتایی ئەم چەند دێرە دا دەتوانین بلەین با هەر کوردێک دەست لە سەر وجدانی خۆی دابنێت و لە خۆی بپرسێ چەندە پەیرەویی لەم پرینسیپانە دەکات؟ جا چ سیاسەتمەدار بێت، یان میدیاکار یان خاوەن هەر پێگەیەکی تری کۆمەلایەتی بێت.
لەم خالە دا کەمایەسیمان زۆرە ، بەرانبەرەکانشمان زۆرێن بۆیە بەرپرسییارییەتی گەورەمان دەکەوێتە سەر شان.
Top