کورد چیتر لە پەراوێزی گەمەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نین...
May 7, 2017
وتار و بیروڕا
نەك لە ئێستادا بەڵكو پێش رووخانی رژێمی سەدامیش ـ هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی روون و دیار و ئاشكرا بوو كە بە شێوەیەكی نیمچە سەربەخۆ ماوەی 26 ساڵە ، سەرٍەرای گشت ئاستەمەكان توانیویانە رووی بەرێوەبردن و شارستانی و پێكەوەژیانی خۆیان پیشانی دونیا بدەن .هەرێمی كوردستان سەقامگیرترین شوێنە لە عێراقدا كە پەیوەندی باشی دیپلۆماسی و سیاسی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەیە.بۆیە پێویستە بە پشتگیریكردن لە دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان هاوسەنگی هێز لە ناوچەكەدا لە وڵاتانی ئێران ، توركیا ، سووریا و عێراق دەپارێزێت،كورد هاوپەیمانی راستەقینەی ئەمەریكایە لە شەڕی دژ بە داعشدا.دابینكردنی چەك و تەقەمەنی و پاڵپشتی سەربازی ئەمەریكا بۆ كورد گرنگە. هیچ كام لە سەركردەكانی عێراق گوێیان لە خەم و نەهامەتییەكانی كورد نەگرتووە كە لە سەردەمی سەددام حوسێن سامان و موڵكی كوردیان داگیر كرد و كوردیان چەوساندەوە و دووچاری ئەنفال و زیندانی كردن و جۆرەها كارەساتی دیكە كرد.بۆیە كورد ناخوازێت ژیانی تاڵی رابردوو بچێشێتەوە ، بەڵكو وڵاتی سەربەخۆیی خۆی هەبێتهەر بۆیە ئێستا ئەو كاتەیە كە بە دەنگێكی بەرز و لە بەرچاویی هەموو وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بڵێن كە چیتر نامانهەوێت بێ دەوڵەتی سەربەخۆ بژین و دەبێت ئەو مافە زەوتكراوە و ئەو خاكە داگیركراوە بە شێوەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بۆ خاوەنە راستینەكەی بگەرێتەوە .
راستە دروستبوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد ، دەوڵەتداری ماوەیەكی كورت بوو ، بەڵام كورد توانی بە زڵهێزانی ئەوەسا و داگیركەران بڵێت كە كورد خاوەن خاك و نیشتیمانی تایبەتی خۆیەتی و ئەگەر بە چەك و پیلانگێرییەكانی رێگەمان بگرن رۆژێك دێت ئەو مافە دەگەرێتەوە .ئێستا دەبینن دوای ساڵانێكی زۆر و دوای چەساپندنی ئۆتۆنۆمی بە هۆی پێداگری شۆرشی مەزنی ئەیلوول و دواتریش راپەرین و فیدرالی كوردستان لە ماوەیەكی چەند ساڵێكدا ، ئێستا ئەو هەڵومەرجە هاتۆتە ئاراوە كە جارێكی تر كورد بتوانێت بەیەكجاری ئەو مافەرەوانەیە داوا بكاتەوە لە رێگەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان و بۆ یەكجاریی رزگاری بێت لە دەست داگیركەران . سەربەخۆیی كوردستان؛مافێكی رەوا و پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە، نەك پرسێكی حزبی، ئەو دەرفەتەی كەوا ئێستا بۆ گەلی كوردستان رەخساوە، هەلێكی مێژووییە و پێویستە سوودی لێوەربگرین و لەدەست خۆمانی نەدەین و، نەیكەینە قوربانیی بەرژەوەندییە حزبییەكان، لەم پێناوەدا پێویستە هەموو لایەكمان بەرژەوەندیی خۆمان لە بەرژەوەندیی گشتیدا ببینینەوە و، جلی تەنگی حزبایەتی فڕێ بدەین و جلی كوردایەتی بپۆشین.ئەگەر هەموو لایەكمان سوودمان لەو هەلە مێژووییەی ئێستا وەرگرت و بەیەكەوە كارمان بۆ سەربەخۆیی كوردستان كرد، ئەوا شانازییەكی مێژوویی بۆ گەلی كوردستان تۆمار دەكەین، ئەگەر ئەوەشمان نەكرد، ئەوا مێژوو بەزەیی بەكەسدا نایەتەوە، بۆیە پێویستە بە رۆحییەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی كار بكەین و گەلی كوردستان بگەیەنین بە كەنارێكی ئارام، ئەو كەنارە ئارامەش تەنیا سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە