لە گشتپرسیدا دەنگی ئەو دەنگدەرانە لەبیر مەکەن
May 7, 2017
وتار و بیروڕا
ئەوەی دەمەوێ لێرەدا ئاماژەی بۆ بکەم لەبیر نەکردنی دەنگی (بەڵێ)ی ئەو دەنگدەرانەیە کە بەر لە ئەنجامانی پرۆسەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان مەرگی خۆیان کردە بەڵێ، دەنگی (بەڵێ)ی ئەو دەنگدەرانە لە دەنگی هەموو دەنگدەران جیاوازن و دەنگی رەسەنی کوردایەتین، نازانن تەزویر چییە و کڕین و فرۆشتنیان پێوە ناکرێ و بە موزایەدەی سیاسیش فریو نادرێن، دوژمن ناسن و چەواشە ناکرێن، لە مێژووی مەرگەساتی نەوەییەەوە بۆ گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان دەڕوانن و گوێ لە هاتوهاوار و بەڵێنی درۆیینی حزبی ناگرن، رەنگە هەمووتان سەرتان لە دەنگی (بەڵێ)ی ئەو دەنگدەرانە سووڕمابێ و بپرسن: ئەو دەنگدەرانە کێن؟
ئەو دەنگدەرانە دەنگی (١٨٢٠٠٠) ئەنفال کراوی گۆڕ ون کراون، دەنگی (٨٠٠٠) بارزانی بێسەروشوێن کراون، دەنگی (٥٠٠٠) شەهیدی هەڵەبجەی خنکێنراون، دەنگی شەهیدانی قەڵادزێی ساڵی ١٩٧٤و شەهیدانی ساڵی ١٩٨٥ی ئۆردوگای زێوەی رۆژهەڵاتی کوردستانن، دەنگی لەیلا قاسم و هەموو ئەو شەهیدانەن کە بەدەم وتنی (ئەی رەقیب) چوونە ژێر پەتی سێدارە، دەنگی ئەو پێشمەگە و شۆڕشگێڕانەن کە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێستا، سەنگەرەکانی بەرگریان کردە سندووقی دەنگدان و (بەڵێ)ی بە خوێن سوورکراویان خستە ناوی.
ماوەتەوە بڵێم: ئەو حزب و لایەنانەی دژ بە سەربەخۆیی و ئیرادەی دەنگ و بڕیاری خەڵک وەستان و لە گشتپرسیدا بە نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەنگ دەدەن، دەبێ ئەو راستییە بزانن کە شمشێری نەخێریان لە (بەڵێ)ی ئەو دەنگدەرانە هەڵکێشاوە کە بەر لە گشتپرسی و لە باتی بەڵێ بە مەرگی خۆیان دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان داوە.