ناچار بووم وا بکەم

ناچار بووم وا بکەم
زۆر جاران کە لێدوانەکانی ئەحمەد میرەم دەبیست یان بابەتێکیم دەخوێندەوە، دەهاتمە سەر ئەو رایەی کە وەڵامی بدەمەوە و پێی بڵێم: ئەو جنێوفرۆشی و دەمشڕیە دەرخەری کەسایەتیتە و چەواشەکاریەکانیشت لە خزمەت دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان دان، بەڵام دوایی خۆم بە خۆمم دەگوت: چۆن دەکرێ قەڵەمەکەم دابەزێنم بۆ ئاستی (ئەحمەد میرە)یەکی دەمشڕی جنێوفرۆش و هەڵوێست گوماناوی، تا دوێنێ لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی (ئێن ئاڕتی) بە شێوەیەک دەدوا کە ناچاری کردم بۆ کاتێکی کەم قەڵەمەکەم دابەزێنم بۆ ئاستی نزمی ئەو پیاوە نزمە.

ئەحمەد میرەی بەناو مامۆستای زانکۆ و رۆژنامەنووس و میدیاکار لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵێ (ئێن ئاڕتی) دەیگوت: میدیا لە جیهاندا بۆی هەیە دەست بۆ هەموو شتێک بەرێ، وەک پێشتر گوتمان ئەحمەد میرە خۆی بە میدیاکار دەزانێ و سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی گۆڤارێکی بێ رکابەرە لە جنیوفرۆشی و تۆمەت هەڵبەستن و چەواشەکاری، جا کە دەڵێ: میدیا لە جیهاندا بۆی هەیە دەست بۆ هەموو شتێک بەرێ، مەبەستی رەوایی دانە بە جنێوفرۆشیەکانی خۆی و گۆڤارەکەی و رێگا خۆش کردنیشە بۆ دەمشڕی و جنێوفرۆشی زیاتر، ئەگەرنا لە کوێی جیهاندا بووە هەموو سنوورەکان لەبەردەم میدیا و میدیاکاراندا هەڵبگیرێن بە هاتنە ناو ژیانی تایبەتی خەڵکیشەوە؟! ئەی ئەوەی ئەحەد میرە داوای دەکات پێشێل کردنی ماف و بەهاکانی مرۆڤ نییە کە بەردەوام میرە و میرەکان موزایەدەی پێوە دەکەن و کردوویاننە پێخوستی مەرامە سیاسی و ئەرکە پێسپێردراوەکایان.
هەر لەو دیمانەدا میرە دەڵێ: پارتی دیموکراتی کوردستان لە زۆر قۆناغدا خیانەتی کردووە، ئەی ئەگەر ئەحمەد میرە فەرمانی پیاوە هەڵاتووەکە جێبەجێ ناکات؟! بۆ باسی خیانەتەکانی ئەو پیاوە هەڵاتووە ناکات، کە لە ساڵی ١٩٦٩ لە گۆڤاری رزگاری وەک ئێستای ئەحمەد میرە کە لە گۆڤاری لڤین سنووری پیرۆزیەکان دەبەزێنێ و جنێو بە مێژوو و ئێستا و داهاتوو دەدات، ئەویش جنێوی بە پێشمەرگە شۆڕش و هەڵگرانی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان دەدا، لە کاتێکدا گۆڤارەکەی نەوشیروان مستەفا بە ڕێنامی و لەژێر چاودێری موخابەراتی رژێمی بەعس دەردەچوو، ئەی کە گۆڤارەکەی میرە هەمان رێچکەی گۆڤارەکەی نەوشیروان مستەفای گرتووە، دەبێ بە رێنمایی و لەژێر چاودێری کام دەزگای موخابەراتی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان دەربچێ؟!
ئەحمەد میرە باس لە تیرۆر دەکات! ئەی بۆ باسی تیرۆر کردنی عومەر شەریف و عەبدولی سۆران و نوری حەمەعەلی و تیرۆر کردنی دەیان شۆڕشگێڕی تر ناکات کە بە فەرمانی راستەوخۆی نەوشیروان مستەفا تیرۆر کران؟! ئەی بۆ باسی تیرۆر کردنی کۆمۆنیستەکان ناکات کە لە سلێمانی و بەبەر چاوی سلێمانیەکانەوە تیرۆر کران؟! ئەی بۆ باسی تیرۆر کردنی ئەبوبەکر عەلی شاعیر ناکات؟ ئەوەی خرانە روو مشتێک بوون لە خەرواری کارە تیرۆریەکانی ئەو مامۆستایەی لە پشت ئەحمەد میرەیە, لە کۆتاییدا داوای لێبوردن لە قەلەمەکەم دەکەم کە ئاستیم دابەزاند بۆ ئاستی نزمی ئەحمەد میرە.
Top