لە ژێر رۆشنایی چاکسازییەکانی سەرۆکی ھەرێم پێویستە ھەموو ھەوڵەکانمان لە پێناو جێگیر بوونی پەروەردە بێت

لە ژێر رۆشنایی چاکسازییەکانی سەرۆکی ھەرێم پێویستە ھەموو ھەوڵەکانمان لە پێناو جێگیر بوونی پەروەردە بێت
فەیلەسوف و نووسەری بەناوبانگی سویسری جان جاک رۆسۆ دەلێ " ژمارەیەکی کەمم بدێ لە کەسانی شەریف و مەرد، ئینجا من سوپایەک لە دز و گەندەڵ و بەکرێ گیراوەکان بۆت تێک دەشکێنم"
دڵنیاین کەوا سوپای گەندەڵکار و بەکرێگیراوەکان بە کەسانی دڵسۆز ومەرد لە ناو دەبرێن، ھەروەکو چۆن جەنابی سەرۆک بڕیاری داوە لە دژی گەندەڵکاران بوەستێتەوە بێگومان لە رێگای لێژنەی چاکسازی سەرۆکایەتی ھەرێم چەندەھا دۆسیەی گەندەڵی لە بوارە جیاجیاکان بەگشتی ئەنجام گەیاندراوە و لێکۆلینەوەکان تەواو بوون و ڕەوانەی جێگای مەبەست کراون بۆ سزاگەیاندنی کەسانی نابەرپرس و بن بڕکردنی گەندەڵی بێگومان دوای دەستکەوتنی بەڵگەکان.
شک لەوەدانییە کارەکانی لێژنەی چاکسازی لەسەرجەم بوارەکاندا جێگای دەست خۆشییە و دەرئەنجامەکانیش بەدەرکەوتوون، بەڵام پرسی ھەرە گرنگ بە ژیان و پێگەیاندن و چارەنووسی تاک و کۆمەڵگا و ووڵات کە پەروەردەیە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی ھەموو لایەک ھەیەو ھەروەک دەزانین کە مرۆڤ درووستکەر و بنیات نەری شارستانیەتیەکانە لە ھەموو سەردەمێکدا ئەوا بە دڵنیایی پەروەردە شانازی درووستکردن و بیناتنانی ئەو مرۆڤەی پێ دەبرێ لە دێر زەمانەوە تا ئێستا واتە پەروەردە تاکە بینات نەری ھەموو کۆمەڵگا و ووڵاتێکە بە ھەموو ووردەکاریەکانیەوە.
بۆیە وەکو پێویستیەکی حەتمی بەردەوام ئەو دەزگا بینات نەرە پاک و بێگەرد و بێ خەوش و جێگای متمانەی ھاووڵاتیان بێت ھەردەم وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمان بێت، بۆیە زەروورە لێژنەی چاکسازی سەرۆکایەتی ھەرێم بە داوداچوون و لێکۆلینەوەی وورد لە کۆی بابەت و کەیسە زیندووەکانی پەورەردە بکات، سەرەتاش لە ئەزموونەکانی پۆڵی دوازدەی ئامادەیی و نۆیەمی بنەڕەتیەوە دەست پێ بکات، ھەموو ئەوکەسانەی کە بوونەتە ھۆکاری شێواندنی ئەزموونەکان و نەھێشتنی متمانە و سیقەی ھاووڵاتیان بە ئەزموونەکان بە سزای درووستی خۆیان بگەیەنێت.
پەروەردە وەکو پرۆسەیەکی ھەستیار و ناسک و پەیوەندیدار بە سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا پێویستە زۆر بە ھەستیاری و ھۆشیاری و سیقە بە خۆبوون و دڵسۆزانە ڕەفتاری لەگەڵ بکرێت، بێگومان ئەوەش پێویستی بە چاکسازی و لێکۆلینەوەی وورد ھەیە لە ئەزموونەکان سەرەتا وا بە باشی دەزانم لە ھەموومان لە ئێمە مەبەستم (بەرێزان وەزیر و ڕاوێژکارانی پەروەردەیی و بەرێوەبەرە گشتییەکان و بەرێوەبەرانی پەروەردە و سەرپەرشتیاران و بەرێوەبەری قوتابخانەکان و بەرێوەبەر و بەرپرسی بەش وھۆبەکان لە وەزارەت و بەرێوەبەرایەتیەکانی تر ).
لێکۆلینەوەی وورد بکرێ کامە لەوانەی باسم کرد منداڵەکانیان خوشک و برا و خزمی پلە یەک کە لە قۆناخی دوازدەی ئامادەیی یان نۆیەمی بنەڕەتی بووە نمرەی بەرزی ھێنایە لە (٩٠)نۆەھەت زیاتر لێکۆلینەوە بکرێ چۆن ئەو نمرانەی ھێناوە ئایا تەنیا لە تاقیکردنەوەی وەزاری ھێناوە یان پۆڵەکانی پێشووتریش نمرەکانی قۆناخی پێشووتریش سەیر بکرێت، لە تاقیکردنەوەی وەزاریش لە کام ھۆڵ تاقیکردنەوەی ئەنجام داوە کێ بەرێوەبەری ھۆڵ و یاریدەدەر بوو سەرپەرشتیاری ھۆڵ کێ بووە چاودێرەکان کامانەن ھەموو ئەوانە پێویستە بزانرێن لەسەر منداڵ و خزمی پلەیەکی ھەر یەکێک لەو بەرێزانەی باسم کرد ئەوکات ڕاستی و درووستی بابەتەکان دەرکەوێت.
جودا لەوانەش دەکرێ بزانرێ لێرە و لەوێ کێن ئەوانەی تێوەگلاون لە ئەزموونەکان چ لە ھۆڵەکانی تاقیکردنەوە یان ھەر ئەلەقەیەکی تری پەیوەندیدار بۆ دەستنیشان کردنی ئەوانەی پۆستەکانیان بە ھەلە بە کارھێناوە بۆ دەرچوواندنی خەڵکانێک کە خۆیان دەبوایە پارێزەری پرۆسەکە بن بێگومان ئەو لێکۆلینەوەانە پێگەی کەسە پاکەکان و پەروەردە بە گشتی تۆکمەتر دەکات و زیاتر پارێزراو تر دەبێت ، وە گرنگە ئەو چاکسازییەی سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت بۆ چەندەھا ساڵی ڕابردوو و ئێستاش بەردەوام بێت لە لێکۆلینەوەی ئەزموونەکان، چونکە کەسانێک پێشتر لە ئابڕووبردنی ئەزموونەکان بەشداربوونە چ لە شکاندنی پرسیارەکان یان دانانی بەرێوەبەری ھۆڵی دیاری کراو بەمەبەست لەو ھۆڵە یان بە ھەر رێگایەکی تر رێگای خۆش کردووە و چاوساغی بۆ خەڵکانی تر کردووە دوور لە ویژدانی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی و پیرۆزی پیشەکەی کە ھۆکاری سەرەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بوونە لە بەلارێ دا بردنی ئەزموونەمان و ھەبوونی لێژنەی لێکۆلینەوەی بزرکردنی دەرئەنجامەکانی تا ئێستاش لێرەو لەوێ رۆڵیان ھەیە لە ئەزموونەکان و دەستنیشان کردنی بەرێوەبەری ھۆڵەکان ھەردەم بوونەتە "کوندە بە بۆی سەر دیواری لەودە ڕووخاوەکان و کەلاوەدان" نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە قوتابی بەرپرسی یەکەم نییە لە گزی کردن و قۆپیە کردن ، چونکە لەو تەمەنە ناسکە گەر خەڵکانێک رێگای نیشان نەدەن و چاوساغی بۆ نەکەن و خێزانەکانیان ئاگاداریان بن بێگومان ئەو دیاردانە زۆر کەم دەبنەوە ، چونکە بەردەوام قوتابی زۆر ھەن شەو و رۆژ دەخوێنن خاوەن ئیرادە و بڕوای خۆیانن بە ھەوڵ و ماندوو بوونی خۆیان دەیانەوێ نمرەی بەرزبەدەست بھێنن.
ئەوەی گرنگە کە ھەموومان دەزانین پێویستە وەزارەتی پەروەردە ئەوپەری توند بێت لەگەڵ مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی ئەگەر ھاتوو تێوەگلابوون لەو گەندەڵیانە سزاکانی سەر ئەو کەسانە جێ بەجێ بکرێ و لە پەروەردە دوور بخرێنەوە ، چونکە وەکو نەخۆشی کوشندە وایە گەر چارە نەکرێ بە ھەموو جەستە پەرە دەستێنێ.
لە بیرمان نەچێت لەوانەیە پرۆگرامی خوێندن و شێوازی پرسیارەکان و خشتەی ئەزموونەکانیش تاڕادەیەک ھۆکاری ئەنجامدانی گزی بن، زەروورە سەنتەر و رێکخراوە پەروەردەییەکان ڕاپرسی ئەنجام بدەن لەسەر چۆنیەتی ئەزموونەکان لە پارێزگا و قەزا و گوندەکان بە دوای ھۆکار و چارەسەر بگەرێن بە گشتی ، چونکە پەروەردە پرسێکی زیندووی کۆمەڵگایە.
ھەر وەکو دەلێن ھەر کۆمەڵگایەک گەر یاسا و پەروەردەی جێگیر نەبوو ئەوا کۆمەڵگایەکی پەرتەوازە ، بەڵام یاساناسان دەلێن بەڵکو پەروەردە پێش یاسا، پێویستە ھەموو ھەوڵەکانمان لە پێناو جێگیربوونی پەروەردە بێت پەروەردەیەک لە پێناو پەروەردەکردنی تاکەکان بە گشتی نەک نمایس و فریودان و بڕوا پێ نەبوون، پەروەردە یانی ویژدان و ئەمانەت پارێزی و ووڵات بنیات نان و کۆمەڵگا پێ گەیاندن و ڕاستگۆیی تاکەکان.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top