مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ھاوبەشی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ڕیفراندۆم ئاماژەی بەوەدا "ئەوانەی کە ڕەخنەیان ھەیە، باش لە بابەتە تێنەگەیشتوون و بۆ وەرگرتنی ڕای خەڵکی خۆمان ڕیفراندۆم دەکەین و لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەین و دوور لە توندوتیژی ڕێگەی ئاشتی بۆ ئەم پرسە دەگرینەبەر". ھەر پەیوەست بە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، عەمار حەکیم، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە دوا لێدوانیدا دەڵێت: "ئەگەر دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەندرێت، تەنھا یەک دەوڵەت دانی پێدا دەنێت ئەویش ئیسرائیلە". گەلی کورد شەرعییەتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە بەڕێز حەکیم و ھیچ لایەنێکی دیکە وەرناگرێت، بەڵکو شەرعییەتی ئەو پرسە و (بڕیاردان لە دەوڵەتی کوردی) تەنیا لە خەڵک و جەماوەری کوردستان وەردەگرێت، ھاوکات دامەرزاندنی دەوڵەت، کارێکی ئاسان نییە، ھەنگاوی زۆر گەورەی دەوێت، بە تایبەتی ئەو ھەنگاوە پێویستی بە یەکڕیزی گەلەکەمان ھەیە، ھاوکات ئەو وڵاتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، نایانەوێت دان بە بوونی کورددا بنێن، بۆیە کوردیش دەبێ خۆی خۆی بسەپێنێت، ئەگینا نابێتە خاوەنی ھیچ. ئەوەی لە ماوەی بیستو شەش ساڵی ڕابردوودا، لە باشوور بەدی ھاتووە، کورد خۆی بەدەستیھێناوە، پێی نەبەخشراوە، ئێستا جەنابی سەرۆک بارزانی پاڵپشت بە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییە نیشتیمان پەروەرەکانی دیکە لە باشوور، داوای سەربەخۆیی و دوڵەتی کوردستان دەکەن، لەمبارەوە ھەنگاوی زۆری نراوە، ھەنگاوەکانی جەنابی سەرۆک، دەنگێکە لە جیھاندا دەزرنگێتەوە، سەرکردایەتی کورد زۆر وریایە، دەزانێت سەربەخۆیی ئەوەندە ئاسان نییە، بەتایبەت کە ئێران و تورکیا دەیانەوێت لە ترسی ھەستانەوەی کوردانی ئەو وڵاتانە، ئاستەنگ دەخەنە بەردەم پرۆسەکە، پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، کورد سەدان ساڵە خەونی پێوە دەبینێت، قوربانی زۆری لەپێناو داوە، ڕیفراندۆم واتای ڕاگەیاندنی ئارەزووی گەلی کورد بۆ خواستەکانی، ئەرکی ھەموو لایەکە ئەم پرسە بە ھی خۆی بزانێت و بە گەرمی کاری بۆ بکات، چونکە دەوڵەت پێناسەی ڕاستەقینەی کورد دەکات، جگە لە دەوڵەت ھیچ شتێکی دیکە ناتوانێت خەبات و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان وەسف بکات. دەوڵەت دەمانپارێزێت لە لەناوچوون، ئەوەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی داوای دەکات نەک تەنیا لە بەرژەوەندی کورد دایە، بەڵکو لە بەرژەوەندی ھەموو ناوچەکەدایە، ئەو ھەلەی کەوا ئێستا بۆ گەلی کوردستان ڕەخساوە ھەلێکی مێژووییە، پێویستە سوودی لێوەربگرین و لەدەست خۆمانی نەدەین، ھاوکات مافێکی ڕەوای گەلی کوردە و بە ھەر نرخێک بێت، دەبێت ھەر بێتەدی.