بێ دیفاكتۆ خاك لەدەست دەدەین

بێ دیفاكتۆ خاك لەدەست دەدەین
بەپێی ئەو ئەزموونەی لەگەڵ بەغدا هەیە، خەڵك و لایەنە سیاسییەكانیش، قەناعەتێكیان لا دروست بووە، بەرلەوەی بگەینە قۆناغی دوای داعش، خۆمان ئامادە بكەین، بەڵام ئەوەی روودەدات شتێكی دیكەیە، لایەنە سیاسییەكان دەربارەی ریفڕاندۆم، بەسەر سێ بەرەدا دابەشبوون، بەرەیەكیان داوا دەكات ریفڕاندۆم بكرێ، بەرەیەك دەیەوێ نەكرێ، رای دیكەش هەیە كە دەڵێ هێشتا بڕیاری كۆتاییمان نەداوە، ئەمە ئەو دیمەنە سیاسییەی سەروەختی بەرەو كۆتایی چوونی شەڕی داعشە، پێچەوانەی ویستی خەڵك و ئەو پەند و وانانەی لە رابردوو تا ئێستا كەڵەكە بوون.
ریفڕاندۆم مافی خەڵكە، بەڵام حزبەكان بە بەرژەوەندیی خۆیان بەستۆتەوە، بۆیە وەدەستهێنانی داوای خۆیان، بە بڕیاردان لەسەر ریفڕاندۆم گرێداوە (دەسكەوتی حزبی بە ریفڕاندۆم)، بزووتنەوەی گۆڕان لەبەرئەوەی سەرۆكی پەرلەمان پشكی ئەوان بووە، وەرگرتنەوەی پۆستەكەی بەلاوە گرنگترە، لەگەڵ هەندێ لایەن كار لەسەر ئەوە دەكەن، پەرلەمان نەبێ نابێ ریفڕاندۆم بكرێ، لێرەدا قسەی ئێمە ئەوە نییە پەرلەمان كارا نەكرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو بەرەیە پێیوابێ بە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، بەغدا نەرم دەبێ و دژی ریفڕاندۆم ناوەستێ، ئەوە هەڵەیەكی گەورەیە.
ئەوەی ریفڕاندۆم سەردەخا، دیفاكتۆیە نەك پەرلەمان، چونكە پەرلەمانی كوردستان بە پێی دەستووری عێڕاق، پەرلەمانی پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجەیە، نەك كەركووك و هەموو ئەو ناوچانەی بەخوێنی پێشمەرگە لە دەست داعش رزگاركراون، ئەگەر بڕیار تەنیا بڕیاری پەرلەمان بێ، ئەوا بەغدا رێگری یاسایی بۆ دروست دەكات، بەڵام بە دیفاكتۆ حاڵەتێكی دیكەیە، پێویستە ئەوەمان لەبیرنەچێت كە هەرێمی كوردستان، دیفاكتۆ بەسەر بەغدای سەپاند و وەكو خۆی دوای 2003 لە دەستووری عێڕاق هێڵدرایەوە، بەڵام لەڕێی پشتكردنە ماددەی 140 ی دەستوور، بەغدا خۆی لە یەكلاییكردنەوەی ئەو ناوچانەی دەستووری عێڕاق بە جێناكۆك ناساندوونی دزییەوە.
دوای ئەوەی هاوپەیمانان لە 1991 نەوایەكی ئارامیان لە كوردستان دامەزراند، حكوومەتی عێڕاق هێشتا لە شارە گەورەكانی كوردستان مابوو، بەڵام بەزەبری هێزی پێشمەرگە لەو شارانەش وەدەرنرا كە وەك راپەڕینی دووەم بوو، ئیدی كە لە 1992 یەكەم هەڵبژاردن كرا، بەڕیوەبردنی ئەو ناوچانە كەوتە دەستی حكومەتی هەرێمەوە و پەرلەمانی كوردستان بە هەرێمی كوردستان ناساندنی.
ئێستاش دیفاكتۆیەكی دی دروست بووە، بەپێی رێككەوتنی پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرپەرشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەو شوێنانەی تا 17/10/2016 رۆژی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ، پێشمەرگە رزگاریكردوون هەر بەدەستی پێشمەرگەوە دەمێننەوە، هەروەها سوپای عێراق بە رەزامەندیی هەولێر توانیی بەو ناوچانەدا پێشڕەوی بكات كە پێشمەرگە رزگاری كردبوون، رۆژی 28 ی ئاداری 2017 ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەنگی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە تەك ئاڵای عێڕاق دا، راستە 1 ی نیسانی 2017 پەرلەمانی عێراق بەبێ كورد دژی بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك وەستایەوە، بەڵام ئێستا ئاڵا لە كەركووك و ناوچەكانی دیكە بۆتە دیفاكتۆ.
بە دیفاكتۆ مافی پارێزگاریكردن و بڕیارمان لەو ناوچانەدا هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی لەو ناوچانەدا دەنگ بۆ پەرلەمانی كوردستان نەدراوە، ئێستاش بەغدا بەناوچەی سەر بە حكوومەتی عێڕاقیان دادەنێ، بۆ نموونە ئەگەر پەرلەمانی كوردستان بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای لە كەركووك دابا، ئەوا لە رووی دەستوورییەوە بەغدا دنیای وێكدەهێنایەوە، بەڵام بەپێی دەستوور ئەنجوومەنی پارێزگا دەزگایەكی شەرعییە.
بۆیە كاراكردنەوەی پەرلەمان گرنگە، بەڵام ئەگەر بۆ ئەوەبێ بڕیار بۆ ریفڕاندۆم لە ناوچە رزگاركراوەكان دەربكا، ئەوا هێندەی دیفاكتۆ هێزی نابێ، پێویستە لەو رووەوە خۆمان بخەینەوە پێش ساڵی 1992 كە چۆن بڕیارماندا پانتایی خاكی بەدیفاكتۆكراو بەر لە هەڵبژاردن زیاد بكەین، ئاواش هەموو لایەنەكان لەسەر ریفڕاندۆم رێكبكەون و پەرلەمانیش كارابكەنەوە، ئەگەر وانەبێ خاك لە دەست دەدەین.
Top