مێژووی پەیوەندیەکانی ئەمەریکا و کوردی باشوور

مێژووی پەیوەندیەکانی ئەمەریکا و کوردی باشوور
جەنگی جیھانی یەکەم:
مێژووی پەیوەندیەکانی ئەمەریکا لەگەڵ کورد دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆکی ئەمەریکی (وودرۆو ویلسون). لە ٨ی کانونی یەکەم ١٩١٨ بۆ یەکەم جار حکومەتی ئەمەریکی پشتگیری کوردی کرد لە کۆبونەوەیەکی ھاوبەشی کۆنگرێس، و لە بەیاننامەیەکی ١٤ خاڵیدا ئاماژەی بە مافی رزگارکردنی میللەتی کورد و ئەرمەنی کرد لەژێر دەستی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی بەو پاساوەی کە دەوڵەت دروستبکرێت بۆ نەتەوە بێدەوڵەتەکان. ھەرچە ندە ئەم بەیاننامەیە بە خۆشحاڵیەوە وەرگیرا لە لایەن دیبلۆماتکارانەوە کە ئامادەبون لە کۆنفرانسی ئاشتی پاریس لە فەرەنسا، بەڵام ھاوپەیمانەکان ھیچ بایەخێکیان بەم پشتگیریە نەدا لەبەرئەوەی ئەمەریکا رۆڵێکی گرنگی نەبوو لەناوچەکەدا و لە پێناوی ئاشتی ناوچەکە دەوڵەتە زلھێزەکان بە ئەمەریکاشەوە پێیاباشتر بوو کە تورکیا رازی بکەن و مەسەلەی کورد بچوککرایەوە بۆ مەسەلەیەک کە لە دواییدا بریاری لەسەر بدرێت لەلایەن دەوڵەتە نوێیەکانی ناوچەکە نەک بریاری دەوڵەتە زلھێزەکان.

داکوتانی دەسەڵات لە دەوڵەتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست پابەندن بە پشتگیری دەرەکی و ئەوەش بە زۆری بەستراوە بەو ململانێیەی کە لە ناوچەکەدا سەریھەڵدابوو بەھۆی جەنگی سارد و دابەشبوونی ئایدیۆلۆژی و ئۆردوگاکانی راست و چەپ.
سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا ھەمیشە خولیای ململانیە ئیقلیمیەکان و مەترسیەکانیان بووە، وە ھەروەھا ھەمووکاتێک توانیویەتی دەوڵەتەکانی ناوچەکە لاوازبکات لە رێی مەسەلەی کوردەوە و ئەمەش زیاتر نەھامەتی بۆ کورد دروست کردوە. ھەمیشە ئەمەریکا جەختی کردۆتەوە لەسەر سەقامگیری ناوچەکە لەسەر حیسابی مەسەلەی کورد. بە شێوەیەکی گشتی ئەم ھۆکارانە بوو بە ھۆی تەھمیشکردنی کورد.
ئەوەی راستە شەش ھۆکاری سەرەکی ھەن بۆ دەستنیشانکردی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمەریکا و کورد:
١- پەیوەندیەکانی ئەمەریکا بە دەوڵەتەکانی ناوچەکەوە
٢- پەیوەندیەکانی کورد لەگەڵ ئەو حکومەتانەی کە لە ناو دەوڵەتەکانیاندا دەژین
٣- توانای دەوڵەتەکانی ناوچەکە
٤- گۆڕانکاریە ناوخۆییەکانی ئەمەریکا
٥- گۆڕانکاریە ناوخۆییەکانی لە رۆژھەڵاتی ناوەراست
٦- یەکگرتویی کورد لە ناو ئەو وڵاتانەی تیایدا دەژین و کارکردنیان پێکەوە وەکو یەک ھێزی بەتوانا و یەک دەنگ.

جەنگی جیھانی دووەم:
لەدوای جەنگی جیھانی دووەم رۆڵی ئەمەریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەراست گەورەتر بوو، بەڵام بەپێی مێژوونوسان ئەمەریکا ھیچ قورسیەکی نەدا بە مەسەلەی کورد. بویە لە ١٩٤٦دا ئەمەریکا پشتگیری حکومەتی ئێرانی کرد لە سەرکوتکردنی شۆرشی قازی محەمەد لەبەرئەوەی کۆماری مەھاباد ھاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتدا ھەبوو. ئەمە سەرەتای جەنگی سارد بوو لە نێوان ئەمەریکا و سۆڤیەت ولەکاتێکدا کە ئەمەریکا بیروباوەری شیوعیەتی بە مەترسی دادەنا لەسەر بەرژەوەندیەکانی خۆی. ئەم ھەنگاوەش بۆ ئەمەریکا بە دژایەتی دادەنرا چونکە کۆماری مەھاباد بە بەرھەمێکی سۆڤیەتی ئەژمار دەکرا.

سیاسەتە لاوازەکانی ئەمەریکا بەرامبەر بە کورد لە سەدەی بیستەم دا

بە پێی ووتەکانی د. مەحمود عوسمان "موستەفا بارزانی باوەری وابوو کە ماف و ئامانجەکانی گەلی کورد نایەنەدی ئەگەر یەکێک یان ھەردوو دەوڵەتە زلھێزەکانی وەکو ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت ئەوکات پشتگیری نەکەن. کاتێک کە لە سۆڤیەت دەژیا گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە مەسەلەی کورد لە ئەجیندای روسەکاندا نییە، لەبەرئەوە کە ھاتەوە بۆ عێراق لە ٥ تشرینی یەکەم ١٩٥٨دا ھەوڵەکانی خۆی خستەگەر بۆ دەستپێکی پەیوەندیەکی باش لەگەڵ ئەمەریکا." وە لەو کاتەدا کە بارزانی پەیوەندی دەکرد بە حکومەتی ئەمەریکیەوە. ئەمەریکا مەسەلەی کوردی ئیعتیبار دەکرد بە مەسەلەیەکی ناوخۆیی و نەیدەویست خۆی تێوەبگلێنێت بەڵام ئەو راستیەی دەیزانی کە دەتوانێت کورد بەکاربھێنێت بۆ لاوازکردنی حکومەتە ناوەندەکانی ناوچەکە لەھەرکاتیکدا.
لە ١٩٦٥دا بارزانی دوو نوسراوی بۆ سەفیری ئەمەریکی لە تاران نارد، کە تیایاندا داخوازی ھاریکاری ئەوانی کردبوو لە کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق. یەکەم ھاریکاری ئەمەریکا بۆ کورد ١٤ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی بوو کە لە ئابی ١٩٦٩دا لە پاش نامەیەکی مەلا مستەفای بارزانی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ولیام روجرز لە ٢٢ی نیسانی ١٩٦٩دا ناردیان، ھۆکاری ئەم ھاریکاریە ھاندانی پەیوەندی کورد و شای ئێران بوو لەگەڵ پابەند بوونی ئەمەریکا بۆ ھاریکاری کوردی عێراق لە روخاندنی حکومەتی عێراق بە مرجیک ھاریکاری سۆڤیەت رەتکەنەوەی.
ئەوەی شایانی باسە شۆرشەکانی کوردی عێراق رێکخستنێکی بەھێزتریان بەخۆوە دەبینی بە بەراورد لەگەڵ شۆرشی پارچەکانی تری کوردستان، وە نزیکبونەوەی حکومەتی بەعسی عێراق لە یەکێتی سۆڤیەت ئیشارەت بوو بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی سۆڤیەت لە عێراق بە ناوچە کوردیەکانیشیەوە. ئەمانە دڵەڕاوکێیان بۆ ئەمەریکا دروستکردو ھەر ئەم دڵەڕاوکێیە بوو کە دەرگایەکی نوێی بۆ مەسەلەی کورد کردەوە و بوو بەھۆی پەیوەندیکردنی سەرەتایی ئەمەریکا بە کوردەوە لە ساڵی ١٩٦٩ و بەتەنھاش لەگەڵ کوردی عێراق بەدەر لە پارچەکانی دیکەی کوردستان. بەڵام ئەو ھاریکاریانە و پەیوەیوەندیەکانش ساردیان بەخۆیانەوە بینی پاش بەیاننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠.

بەیاننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ ئیعلانکردنی حوکمی زاتی بوو بۆ کورد لە چوارچێوەی عێراق و رێکەوتنی حکومەتی عێراق لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان. مەکتبی سیاسی پارتی دیموکرات لەوکاتەدا قەناعەتیان بە بارزانی کرد کە واژوو بکات لەسەر ئەم رێکەوتنە سەرپای نارەزایی بارزانی و بێ متمانەیی بە حکومەتی عێراق کە بنەماکەی دەگەڕایەوە بۆ تەجروبەکانی لە ١٩٦٣ەوە. ئەم بێمتمانەییەی بارزانی بە حکومەتی بەعس سەلمێندرا لەکاتێک ھەوڵی کوشتنی خۆیان دا لە ٢٩ی ئەیلولی ١٩٧١و ھەروەھا ھەوڵی کوشتنی ئیدریس بارزانیش لە ٦ی کانونی یەکەمی ١٩٧٠دا. ئەمانە ھەمویان پاڵنەری زیاتر بوون بۆ کوردی عێراق لە دەسپێکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا لەبەرئەوەی حکومەتی عێراق لە نییەتیدا نەبوو پابەند بێت بەو رێکەوتنە بەڵکو تەنھا کاتی دەویست بۆ کۆکردنەوەی ھێز و رێکخستنی ماڵی خۆی.

لە ئاداری ١٩٧٢ نوێنەری موستەفا بارزانی (زەید ڕحمد عوسمان) نامەیەکی زمانی بارزانی گەیاندە حکومەتی ئەمەریکا کەتیایدا داوای کۆبونەوەی دەکرد لەگەڵ ئەمەریکیەکان لە رێگای عێمت کەتانیەوە کە لەوکاتەدا یاریدەدەری ئەمینی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بوو، ئەویش نامەکەی گەیاندە جۆرج بوش (باوک) کە لەوکاتەدا نوێنەری ئەمەریکا بو لە نەتەوەیەکگرتوەکان.
لە ٢٨ی ئاداری ١٩٧٢ جۆرج بوش نامەکەی ھاوپێچی نامەی خۆی کرد بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاو تیایدا نوسیبوو "راوێژکاری بارزانی زەید عوسمان داوی کۆبونەوە دەکات لەگەڵ وەزیر کێسنجەر و من لەرێگای عێمت کەتانیەوە، کەتانی ئەم کارە بەنھێنی دەکات وەکو کوردێک و پەیوەندیەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد نەک وەکو نوێنەرێکی نەتەوە یەکگرتوەکان." ھەروەھا لەتێبینیەکەشیدا نوسیبوی "عێمت کەتانی کەسایەتیەکی خۆشەویستە لە نەتەوەیەگرتوەکان و گومان نیە کە ئەو زەید عوسمان وەکو نوێنەری بارزانی پەسەند ئەکات. وەئێمە لەسەر رێنماییەکانی وەزارتی دەرەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەکەین. تکایە وەڵاممان بدەنەوە کە کۆبونەوە بکەین لەگەڵ نوێنەری بارزانی یان نا؟"
لە ٢٩ی ئاداری ١٩٧٢ وەزارەتی دەروەی ئەمەریکا وەڵامی دایەوە: "ئەمە جەختکردنەوەیە لەسەر پەیوندیە تەلەفۆنیەکەی ئەمرۆ بۆ کۆبونەوەی باڵیۆز جۆرج بوش لەگەڵ زەید عوسمان نوێنەری سەرۆکی کورد موستەفا بارزانی. وەزارەتی دەرەوە ھیچ رێگرییەکی نیە تەئکید دەکەینەوە (نا) کە باڵیۆز بوش نوێنەری سەرۆک بارزانی ببینێت، و ئێمەش لە واشنتۆن ھەمان سیاسەت بەکار دەھێنین. ئێمە جەخت لەسەر سیاسەتێکی دوورو درێژ دەکەین بۆکوبونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی کورد بە شێوەیەکی نھێنی و گوێبگرین لە ووتەکانیان."

لە ٣ی نیسانی ١٩٧٢ کۆبونەوە لە نێوان تی جەی سکۆتز و زەید عوسمان کرا لە واشنتۆن لە ئوتێل ھای ڕدمز لەسەر داوای زەید عوسمان بوو، تیایدا ئاماژەی بەم خاڵانەی کرد:
"١. پاش دوا سەردانی ێدام حسین بۆ مۆسکۆ نفوزی روسیا لە ناو عێراق زیادیکردوە.
٢. روسەکان فشاریان خستۆتە سەر بارزانی و شیوعیەکان و بەعسیەکان کە حکومەتێکی نیشتیمانی دروستبکەن بۆ جەختکردنەوە لەسەر نفوزی روسیا لە عێراق.
٣. بارزانی ئەوەی رەتکردۆتەوە کە ببێت بە بەشێک لەم بەرە نیشتیمانیەدا چونکە دەترسێت کە حزبی بەعس حزبەکەی لەناوبەرێت (پارتی دیموکراسی کوردستان).
٤. بارزانی داوای یارمەتی ئابوری و سەربازی ئەکات بو ئەوەی بتوانێت حوکومەتێک لە مەنفا دروست بکات لە کوردو عەرب، لە ناوچە کوردیەکان بۆ ئەوەی ئامادەبێت حوکم بگرێتە دەست کاتێک حکومەتی ێدام نەما.
٥. یارمەتیەکانی ئەمەریکا بۆ بارزانی ئەتوانرێت راستەوخۆ یان لە رێگای لایەنی سێھەمەوە بێت وەکو مەلیک حوسێن."

لە ٩ی نیسانی١٩٧٢دا، حکومەتی عێراق رێکەوتنێکی تەواوی واژوو کرد لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکاتە و کۆمپانیای نەوتی عێراق خۆماڵی(تاَمیم) کرد لە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٢دا. ئەمە دەخوێنرایەوە بە مەترسی لەسەر ئێران وە ھەروەھا لەسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاش چونکە سۆڤیەتی بە ھێزتر دەکرد لە ناوچەکەدا، ئەمە وای لە شای ئێران کرد کە بۆ بەرژەوەندی خۆی فشار بخاتە سەر حکومەتی ئەمەریکی بۆ دایەلۆگ زیاتر لەگەڵ کوردەکانی عێراق.
ئەوەی شایانی باسە ئێران ھەردەم بانگەشەی خاوەندارێتی دورگەکانی ابو موسا و گنبی گەورەو بچوک دەکرد و چاوی خستبوە سەر سەرچاوە نەوتیەکانی کەنداوی عەرەبی، وە دەشیویست سەروری لەسەر نیوەی شگ العرب بکات لەسەرو ئەمانەشەوە پەیوەندی عێراق و سۆڤیەت و روانگەی شای ئێران بۆ رژێمی عێراقی نوێ (کە ناوی نا بوو بە "رژێمێکی شێت") دوو ھۆکاری زیاتر بون بۆ مەترسی لەسەر بەرژەوەندیەکانی خۆی و بەھێز کردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمەریکا. لە تموزی ١٩٧٢دا یەکەم وەفدی کوردی لە ئیدریس بارزانی و د. مەحمود عوسمان پێکھاتبوو بە نھێنی کۆبونەوەیان لەگەڵ سی ئای ئەی کردو لە ئەمەریکا، ئەمە بوو بە سەرەتای پەیوەندی رەسمی کوردی عێراق لەگەڵ ئەمەریکا بەلام بە نھینی مایەوە. وە لە ئابی ١٩٧٢دا ئەمەریکا ھاوکاری کوردی عێراقی کرد بە چەک و دارایی تا بڕی ١٦ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی و ئەم ھاوکاریە بەردەوام بوو تا رێکەوتنی جەزائیر ٦ی ئاداری ١٩٧٥. (لێرەدا کورد بەکارھێنرا وەک کارتێکی فشار لەسەر حکومەتی عێراق بۆ بەدیھێنانی ئامانج و داواکاریەکانی شای ئێران و ئەو ھاوکاریەی ئەمەریکاش بۆ کوردی باشور لە کاردانەوەی سیاسەتی دەرەوەی خۆی بوو، لەو روانگەوە کە ناوچەکە بپارێزێت لە دەستەڵاتی سۆڤیەت و کۆنترۆڵکردنی تەماعەکانی شای ئێران و سەددام حسین لە نەوتی کەنداو، نەک پێخۆشحاڵی بە ھاوکاری کورد.)

ئەم ھەنگاوەی ئەمەریکا بوو بە ھۆی سزادانێکی توند بۆ نەتەوەی کورد لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەکو لای خوارەوە:
١- وونبونی ١٨٢ھەزار کورد لە ھەڵمەتی ئەنفالدا.
٢- بەکارھێنانی گازی کیمیاوی لە ھەڵەبجەو کوشتنی ٥ ھەزار منداڵ، ئافرەت و پیری کورد و بریندار بوونی زیاتر لە ١٠ھەزاری تر.
٣- کوژران و وونبونی ٨ ھەزار بارزانی.
٤- کوژران و وونبونی زیاتر لە ١٢ھەزار کوردی فەیلی.
٥- ٤٥٠٠ گوندیان وێرانکرد وەدانیشتوانەکەی راگوێزرانەوە بۆ ناو موجەمەعاتی دروستکراو لە نزیک شارەکان.

لە ١٩٧٥ تا ١٩٩١ ھیچ پەیوەندییەکی رەسمی نەبووە لەنێوان ئەمەریکا و کورد، کورد بە تەنھا بەرەنگاری چارەنوسی خۆی بوەوە لە ناوچەکەدا
لەپاش شکستھێنانی سیاسی شۆرشی کوردی لە ٦ی ئاداری ١٩٧٥دا، ئەمەریکا مامەڵەی لەگەڵ کوردا بە حاڵەتێکی تایبەت دانا لە چوارچێوەی سیاسەتە ئیقلیمییەکانی خۆی کە دایرشتبوو بۆ ئەو لایەنانەی حکومی نین بەڵام چالاکن. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (ھینری کیسینجەر) لە راگەیاندنێکیدا سارێژی برینی میللەتی کوردی کرد بەو ووتەیەی "کاری نھێنی نابێت تێکەڵ بکرێت بە کاری تەبشیری" . ....

رۆڵی کورد لە عێراقدا یەکلاکەرەوەبوو بۆ بەرژەوەندیە سیاسیە دەرەکیەکانی ئەمەریکا و شای ئێران لە حەفتاکان و کاریگەریەکی سەرەکی ھەبوو لەسەر روداوەکانی شەری ئێران- عێراق.
رێکەوتنی جەزائیر چەرخێکی نوێی ھێنایە پێش لە بزوتنەوەی کوردی باشوری کوردستان کە کۆمەڵێک حیزبی عیلمانی و ئیسلامی تری بەدوای خۆیدا دروست بوون.
لە پاش روخاندنی شای ئێران لە ١٦ی کانونی دوەم ١٩٧٩ و دروست بوونی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێران، کوردەکان لەبەر ململانێ ناوخۆیەکانیان نەیانتوانی کار بکەن لەسەر پەیوەندیەکانی خۆیان لەگەڵ ئەمەریکاو ووڵاتانی تر. وە دابەشبونی کوردی باشور بەسەر ئێران و عێراق لەگەڵ شەری ئێران- عێراق بۆ ئەمەریکا جێی بایەخ بوو بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی لەو ناوچەیەدا. بۆ ھەشت ساڵ ئەمەریکا یاریدەدەری سەرەکی ھەردوو ووڵات بوو، لەبەرئەوە چاوی خۆی پۆشی لەسەر تاوانەکانی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە کورد بەکارەساتەکانی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجەشەوە.

پشتگوێخستنی ئەمەریکا بۆ کورد لە دەرئەنجامی پابەندبونی ھەڵبژاردەکانی بۆ حکومەتە ئیقلیمیەکان گەیشتە لوتکە لە ماوەی جەنگی ئێران – عێراق (١٩٨٠- ١٩٨٨). وە لەو ماوەیەدا پەیوەندیەکی بازرگانی بەھێزی دروستکردبوو لەگەڵ حکومەتی عێراق و بری ھەناردەی نەوتی عێراق رۆژانە دەگەیشتە ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە ساڵەکانی ١٩٨٨بۆ ١٩٩١.

لە جەنگی کەنداوی یەکەم لە شباتی ١٩٩١ ئەمەریکا داوای لە کورد و شیعەی عێراق کرد کە ھەڵسن بەرووی حکومەتی عێراق و ئەوانیش کردیان. بەڵام زوربەی سیاستمەدارەکانی واشنگتۆن دەیانگوت ئەو داواکاریە لەو روانگەیەوە نەبووە کە ئەمەریکا سیاسەتی خۆی گۆریبێت بەرامبەر بە کورد بەڵکو بۆ لاوازکردنی حکومەتی عێراق بووە.
بەڵام لەپاش راپەرین و سەرکەوتنی ھێزەکانی ئەمەریکا، کورد و شیعە لاوەنران و ئەمەریکا رێکەوت لەگەڵ سەددام. بەڵام پاش رەوە مێژوویەکەی گەلی کورد، وە لەژێر فشاری جیھانی و بڕیاری ٦٨٨ی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ٨ی نیسانی ١٩٩١دا، ئەمەریکا ھەڵبژاردەی لەپێشدا نەما تەنھا پارێزگاری کردن نەبێت لە کورد. ئەمەریکا لەوکاتەشدا سیاسەتی خۆی نەگۆری بەڵام ئەو پارێزگاریکردنەی ئەمەریکاو ھاوپەیمانەکانی بوو بەھۆی دروستبوونی پەرلەمان و حکومەتی کوردی کە ئەمرۆ ناودەبرێت بە ھەرێمی کوردستان. بەمە گورانکاریەکی گرنگ دروستبوو لە سیاسەتی ئەمەریکا لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ کورد.

شەری ناوخۆی کوردی باشوور لە حوزەیرانی ١٩٩٤دا ھیچ بایەخێکی گرنکی پێنەدرا لەلایەن ئەمەریکاوە ھەرچندە ئەمەریکا بەشداری کرد لە بەشیک لە کوبونەکانی پارتی ویەکیتی دا . بەڵام کاتێک کە رۆڵی ئێران بەھێز بوو لە ناوچەکە و لیژنەی پشکنینی چەکی بەکۆمەڵ کوژی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان لە لایەن سەددامەوە رەتکرایەوە لە سەردانی دامەزراوە ھەستیارەکانی عێراق بکات، لە حوزیرانی ١٩٩٧ دا ئەمەریکا رێگای دا بەکردنەوەی نوێنەرایەتی حوکومەتی ھەرێم لە واشنتۆن، ئەمەش پەیوەندیەکانی ئەمەریکای گەیاندە ئاستێکی باڵا و رەسمی لەگەل حوکومەتی ھەرێم. لە ئەیلولی ١٩٩٨ ئەمەریکا کوردەکانی کۆکردەوە، بارزانی و تاڵەبانی رێکەوتنی واشنتۆنیان واژوو کرد بەرەزامەندی ئەمەریکا و لەژێر چاودێری وەزیری دەرەوە مادلێن ئۆڵبراید (ئەمەش دادەنرێت بە یەکەم بەلگەنامەی کورد کە واژووی ئەمەریکی لەسەر بێت)، ھەروەھا واژوکردنی بیل کلینتۆن لەسەر یاسای ئازاد کردنی عێراق لە ٣١ تشرینی یەکەم ١٩٩٨ ڕاگەیەنراوێکی ڕاشکاوانە بوو لە لایەن ئەمەریکاوە کە کورد یەکەم ھاوپەیمانە کە دەوڵەت نەبێت بەڵام ھاوسەنگیەک لە ناوچەکەدا دروست بکات، وە پاشان ئەمەریکا ٩٧ ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بو یارمەتیدانی موعارەزەی عێراقی بۆ روخاندنی ێدام.
لە ٣٠ی تشرینی یەکەم ١٩٩٩ موعارەزەی عێراقی بەفرمی کۆبوەوە لە ژێر چاودێری ئەمەریکا لە نیۆیۆرک بە نوێنەرایەتی جەلال تالەبانی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سامی عبد الرحمان لە پارتی دیموکراتی کوردستان وە ھەندێک کەسایەتی تری کورد و ئیتر ئەم کۆبونەوەیە بوو بە بناغەیەک بۆ روخاندنی حکومەتی سەددام.

لە ٢٠٠٣دا ئاستێکی نوێی دیبلۆماسی لە نێوان کورد و ئەمەریکا ھاتە کایەوە وکورد ھاریکاری ئەمەریکای کرد بۆ لەناوبردنی حکومەتی سەددام. لە ١٢ی تەموزی ٢٠٠٣ مەجلسی حوکم لە عێراقدا دروست کرا لە ٢٥ کەسایەتی عێراقی کە ٦ کەسیان کورد بون، لەو ٢٥ە ١٢ کەسایەتیان ھەڵبژارد بۆ ئەوەی حکومی عێراق بکەن بۆ یەک ساڵ یەکی یەک مانگ و بە ریزبەندی ئەلفابێتی ناوەکانیان حوکم بکەن، جەلال تالەبانی لە ١ بۆ ٣٠ تشرینی یەکەم و مەسعود بارزانی ١ بۆ ٣٠ی نیسانی ٢٠٠٣ . لە ٦ی نیسانی ٢٠٠٥ ئەمەریکا رەزامەندی نیشاندا بۆ دانانی جەلال تالەبانی وەکو یەکەم کورد لە مێژوی عێراق کە ببێت بە سەرۆک کۆماری عێراق و بۆ یەکەم جار بە فەرمی بەخێرھاتن لە شاندی کوردی بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی کرا لە کۆشکی سپی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥. وە پاش ئەوەش جەلال تالەبانی چەند جارێکی ترسەردانی فەرمی کردوە بۆ ئەمەریکا وەکو سەرۆک کومَاری عێراق.

پاش ئەوەی ئۆباما لە ٢٠٠٨ دا بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا، بایەخێکی زیاتر درا بە بەغدا. کورد و سوننە پشتگوێخران لەسەر حیسابی شیعە و رۆڵی ئێران لە عێراق تا دەھات زیادی کرد، بەڵام لەھەمان کاتدا ئاستی دبلوماسی لەگەل کوردستان بەرزبوەوە بە کردنەوە کۆنسۆلیەتی ئەمەریکا لە ھەولێر لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠١٠، بەڵام ئۆباما تا کۆتایی حوکمکردنی ھەر پێداگری لەسەر یەکگرتووی عێراق دەکردەوە سەرپای بیرورای بەشێکی سیاسەتمەداران لە ئەمەریکا کە دژی ئەو ھەڵوێستەی ئۆباما بوون. ھەرچەندە شەری دژ بە داعش لە ٢٠١٤ەدا جارێکی تر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاو کوردی نزیکتر کردەوە و ئەمجارەش پەیوەندیەکان لەسەر ئاستی (سەربازی، سیاسی و ئابوری) و رێکدەخران و کورد بوو بە یاریزانێکی سەرەکی لە شەڕی دژ بەداعش بەڵام سیاسەتی ئۆباما ھەر مەیلی بەرەو حکومەتی ناوەند بوو، تەنانەت ئەو بریارەش کە لە کۆمیتەی چەک لە کۆنگرێسی ئەمریکی دەرچوو بۆ ھاریکاری راستەوخۆی کورد و سوننە بێ گەرانەوە بۆ حکومەتی ناوەند کاری پێنەکرد تا کۆتایی کاتەکەی لە سەرۆکایەتیدا بەڵام ئەمانە بۆچونێکی نوێیان ھێنایە کایەوە لەلایەن سیاسەتمەدارە ئەمەریکیەکان سەبارەت بە مەسەلەی کورد و پاشەرۆژی عێراق.

بە پێی پەیمانەکانی دوناڵد ترەمپ (سەرۆکی نوێی ئەمەریکا) لە ووتارەکانی بانگێشە و بیروبۆچونەکانی لە چاوپێکەوتنە میدیاییەکانیدا، وا چاوەڕوان دەکرێت کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەودا لاپەرەیەکی نوێ لە پەیوەندیەکانی ئەمەریکاو کورد ھەڵبدرێتەوە و پەیوەندیەکان بەھێز و رێچکەیەکی پۆزەتیڤانە بگرن بەتایبەتی لەو لایەنەوە کە پەیوەستن بە شەری دژ بە داعش. وە بریاری وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە ١٩ی نیسان٢٠١٧ بۆ فرۆشتنی چەک بە پێشمەرگە وەکو سوپایەکی سەربازی لە ناو دەزگای بەرگری عێراقدا گرنگیەکی خۆی ھەیە لە مێژوی کورد و ئەمە یەکەم بڕیاری فەرمی وەزارەتێکی ئەمەریکایە کە تایبەت بێت بە کورد.

ئەوەی رون و ئاشکرایە ئەمەریکا ھێزێکی سەرەکیە لە جیھاندا و پشتگیری ئەو گەلێک گرنگە بۆ بەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، بەڵام خاڵە ھەستیارەکە ئەوەیە کە چۆن و لە کوێدا بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاو کورد یەکدەگرن تا کورد ئەو ئامانجانە بەدیبھێنێت کە سەدان ساڵە خەونیان پێوە دەبینێت. ئەوەی لۆجیکە کورد دەستەڵاتی بەسەر سیاسەت و کاروکاردانەوەی ئەمەریکادا نییە بەڵام دەستەڵاتی بەسەر سیاسەت و کار و کاردانەوەی خۆیدا ھەیە. وە راستە کە جیوگرافیای نیشتیمانی کورد ھۆکارێکی نەگەتیڤی بووە بەھۆی ھەوڵی دەستەڵات و دەستێوەردانی نەتەوە و ووڵاتانی دەوروپشت بەڵام بەشێکی شکستەکان گەلی کورد دەگەرێتەوە بۆ کەمتەرخەمی خۆی لەروی نەبونی یەکریزی نەتەوەیی و وانە وەرنەگرتن لە پێشوو و شینەکردنەوەی زانستی بۆ شکستەکان، ئەمانە ھەمویان نیشانەی لاوازی و ناتەبایی و بێمتمانەییە بەخۆ . راستە بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانی گەلی کورد نابێت مساومەی لەسەر بکرێت بەڵام گەیاندنی ئەو مەسیجە بۆ ووڵاتانی جیھان (بە تایبەتی بۆ ووڵاتێکی زلھێزی وەکو ئەمەریکا) و تێگەیاندنیان لە ماف و بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد دەبێت بە پلانێکی ئیستراجی نیشتیمانیەوە بکرێن، وە نەبونی لۆبیەکی کوردی بەھێزو یەکگرتوو لە دەروەی وڵات بەھۆی ململانیە حزبیەکانەوە ھۆکاربون بۆ نەخستنی فشار لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پشتگیرینەکردنیان لە دۆزی کورد لە پێناو دروستبونی دەوڵەتی کوردی لە باشوری کوردستان.

ئەوەی پێویستە لەسەر کورد کە کار لەسەر ئەم لایەنانەی لای خوارەوەدا بکات و باش شیانبکاتەوە و ھەڵیانسەنگێنێت پێش ھەر ھەنگاوێک لە پەیوەندیە نێودەوڵتەکانی بەتایبەتی لەگەڵ ئەمەریکادا:

١- لایەنی سیاسی: کورد دەبێت ببێت بە یاریزانێکی دبلوماسی گرنک و پشتگیری لە سیاسەتی ئەمەریکا بکات بۆ سەقامگیری لە دیموکراسیەت وئاشتی ناوچەکە.
٢- لایەنی ئابوری: کورد دەبێت بەرژەوەندیە سیاسیە ئابوریەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بپارێزێت و لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکیەکان کاربکات بۆ گەشەپێدان بە ژێرخانی ئابوری کوردستان.
٣- لایەنی سەربازی: کورد دەبێت ھاوکاربێت (نەک ھەر لە شەری دژ بە داعش) بەڵکو ببێتە فاکتەرێکی سەرەکی و گرنگ لە سەقامگیری ناوچەکە.
٤- لایەنی مرۆڤایەتی: رێزلێنان و پابەندبون بە بر??
Top