كوردیش هاوشێوەی گەلانی جیهان لە پێناو سەربەخۆیی قوربانیان بەخشیووە
May 1, 2017
وتار و بیروڕا
رووداو وپێشهاتەكانی ئێستا ئەنجامی گۆرانكارییەكانی ناوچەكە و كۆتایی هاتنی فەرمانرەوایی داگیركەران و نەخشە شوومەكانیان بوو دەرحەق میللەتی كورد كە بەدرێژایی سه ده ی رابردوو مافەكانمان زەوتكرا بوون. پرسی سەربەخۆیی كوردستان وبەدەوڵەتبوونی كوردستانیان بە خەونی شاعیرانە دەزانیی.رووداوەكانی رابردوو سلێمانی و شەنگال و بەكانتۆنكردنی چەند ناوچەیەكی تری كوردستان لەلایەن پەكەكە و هەندێكی هێزی تر ئامانج و مەرامێكی روون و ئاشكرا بوو بۆ دروستكردنی كۆسپ و تەگەرە لە بەردەم بەجێگەیاندنی ئامانجە باڵاكەی نەتەوە، كە بریتییە لە تەگەرە خستنە سەر رێی پرۆژەی سەربەخۆیی، كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان پێیوایە دەرمانی بنەڕەتە بۆ پەتای هاوبەشایەتییەكی هاوسەنگ و مافی شادی بۆ خەڵكیش دەستەبەر دەكات. نا بۆ دەستوەردان لە كاروباری كوردستان، نا بۆ شێواندنی پرسی سەرەكی و بنەڕەتیمان، پاراستنی كوردستان و دەزگاكانی ئەم وڵاتە، ئەو ئامانجەیە كە دەبێ هەمووان هەوڵی بۆ بدەن. سەربەخۆیی تەنیا دروشم نییە، بەڵكوو ئەو ئامانجە دوورەیە كە هەر هێزێكی تیكۆشەری سیاسی گەڵاڵەی دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوە، ئەو دروشمێكی راگوزەر نییە، بەڵكوو بە دەنگەوەهاتنی خواستی قۆناغەكەیە، ئەمەش واتای ئەوەیە كە ئەو پەرەسەندنە تەندروستەی لە كوردستانی عێراقدا بەدی هات، پێویستی نەك هەر بە پاراستنی ئەو دەستكەوتەیە، بەڵكوو پێویستە پەل بهاوێت بۆ ئەوەی كرۆكی خواست بگرێتەوە، سەركردەكانی كوردستانیش ئەو خواستەیان بە دەستەواژەی دووبارە داڕشتنەوەی هاوبەشایەتی بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێین ..
لە دوای 2005 میللەتی كورد وسەركردایەتی سیاسی كوردستان گشت هەوڵەكانی خستەگەر بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی دیموكراتی و فرەیی و دەستووری لە عێراق ، بەڵام نەك رژێمی ئێستای بەغدا كە فەرمانەكانی لە ئێران وەردەگرت ، دانی پێنەنا بەڵكو بووە هۆی نەهامەتی بۆ گەلانی عێراق و زیندووكردنەوەی دیكتاتۆرییەكی تر و روحییەتی تاكرەویی خۆسەپاندن لە رێگە بەكارهێنانی چەكی مووچە و بودجە و دەیان پیلانیی سەربازی و سیاسی و پەراوێزكردنی كورد.لەگەڵ هەموو ئەو رووداوانە دا كورد دانی بە خۆی داگرت تا ساڵی 2014 و هێرشی تیرۆریستانی داعش و شكستی سوپا زەبەلاحەكەی بەغدا و دروستبوونی مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ، ئەمەش وایكرد كە سەركردایەتی سیاسی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان ، بەرگری لە خاكی كوردستان و ئەزموونەكەی بكات و لە هەمانكاتیشدا كەركووك و گشت ناوچەكە كوردستانیەكان لە هەرەشەی تیرۆریستان بپارێزن . ئەوا بوو كورد توانی كەركووك و ناوچەكانی تر بە یەكجاری بگەرێنێتەوە و دواتر ئاڵایی كوردستان لەسەریان بەرزبكاتەوە وئەمەش كۆتایی بەو نكۆلی كردنی كوردستانی بوونی ئەو ناوچانە هێناو دوژمنانی كوردستان بێ هیوا كرد و رێگەكانی بەردەم سەربەخۆیی فراوانتركرد و پێوستە میللەتی كورد خۆی بۆ قۆناغێكی نوێ و پێشهاتەكان ئامادە بكات ..