بەغدا.. لە پایتەختێكی گەندەڵ و بێ هێزەوە بۆ دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان

بەغدا.. لە پایتەختێكی گەندەڵ و بێ هێزەوە بۆ دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان
بەغدا لە پایتەختی شارستانییەت و زانست و رۆشنبیری و پایتەختداری لە سەردەمانی خەلافەتی عەباسی لە سەدەكانی پێشوو تا ئێستای كە پایتەختی كاولكاریی و گەندەڵییە و رۆژ لە دوای رۆژ لە رووی پێكەوەژیانەوە شكستخواردووتر دەبێت، وای لێهاتووە بە خوێندنەوەی وڵاتانی جیهان دەوڵەتێك نەماوە بە ناوی عێراق و پایتەختێك نەماوە بە ناوی بەغداوە هەتا وەك وڵاتێكی متمانەپێكراو مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، جگە لە ناوێكی سەر نەخشەی جیهانی و سنوورێكی پڕ لە كێشەو ئاڵۆزی و شەڕی تائیفی و مەزهەبی و دەستبردن بۆ مافی نەتەوەیەكی گەورە كە نەتەوەی كوردە و بە زۆر و بەبێ ویستی خۆی ئەم نەتەوەیە پاش دابەشبوونی باشووری كوردستانی پێوە لكێندراوە.
ئەمڕۆ بەغدا سەرەڕای قوڵبوونەوەی كێشەكانی خۆی و سەختی برینەكانی دەیەوێت دژایەتی و رێگری لە ریفراندۆم بكات كە پلیكانەی سەركەوتنە بەرەو سەربەخۆیی و هێنانەدی ویست و ئارەزووی هەموو تاكێكی دڵسۆزی كوردستان و درود و سەبورییە بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان.
دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا دەسەڵاتێكی شۆڤینی و مەزهەبگەرایە و بواری پێكەوە ژیانی لەگەڵ كورد نەهێشتۆتەوە، ئەگەریش بیەوێت رێگر و ئاستەنگ بێت بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەوا هەر لە سەرەتاوە شكست دەهێنێت.
بەغدا دەسەڵاتی دەوڵەتداری نەماوە، لەبەر تووشبونی بە شێرپەنجەی گەندەڵیی نێوخۆیی و نەخوێندنەوەی لایەنەكانی ناوخۆی خۆیان و گوێنەدان و گوێنەگرتن بۆ یەكتر و زاڵبوونی فكری توندڕەوی و تائیفی و یەكتر بچووك كردنەوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهانیش دەنگی نابیسترێت. ئەمانە هەموویان گەورەترین خاڵی لاوازی دەوڵەتدارین، كەواتە دەوڵەتی ئەوها لاواز چۆن دەتوانێت رێگر بێت لە بەردەم خواستی نەتەوەیی كورد كە هیچ كات بەشێك نەبووە لە نەتەوەی عەرەب و هەرگیز پاشكۆبوونی عەرەبی قبووڵ نەكردووە.
مێژووی نەتەوەی كورد سەرەڕای هەموو نەهامەتییەكانی، مێژووییەكی پڕشنگدار و پڕ لە سەروەری و دەستكەوت و شانازییە و نەتەوەی كورد لە پێناوی پاراستنی خاكی كوردستان و رزگاری لە بندەستی، سەدان هەزار قوربانی داوە.
بەپێچەوانەی عێراق كە لە شەڕی مەزهەبی و توندڕۆیی و یەكترسڕینەوە غەرق بووە، باشووری كوردستان بە وڵاتی ئاشتی و پێكەوەژیان و رێزگرتن لە ئایین و ئایینزاكان و داڵدەدانی لێقەوماوانی شەڕ ناسراوەو لە ئاستی جیهانیدا حیسابی بۆ دەكرێت.
ئەی ئێمەی كورد چۆن قبوڵ بكەین لەگەڵ نەتەوەیەكدا بژین كە خۆیان یەكتریان ناوێت و مەزهەبیان كردووەتە چەكێكی كوشندە و لە دژی یەكتری بەكاری دەهێنن؟
بەغدا بە هەموو رێكارە یاساییەكان چیتر ناتوانێت رێگری لە سەربەخۆیی كوردستان بكات، ئەوەی دەمێنێتەوە كە بیەوێت پەنای بۆ بەرێت، بە بۆچوونی خۆیان رێكارە نایاساییەكانە، ئەوانیش بە دروستكردنی هێزێكی وەك حەشدی شەعبی و كردنی بە هێزێكی شەڕانگێز كە بیەوێت بیكاتە سەنگەرێك بۆ دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان و دواخستنی كورد لەو مافە رەوایە، بەڵام لەمەشدا ناگاتە ئامانج، چونكە بەغدا دەزانێت سەنگەری دژ بە كوردستان و پێشمەرگە واتە سەنگەری مەرگ و دۆڕانی مسۆگەر، ئیرادەی پێشمەرگەش ئیرادەی گەیشتنە بە ئامانجی سەربەخۆیی كە بارزانیی نەمر ئەمانەتداری ئاڵای سەربەخۆیی كوردستان بووە، ئێستاش سەرۆك مسعود بارزانی ئەركی سەرشانی بەرامبەر بەو ئەمانەتە بۆ نەتەوەكەی جێبەجێ دەكات.
لە راستیدا هیچ ئایندەیەكی گەش چاوەڕێی كوردستان ناكات، ئەگەر لەمە زیاتر لەگەڵ بەغدا بمێنێتەوە، چونكە بەغدا رۆژ لە دوای رۆژ لە نوقمبوون و خنكاندایە لە زەریای سیاسەتی چەوت و ململانێی توندی مەزهەبیدا، دەوڵەتدارانی بەغدا جگە لە پیلانگێڕان لە دژی سوننە، بە دزی و تاڵانی سامانی گشتی سەرقاڵن و لە دەیان كەیسی گەورەی گەندەڵی تێوەگلاون، ئەمانە بەغدایان گەیاندۆتە ئەم رۆژە كە وڵاتانی جیهان ناتوانن متمانە بە بەغدا بكەن. بەغدایەك كە لە سەدەكانی پێشوو بە ناوەندی رۆشنبیری و شارستانیەت دادەنرا، ئەو بەغدایەی كە بە پایتەختی رۆشنبیریی وڵاتانی عەرەبی ناوزنددەكرا، بە هۆی دەسەڵاتە فاشیست و گەندەڵەكانی یەك لە دوای یەكی ئێستا پایتەختی یەكێك لە دە وڵاتانی گەندەڵ و دواكەوتووی جیهانە، بۆیە گەلی كورد نایەوێت لەگەڵ ئەو دواكەوتوویی و بێ سەروبەرییەدا بمێنێتەوە.
كوردستانی سەربەخۆ زۆر نزیكە و ئایندەیەكی پڕشنگدار چاوەڕێی كوردستان دەكات و دەبێـت هەموو تاكێكی كوردستان هەست بە بەرپرسیارێتی بكات لە ئاستی خزمەتكردنی پڕۆسەی ریفراندۆم و بە دڵسۆزی دەنگدان بە (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان) سەروەرییەكی دیكەی مێژوویی بۆ خۆمان و نەوەكانی دواڕۆژمان تۆمار بكەین. بۆیە هەموو تاكێكی كورد و هەموو هاونیشتمانییەك دەبێت هاندەری كوردستانییەكان بن بۆ بە دەنگەوە چوونی ئەم پرسە پیرۆزە و یەكلاكردنەوەی سەربەخۆیی كوردستان و زۆر جێگای بایەخ و شانازییە بۆ ئایندەی هەر تاكێكی كوردستان كە بەپێی توانا و دەسەڵاتی خۆی خزمەتێكی گەورە، یان بچووك بە پرسی سەربەخۆیی كوردستان بكات، چونكە دەیكاتە مێژوویەكی جوان كە دەتوانێت سەربڵندانە لە داهاتوودا بۆ نەوەكانی خۆی باسی بكات. زۆربەی وڵاتانی جیهانیش كەم تا زۆر بەم رۆژەی ئێمەدا تێپەڕیون، ئەو كات گەیشتوون بەو ئاستەی كە شانازی بە دەوڵەتەكانیانەوە بكەن، هەموو تاكێكی ئەو وڵاتانەش بێ گوێدان بە هیچ بەربەست و دیوارێك پاڵپشتی دەسەڵاتی خۆماڵی بۆ راگەیاندن و سەرخستنی پرسی سەربەخۆییەكەیان بوون، ئێمەی كوردیش هیچمان كەمتر نییە لە هەموو تاكەكانی وڵاتانی دیكە و بگرە زۆر زۆر لەوان دڵسۆزتر بووین بۆ خاكەكەمان، بەڵام دەبێت هێزی كۆڵنەدانمان لە بەرامبەر نەیاران و هاوردەكارانی ئیرهابی فكری بەردەوام بێت و بەسەر ململانێی ناڕەوای ناوخۆییدا زاڵ بین و هەموو پێكەوە كار بۆ جاڕدانی سەربەخۆیی كوردستان بكەین و بەو هەنگاوە رۆحی پاك و گەورەی قوربانییان و شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان شاد بكەین. بەمەش لە بەرامبەر مێژووی ئێستا و داهاتوودا سەرفراز دەبین و دەوڵەتەكەشمان لە گەشەسەنددا دەبێت.

Top