چۆن بتوانین ووشیاری ژینگەیی لەگەڵ گرنگی پەروەردەیی بەیەکەوە ببەستینەوە

چۆن بتوانین ووشیاری ژینگەیی لەگەڵ گرنگی پەروەردەیی بەیەکەوە ببەستینەوە
زانای بەناوبانگی ئەڵمانی (ئەنشتاین)دەلێ" بە قوولی سەیری سرووشت بکە ، دواتر تێ دەگەی کە ھەموو شتێک باشترە"
واتە سرووشت سەرچاوەی باشترینەکانی ھەموو شتێکە بۆیە ئەرکە کەوا سرووشت بەپاک و خاوێنی بپارێزین، نەھێلین پیس ببێ ھەردەم سەرچاوەی باشترینەکان کە سروشتە کە لێیەوە باشترەکان جوانتر دەبینین پاک و خاوێن بێت، درووست کردنی ووشیاری پاک و خاوێنی و ژینگەیی سەرەتا لەخێزان و قوتابخانە دەست پێ دەکات.
بێگومان قوتابخانە ئەو دەزگایە پەروەردەیی و فێرکارییە کە لێیەوە پەروەردەی ڕەفتاری جوان دەبینین، ڕەفتار و کردەوە باشەکان لە قوتابخانەوە فێری دەبین و درووست دەبن کە لەم شوێنە نەوەی ئایندە گەشە دەکات و پێ دەگات ، نەوەیەک متوربە کراو بە ئادکارە جوان و سەرەنج ڕاکێشەکان بارگاوی کراو بە گوفتار و ڕەفتار و کرداری باش و بەنرخ کە ھەمووی بە قازانجی ژینگە و دەوروبەر و کۆمەڵگاکەمان دەشکێتەوە ، کە قوتابخانە ھاوشانی خێزان بەرھەمی خۆی دەبەخشێ بۆ درووستکردنی نەوەیەکی ئاراستەکراو پێگەیوو بە ھەموو لایەنە باش و بە سوودەکان.
بۆیە زۆر پێویستە لە قوتابخانە زیاتر و زیاتر جەخت لە سەر ووشیارکردنەوەی زیاتری قوتابی بکرێ بۆ پاڕاستنی ژینگەیەکی جوان و دڵڕفێن لە قوتابخانەوە قوتابی فێر دەکرێ گۆڵ نەژاکێنێ و نەیپچڕێنێ و دارو درەخت لە ناو قوتابخانە و لە دەرەوەی قوتابخانەش نەبڕێتەوە بەڵکو خزمەتی بکات ، دەوروبەریشی خۆی پۆڵەکەی قوتابخانەکەی ماڵەکەی کۆڵانەکەی گەڕەکەکەی پیس نەکات و شت فڕێ نەدات، قوتابخانەیە پێمان دەلێ ئەو خاکە خاکی تۆیە وەکو بیلبیلەی چاوت بیپارێزە چۆن ماڵەکەت پاک و خاوێن دەھێلێتەوە بەھەمان شێوە قوتابخانە و گەڕەک و گوندەکە و شارەکەت خاوێن بھێلەوە.
قوتابخانە کە سەرچاوەی پێگەیاندن و تێ گەیاندنی تاکەکانی کۆمەڵگایە وە دەزگایەکی پەروەردەییە پێویستە لە قوتابخانەکانمان رۆژانە و ھەفتانە گرنگی بە بابەتی ژینگەیی پەروەردەیی بدرێت کە تێیدا ووشیاری ژینگەیی دەبەخشێتە قوتابی ، ئاشکرایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری ژینگەی مرۆڤی لە ساڵی (١٩٧٢) لە شاری ستۆکھۆلمی پایتەختی سوێد کۆنگرەی ژینگەیی پەروەردەیی بەسترا کە تێیدا چۆن بتوانین ووشیاری ژینگەیی لەگەڵ گرنگی پەروەردەیی بەیەکەوە ببەستنەوە، کە ھەوڵدرا گەشەپێدانی زیاتر بە پەروەردە بدرێ لە ڕووی ژینگەیی پەروەردەیی بۆ ووشیارکردنەوەی زیاتری تاکەکان ، وە لە چەندەھا ووڵات بابەتی ژینگەیی خرایە ناو پرۆگڕامەکانی خوێندن و لە قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن بە قوتابیان ئاشنا کرایە کە لە ھەریەک لە ووڵاتانی سریلانکا و ئەمریکا و چەندەھا ووڵاتی تر دەخوێندرێ بە بەردەوامی ھەر بۆ نموونە لە ووڵاتی مالیزیا بابەتی نوێ بە ناوی "ئادەمیزاد و ژینگە" لە پۆڵەکانی (٤،٥،٦)ی سەرەتایی دەخوێندرێ و وە لە قۆناخەکانی تریش چەند بەشێک بۆ پەروەردەیی ژینگەیی تەرخان کرایە قوتابیان بە بابەتە ژینگەییەکان ئاشنا دەکرێن.
وە لە ھەرێمی کوردستان رۆژی ١٦/٤ی ھەموو سالێک بە رۆژی ژینگەی کوردستان ناساندراوە کە لە ١٦/٤/١٩٨٧رژێمی لە ناوچوو گوندی شێخ وەسانان و بالیسانی کیمیا باران کردو کە دووژمنانی کورد ھەردەم ھەوڵیانداوە سرووشت و جوانی ژینگەی کوردستان لە ناو ببەن، وە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (٢٠٠٨) یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەیی کوردستانی دەرکرد و بەفەرمی رۆژی ١٦/٤رۆژی ژینگەی کوردستانە ، ئێمە ھەموو سالێک لە بەرواری ١٦/٤بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەبەردەوامی لە پاڕاستنی ژینگەی کوردستان داین بە چەندەھا رێگای جۆراوجۆر و لە ھەوڵی زیاتری ووشیارکردنەوەی ئەو پرسە داین لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگا کە ئەوخاکەی کوردستان لێیەوە دەژین بە پاکی بیپارێزین و ژینگە پارێزبین نشتیمان پارێزبین ئەو خاکەی ئەو نشتیمانەی کە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بە خوێنی خۆیان بەرگرییان لێ کرد پاڕاستیان ئێمەش بە دەستەکانمان پیسی نەکەین و بە پاکی بیپارێزین ، چونکە ھەر مرۆڤە ژینگە پیس دەکات ھەر مرۆڤیشە بە پاکی دەیپارێزێ ھەموومان لەسەر ئەو خاکە لەگەڵ ئەو خاکە بەیەکەوە ھەناسە دەدەین دەبێ لە ھەناسەکانمان زیاتر بیپارێزین، ماوە ئەوە بلێین کە وەزارەتی پەروەردە گرنگی زیاتر بەو پرسە بدات و لە پرۆگرامەکان بە ووردی وبە ڕوونی باسی چۆنیەتی پەروەردەیی ژینگەیی بکرێت وەکو بابەتێکی سەرەکی تایبەت بە ووشیارکردنەوەی ژینگەیی پەروەردەیی لە قۆناخی بنەڕەتی تەرخان بکرێ لە پۆڵەکان بخوێندرێ بە جۆرەھا رێگای جیاوازی وەکو چیرۆک لەسەر خاک و ژینگە و سرووشت و سەوزایی و پاڕاستنی کە تێیدا ڕوون بکرێتەوە ، ژیانمان سەوزایی بێت نەک بڕینەوە و پوکانەوەی سەوزایی تەنیا لە قسەکانمان باسی سەوزایی و ژینگە و بنیات نان نەکەین بەڵکو کردارمان ڕەفتارمان دڵ و دەروونمان بیرکردنەوەمان ھەنگاومان بڕیارمان لە پێناو سەوزایی زیاتر بێت وژینگەپارێزی پەرەوەردەیی زیاتر بێت و دووربکەوینەوە لە ڕەق و کینە و نواندن و فریودان وژاکاندن ، مەبەست و ئامانجی سەرەکیمان سەوزایی زیاتری ناخی مرۆڤەکان و دەوروبەرو پەروەردە و ژینگەی داھاتوومان بێت و سەر لە دەوروبەر نەشێوێنین و ڕووی ڕاستە قینەی سرووشت نیشان بدەین ھەروەکو چۆن ئەرستۆ دەلێ " ئەگەر ھاتوو رێگایەک لەوی تر باشتربوو ئەوا دڵنیابە رێگای سرووشتە"
بەرێوەبەری گشتیی چاڵاکی وەرزش و ھونەر

Top