با سەنگەرەکان بە گشتپرسی بسپێرین

با سەنگەرەکان بە گشتپرسی بسپێرین
چاودێرانی سیاسی لەسەر ئەوە کۆکن کە رزگار کردنی موسڵ و نەمانی هەیمەنەی داعش لە عیراق گۆڕانکاری بنچینەیی بە دوای خۆیدا دێنێ، هەر گۆڕانکاریەکیش رووبدات راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کورد و دەستکەوتەکانی ئێستای و داهاتووش دادەنێ، ئەوەش وایکردووە حزب و لایەنە سیاسیەکان وەک ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاریەکان گشتپرسی و گەڕانەوە بۆ را و بڕیاری خەڵک بکەنە وەڵام بۆ ئەگەری روودانی گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوەکە، هەر چەندە لایەنەکان لە راگەیاندن و دەربڕینی فەرمی و نافەرمیدا لەسەر گشتپرسی کۆکن، بەڵام بە هەڵوێستی هەندێ لایەنەوە دیارە کە مەرامی سیاسی و دەستکەوتی حزبی دەکەنە مەرجی پێشوەختەی بەشداری کردن لە گشتپرسیەکە، ئەوەش دابەشبوونێکی لە ناو لایەنەکاندا درووست کردووە و دابەشبوونەکەش جگە لە بیانوو گرتن بە خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان و خزمەت کردن بە خواستی داگیرکاران هیچ لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرێ.
ئەوەی تێبینی دەکرێ رووداو و گۆڕانکاریەکان داهاتووی کوردیان خۆستۆتە دووڕیانی ترس و دەرفەت، ترسەکە لە منجەمنجی حزبی دایە و دەرفەتەکەش لە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی لایەنەکان و گەڕانەوەیە بۆ گشتپرسی و بڕیاری خەڵک، رەواندنەوەی ترسکەو قۆستنەوەی دەرفەتەکەش بەندە بەوەی حزب و لایەنە سیاسیەکان لە سەنگەری نەتەوەییەوە رووداو و گۆڕانکاریەکان بخەنە ژێر چاودێری و هەڵوێست و هێز و تواناکان بۆ بەدێهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان و قۆستنەوەی دەرفەتەکە و رەواندەوەی مەترسییەکە رێکبخرێن، نەک وەک ئەوەی ئێستا هەندێ حزب و لایەن لە سەنگەری حزبی و بە هیوای دەستکەوتی حزبیش کەوتوونەتە دوای رووداو و گۆڕانکاریەکان، مەترسی ئەو کەوتنە دوایەش لەوەدایە ئەو حزب و لایەنانە ئەگەر بە چاوی نەتەوەیی لە رووداوەکان نەڕوانن و بە ئامانجی نەتەوەییش نەچنە ناو هاوکێشە و گۆڕانکاریەکان، کەم و زۆر کاریگەریان لەسەر گۆرینی رەوتی رووداو و گۆڕانکاریەکان نابێ.
مەترسی کات کوشتنیش هیچی کەمتر نییە لە کەوتنە دوای رووداوەکان و هەڵوێستی نانەتەوەییانەی ئەو رەوتە سیاسیەی دەیەوێ لەناو گۆڕانکاریەکاندا بە دوای دەستکەوتی حزبیدا بگەڕێ، بۆیە پێویستە رەوتی نەتەوەیی رێگە نەدات چیتر گەمە بە کات بکرێ و هەرچی زووە گشتپرسی بڕیار لەسەر هەڵوێستی درووست و نادرووستی لایەنەکان بدات و بە (بەڵێ)و (نەخێر) سەنگەری کوردایەتی و سەنگەری موزایەدەی سیاسی حزب و لایەنەکان لێک جیا بکاتەوە، چونکە لە گشتپرسیەکەدا لایەنەکانی خاوەن (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی دەبنە پێشەنگی ئامانجە نیشتیمانیەکان و میراتگری راستەقینەی خوێنی شەهیدان و بنیاتنەری داهاتوویەکی ئارام و دوور لە هەر ستەم و چەوسانەوەیەکی نەتەوەیی، لایەنەکانی خاوەن (نەخێر) بۆ سەربەخۆییش دەمامکی موزایەدە و چەواشەکاریان لەسەر لادەدرێ و وەک ئەوەی هەن لە چرای راستی دەدرێن و دەکەونە بەر نەفرەتی گەل و مێژوو.
Top