چیتر ناتوانین بێ دەوڵەت بین و لەگەڵ دەوڵەتێكی فەشەڵ بین ..
April 20, 2017
وتار و بیروڕا
هەر لەم روانگەیەوە دەبینین هەموو جیهان گرنگی بە هەرێمی كوردستان دەدات، چونكە كوردستان لە چوارچێوەی ئەو هاوكێشە سیاسییانەی كە ئێستا لەناوچەكە دەگوزەرێن كوردستان ژمارەیەكی بەهێز و بەرچاوە لە دەڤەرەكەدا و حسابی بۆ دكرێ، بۆیە كۆبوونەوە و سەردانەكانی سەرۆكی كوردستان لە كۆرەنێودەوڵەتییەكاندا بایەخێكی یەكجار زۆریان دەبێت و لەئەنجامدا بە سوودی گەلی كورد تەواو دەبێت و بێگومان دواجار جیهان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە رووی سیاسی و مرۆڤایەتی پاڵپشتی خۆیان لە هەمبەر پشتیوانیكردنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان پیشان دەدەن.
لای سەرۆك مەسعود بارزانی گرنگ نییە پارتی لە دەسەڵات بێت، یان نا، بەڵكو ئەوەی بۆ جەنابیان گرنگە ئەوەیە كورد كیانی خۆی هەبێت، ئەوجا كێ ئەو كیانە بەڕێوە دەبات، ئەوەیان بۆی گرنگ نییە. هەر واشی كرد، دوای ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی 1992 تەواو بوو، هێندەی سەقامگیری كوردستان و سەركەوتنی پرۆسەكە لای مەسعود بارزانی گرنگ بوو، دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی لای ئەو گرنگ نەبووە، لەمەش گرنگتر هەموو كاتێك لە بیركردنەوەی سەرۆك بارزانی - دا، هەركاتێك نەتەوە پێویستی بووبێ بە بڕیاردانی سەخت و قورس و كەوتبێتە دووڕیانێك كە یان دەبێت بڕیارێكی سەخت و قورس بدرێ، یان نەرمی بنوێنرێت لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان و ئایندەی نەتەوە، ئەوا مەسعوود بارزانی بەڕەچاوی بەها سیاسی و ستراتجییەكان، سڵی نەكردووە و بڕیارە قورسەكەی هەڵبژاردووە و لێهاتووانە كار و هەڵسەوكەوتی لەسەر كردووە. ئەم داكۆكی و بوێرییەی سەرۆك مەسعود بارزانی لەسەر پرسە چارەنووسسازەكانی نەتەوەیی و كوردستانی هەیە، دەتوانین بڵێین لە نێو پرسە تایبەتییەكان ناو خودی پارتی دیموكراتی كوردستان مەودایێكی سیاسی و كارگێڕی دیكەی هەبووە. سەرەڕای وەدەستهێنانی پشتیوانی نیودەوڵەتی بۆ پاراستنی كوردستان لە هێرشی تیرۆریستان، سەروكی كوردستان لە جیاتی دانیشتنی لە نێو ئۆفیسی سەرۆكایەتی، دەمانبینی كە هەردەم لە سەنگەری پێشەوە پێشمەرگایەتی دابووە و سەرپەرشتی و چاودێری هێڕشە قورس و چارەنوسسازەكانی كردووە، مانەوەی سەرۆك بارزانی بۆ ماوەیەكی زۆر لەبەرەكانی شەڕ لە زوممارو شنگاڵ و رەبیعە و ئامادەبوون و سەردانە بەردەوامەكانی بۆ بەرەكانی شەڕ لە كەركوك و مەخموورو گوێڕو خازرو خانەقین و شوێنەكانی دیكە و ناردنی هاوكاری سەربازی و مرۆیی و هێزی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای كوردستان بۆ بەرگریكردن لە كۆبانێ، هەروەك چۆن لە مێژژدا بارزانی نەمر بۆ پاراستنی كۆماری دیموكراتی كوردستان چووە مەهاباد بەخۆین بەرگری لە كۆماری كوردستان كرد، ئەوا لە ئێستاشدا سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ پاراستنی كۆبانێ پێشمەرگە دەنێرێتە رۆژئاوای كوردستان، ئەم راستییانە سەلمێنەری ئەوەن كەوا سەرۆك بارزانی سەرۆك و پێشمەرگەی نەتەوەیە و لەسەر هەمان رێبازی نەتەوەیی بارزانی نەمر دەڕوات، لەهەمان كاتدا لە زۆربەی لێدوانەكانیدا كە ئاماژە بەوە دەكات ئێمە سنوورێكی فراوان و بەرەیەكی فراوانی شەڕمان لەگەڵ تیرۆریستان هەیە كەوا لە كۆبانێوە تا خانەقین و جەلەولا ە، بەكارهێنانی دەستەواژەی لە كۆبانێ تا خانەقین بەیەك چاو سەیركردنی هەموو كوردستانە، نەناسینی سنوورە دەستكردەكانە، لەلایەكی دیكەوە سیاسەت و هەوڵ و بانگەشەكانی سەرۆك بارزانی بۆ لێبوردەیی و پێكەوەژانی هەموو ئاین و مەزهەب و نەتەوەكان لە كوردستان خەسڵەتێكی دیكەی سەرۆك و سەرۆكایەتی وڵاتێك بە سەرۆك بارزانی بەخشیوە. بێگومان ئەو هەڵوێست و سیاسەتە حەكیمانەی سەرۆك بارزانی و بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەكان وایانكردووە كە كوردستان ببێتە ژمارەیەكی بەهێزی نێو هاوكێشە سیاسی و سەربازییەكانی رۆژهەڵاتی ناڤین و لە زۆر لاوەش بەبایەخەوە سەیر بكرێ و حیسابی تایبەتی بۆ بكرێت. سەرۆك بارزانی بە كردەوە سەلماندی كەوا هەر پێشمەرگەكەی جارانە و سەرۆكایەتی لای جەنابیان پێشمەرگایەتییە لە پێناوی كوردستاندا وەك وڵاتێك بۆ هەموو نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكان، ئەمەش وادەكات كەوا بڵێین سەرۆك بارزانی واتە پێشمەرگەی كوردستان و سیمبۆڵی بەرخودانی نەتەوەییە لە پێناو بە دێهێنانی مافێكی رەوا خەڵكی كوردستان، ئەویش وەدەست هێنانی سەربەخۆیی كوردستانە..
لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵان هەروەها درێژەپێدەر و تەواوكاری ئەم شۆڕشەمەزنانە هەردەم سەرۆك بارزانی وەك پێشمەگەیەك لە نێو سەنگەردا بەشدای كردوو لە زۆزك و هەندرێن و خواكورك ....هتد. هەڵبەت وەك قوتابییەكی رێبازی جەنابی مەلامستەفای بارزانی هەموو خەبات و كۆششی سەرۆك مسعود بارزانی لەپێناو بەدەست هێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بووە. بۆیەستراتیژیی سەرۆك بارزانی لەبارەی سەربەخۆیی زۆر ڕوون و ئاشكرایە. لەماوەی چەندین ساڵی ڕابردوو بە ئاشكرا لە نێوەندی سیاسەتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و ناوخۆ هەردەم سەرۆكی كوردستان بەئاراستەیەكی روون و ئاشكرا كاری بۆ سەربەخۆی كوردستان كردووە. سەربەخۆی پڕۆسەیەكە و دەمێكە سەرۆك دەستی پێ كردووە و لەم ڕێگەیەدا هەردەم دوژمنان و كۆسپ و تەگەرەی بەربەستی زۆریان لەبەردەم ئەم پڕۆسەیەدا ناوەتەوە، ڕەنگە لەكوردستاندا كۆسپەكان بەئاشكرا نەبووبێ، بەڵام زۆر ڕوون و دیارن لێرەو لەوێ دەبینین هەندێك تاقم و لایەن هەوڵ و خەباتەكانی سەرۆك بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان وەك پڕوپاگەندە سیاسی دەخەنەڕوو،بەڵام لە بەرامبەر هەڵوێستە شۆڕشگێڕییەكانی جەنابی سەرۆكی كوردستان هەموو پڕۆپاگەندای ناحەزان لە گۆڕنراون.
لەبیرمانە ساڵی 1991 سەرۆك بارزانی لەسەنگەری بەرگریداو لە نێو پێكهاتەی بەرەی كوردستانیدا سەركردایەتی ڕاپەڕینە مەزنەكەی دەكرد و سەركەوتنی بۆ گەلی كورد بەدەست هێنا، هەوەها لەیەكەم وتاری لەشاری كۆیە،جەنابیان ئازادی و دیموكراسی بۆ گەلی كوردستان وەكو سیاسەت و ستراتیجیاێكی پاش ڕاپەڕین راگەیاند و گوتی: " گەلی كورد دەبێت بەئازادی بژین و هەڵبژاردنێك دەكەین بۆ كوردستان حكومەت و پەرلەمانێك دروست دەكەین، بۆخۆتان ئازاد بن كێ هەڵ دەبژێرن هەڵبژێرن". ئەوە بوو یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی 1992 ئەنجامدرا و پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی دەنگی بەدەست هێنا، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندی میللەت و هەل و مەرجەسیاسییەكانی ئەو قۆناغە، جەنابی سەرۆك رازیبوو بەوەی بە رێكەوتن و تەوافق حكوومەتی هاوبەش پێك بهێنرێ، هەروەها لە هەڵوێستێكی دیكەدا لە ئازادی عێراق دا ساڵی 2003 و پاشان درووستبوونی عێراقی فیدڕاڵ زۆربەی بەرپرسانی كورد بەوە رازی بوون كە شارەكانی كوردستان ببن بە پارێزگا لە نێو دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ ، بەڵام حیكمەت و عەقڵی ستراتیجی سەرۆك بارزانی ئەمەی پێ قبوڵ نەبوو بەهەموو توانایەك ڕەدی دایەوە و ئەوە بوو هەرێمی فیدراڵی كوردستانمان بەدەستهێنا، بێگومان هەوڵ و كۆشش وخەباتی ئەم سەركردە مەزنە لە باسكردن كۆتایی نایەت، ئێمەی كوردیش بە بوونی ئەم سەركردە مەزنە شانازی دەكەین و دەبێت بەهەموو شێوەیەك پاڵپشتی هەوڵ و تەقەڵاو هەنگاوەكانی بەرێیان بكەین لە پێناوی بەدەست هێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان كە ماف و ئازادییەكانی خەڵكی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانی تێیدا زامن و بەرقەرار بێت. هەروەها ژیان و هێمنی و ئارامی ئەمڕۆمان لە كوردستاندا بەرهەمی خۆینی هەزاران پێشمەرگەی كوردستان بووە (بەبێ جیاوازی) لە بەرەكانی جەنگا دژی دوژمن و تیرۆرستان. لەكاتێكدا كوردستان سێ ساڵە ڕووبەڕوی قەیرانێكی قورسی دارایی هێڕشی تیرۆرستی بوتەوە، بەداخەوە دەبینین لەنێو خۆدا (لە هەڵوێستێكی گومان لێكراودا) لێرە و لەوێ بۆ دروستكردنی ئاژاوە و پەیرەوكردنی سیاسەتی بەرتەسكی حزبایەتی بەرانبەر حزبێكی دیكە و ناشیرین كردنی یەكتر و لاوازكردنی گیانی بڕوابەخۆبوونی تاكی كورد ئەمانە هەموویان كۆسپ و تەگەرن بەرامبەر بە هەوڵە پیرۆزەكانی سەرۆك بارزانی بۆ سەربەخۆی كوردستان، بۆیە پێویستە هەموولایەك بەیەك دەنگ و بەیەك ڕەنگ پاڵپشت بین بۆ راپرسی گشتی و سەربەخۆیی كوردستان.پلانە سەركەوتووە سەربازی و دیپلۆماسییەكانی سەرۆك بارزانی و بەدەستهێنانی پشتیوانی نێو دەوڵەتی پێمان دەڵێن پلانی دەوڵەتی كوردستان لە خواكوڕك 1988 دەستیپێكردووە و لە 2017 باشیك سنووری كوردستان دیاركرا و سەربەخۆیی نزیكە.