چاوەڕوانی و شکستی سیاسی
April 18, 2017
وتار و بیروڕا
یەکەم:ــ هەڵە و پاساو
دیارە هەموو هەڵەیەکی سیاسی یا لە ئەنجامی نەبوونی پلان و بەرنامەیە، یا لە ئەنجامی نەخوێندنەوەى درووستە بۆ رووداوەکان و نەناسینی دوژمنە وەک خۆی، جا زۆرێک لە سیاسیەکان دوای روودانی هەڵەکە و دەرکەوتنی شکست و دانی باجەکەی، لە باتی ئەوەی هۆکاری هەڵەکە بکەنە بنەمای بە خۆدا چوونەوە و وردتر لەسەر رووداوەکان بوەستن و رێگا لە شکست و باجی تر بگرن و لە مێژووشەوە دوژمن بناسن، دێن گلەیی لە چانسی سیاسی خۆیان دەکەن و وەک راکردن لە بەرپرسیارێتی و شاردنەوەی بێپلانی و کورتبینی سیاسی، پاساو بۆ هەڵەکەیان دێننەوە.
دووەم:ــ رق و سۆز لە سیاسەتدا
هەڵەیەکی تری سیاسی ئەوەیە رق یان سۆز زاڵ بێ بەسەر بڕیار و هەنگاوە سیاسیەکاندا، چونکە لە کاری سیاسیدا لە نێوان رق و سۆزدا واقع هەیە و دەبێ مامەڵە لەگەڵ ئەو واقعە بکرێ، بە پێچەوانەوە ئەگەر مامەڵەی سیاسی بە رق و تۆڵە کردنەوە بکرێ، رق بەسەر ئەقڵ و بیرکردنەوەدا زاڵ دەبێ و پلان و بەرنامە سیاسیەکان دەکەونە ژێر گوشاری تاکڕەوی، ئەوکات غەریزەی تۆڵەش دەرگای دانوستان دادەخا و لێبوردەیی و لێکگەیشتن کە دوو بنەمای سەرەکی چارەسەری کیشەکانن دەکەونە ژێر گوشاری غەریزەی تۆڵە، ئەوە لە کاتێکدایە سیاسەت پێویستی بە ئەقڵ و بیرکردنەوەیە و تۆڵەش دەتخاتە سەر رێگای بێ کۆتایی و برەودانی زیاتر کێشەکان و دەرئەنجام نەگەیشتنە ئامانج و چارەسەر, سۆزیش لە سیاسەتدا جگە لەوەی دەتخاتە ناو گێژاوی پیلانی دوژمنان هیچ ئاکامێکی تری نابێ، بۆیە پێویستە و دەبێ لە شکست و لە سەرکەوتندا واقعی سیاسی بکرێتە بنەمای بیر و کار و هەنگاونان.
سێیەم:ــ چاوەڕوانی
لە هەڵەی یەکەم و دووەم کوشندەتر ئەوەیە کاتێک دوژمنت دەکەوێتە ناو قەیران و کێشەوە، تۆ خۆت بدەیە دەست قەدەری گۆڕانکاریەکان و چاوەڕوان بیت کێشەکان چۆن و کەی چارەسەر دەکرێن و بەکام ئاراستەدا دەبرێن، لە حاڵەتێکی وەهادا خۆت دەبیە بەشێک لە سەرکەوتنی دوژمن و شکستی خۆت، چونکە ئەوە خۆتی دەرفەت دەدەیە دوژمن کێشەکانی چارەسەر بکا و لە قۆناغێکی وای رزگار دەکەی کە زەمینەی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی تۆ رەخساندووە.
لە سیاستدا هاوکێشەیەک هەیە هەر سیاسییەک نادیدەی بگرێ سیاسییەکی کۆڵەوار و شکستخواردووە, ئەویش ئەوەیە هەموو لاوازییەکی دوژمن هێز بە تۆ دەبەخشێ و هەموو لاوازییەکی تۆش هێز بە دوژمنەکەت دەبەخشێ، بۆیە پێویستە ئەو هاوکێشەیە مامەڵەیەکی تەندرووستی لەگەڵ بکرێ و بەردەوام هەوڵبدەی هێز لە خاڵی لاوازی دوژمنەکەت وەربگری، وەک ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدا و کورد پێچەوانەی ئەو هاوکێشەیە چاوەڕوانی ئەوەیە عێراق بێ کێشە ببێ.
عێراق لە ئێستادا بەدەست چەندین کیشەی سیاسی و سەربازی و ئابووریەوە دەناڵێنێ، تەنانەت سەروەری خۆی وەک دەوڵەت لە دەست داوە و کراوەتە گۆڕەپانی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان و دەرخستنی باڵادەستی هێزە دەرکیە دژەکان، تادێ کێشە و قەیرانەکان ئاڵۆز و بەریەککەتنی هێزە دەرەکی و ناوخۆییەکانیش توندتر دەبن و دەرگای چارەسەری پرسی کورد واڵاتر دەکەن, ئەوەش لە لایەنە سیاسیەکانی کورد دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و بڕیاری نەتەوەییشیان لێدەخوازێ، چونکە چاوەڕوانی بەلادا کەوتنی هەموو ئەو کێشە و قەیرانانەی عێراق جگە لەوەی خۆدانە دەست قەدەری گۆڕانکاریەکانە و لە دەستدانی دەرفەتێکیشە کە دەرگای بە رووی بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانی کورددا کردۆتەوە، چوونەوە ژێر باڵی دوژمنێکیشە کە لە بەهێزیدا بەهێز مامەڵە لەگەڵ بوونی کورد و خواست و ئامانجە نەتەوەییەکانی دەکات.
ئەوەی جێگای تێبینی و سەرنجە دوای ئەو مێژووە تاڵەی کورد بەدەست چاوەڕوانیەوە چەشتوویەتی، هێشتا هەندێ لایەنی کوردی نایانەوێ کەڵک لە لاوازی و کێشە و قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی عێراق وەربگرن، لەباتی ئەوەی بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی بچنە ناو کێشە و قەیرانەکان و لاوازی حکومەتی عێراق و ئامانجە نەتەوەییەکان بکەنە چەقی داخوازیەکانیان، بەڵام هێشتا ئەو لایەنانە پێیانوایە دەبێ چاوەڕوان بین و بزانین کێشە و قەیرانەکان بە کاملادا دەکەون.