یادی ئەنفال: " خۆش خەبەرە بەس من نەباوەرە!"( سایکۆلۆژیای سیاسی)

یادی ئەنفال:
دەنگۆی پەشیمانبوونی ھەندێ کەس و لایەنی بەغدا، و بەتایبەت دوای وروژاندن و بەھێزبوونی بابەتی ڕیفراندۆم، بۆ نموونە وتەکانی چەند کەسی دیاریی سیاسی و ئایینی، و لەوانەش تایبەت بە قەرەبۆکردنی ئەنفالکراوان، و ... ھتد، ھەمووی " فرمێسکی تیمساح " زیاتر نیە. ئەوە نەک قسەیە، بەڵکۆ ئەزموونی تاک و کۆمەڵکای کوردستانە، و بەتایبەت سەد ساڵی ڕابردوو و شۆڕشی ئەیلولی مەزن. خاوەنی ئەو دەنگانە شتێک نین جگە لە چەند " بووکە شوشە" بەدەست دەنگە بەھێز و بڕیار بەدەستانی ھەڵگران و گووشکراوانی ھەستی دەمارگیرانەی نەتەوەیی و ئایینی ھەر دوو تاخمەکەی شێعە و سۆننەی سەر بە قوتابخانەکانی وەھابیەتی پاشایەتی سعۆدییە لە ڕیاز و ویلایەتی فەقیھی قۆم-نەجەف.
خۆزگە ئەو فرمێسکانە ڕاست دەبوون، و ئەوان تەوبەیان کردبێ. بەڵام لە ڕاستیدا وانیە، چونکە کورد گۆتەنی" تەبەی گوورگ مەرگە"!. ئەو فرمێسکانە تەکنیکی نوێ و کاتین، و ھەمان ئەو ھەوڵانەن کە بەشێکن لە پرۆژەکانی ھاوشێوەی قۆناغی بەیانەکەی یانزدەی ئادار و ھەوڵی تیرۆری بارزانیی نەمر، و کۆژاندنەوەی ئاگری شۆڕش، و دواتر تێواندی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان. ئەمرۆ ئامانجەکەی ئەو فرمێسکانە تەنھا و تەنھا کۆژاندنەوە و کزکردنی ڕەنگی یەکگرتن و جۆش و خرۆشی سیاسی و گۆڕوتینی لایەنەکان و تاکی کوردستانە، و بە تایبەت جەنابی سەرۆک بارزانی، بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان.
بەڵام ئەزموونی تاڵ فێری کردووین بڕوا بە کەس نەکەین، و بە تایبەت سیاسەتی ئەوان. ئەوان ئەگەر ڕاست دەکەن و ئەو فرمێسکانە و پەشیمانیان لە دڵ و یەقینە، وبا نەک لە سنووری عێراقێکی یەکگرتوو، بەڵکۆ وەک دوو دراوسێ و وڵاتی سەربخۆ دا جێبەجێ بکەن، و ئەو قەرەبۆیەی باسی لێوە دەکەن، وەک چۆن لەگەڵ دەوڵەتی کوێت ھەیە، بە کەس و کاری ئەنفالکراوان بدەن.
بۆ خاوەنی ئەو فرمێسکانە: لە یادەتان نەچێ ژیان لەگەڵ ئێوە جگە لە بیرھاتنی دۆزەخ ھیچ واتا و ڕمانێک ناداتن، و ھەر کەس و لایەنێک بۆ نزیکبوونەوە لە ئێوە و گەڕانەوە بۆ باوەشە بێ ھەست و سۆزی دەمارگیرانەتان، و ئەو دۆزەخە ھەوڵ دەداتن، بەرامبەر بە مێژوو و تاک تاکی کوردستان، بە مردوو و شەھید و زیندووەکانیەوە، بەرپرسیارە و بەر نەفرەتمان دەکەوێ، و بەتایبەت پاش ڕەخساندنی گۆنجاوترین ھەلومەرجی بابەتیانەی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ناوچەیی و جیھانی و لەشکەری. ڕووڕەش بێ ئەو کەس و لایەنە، تەنانەت ئەگەر فرمێسکەکانتان ئەوەندەی تەواوی دەریاکان بێ. جارێکی تر فرمێسکەکانتا ھەڵمانناخەڵەتێنێ، و قەرەبۆکردنی ئەنفالکراوانیش ھیچ لە خەم و خەفەت و پەرێشانی و نەخۆشییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانیان کەم ناکاتن، ئەگەر چی بۆ ھەر خێزانێک بە قەد شاخەکانی کوردستان پارە و زێڕ و زیو خەرج بکرێت. ئێمە و ئێوە ئیتر " کۆجا مەرحەبا"! خۆتان ماندوو مەکەن و قسە و بەڵێن و فرمێسکەکانتان بە فێڕۆ مەدەن و بۆ جیھانی تر ھەڵگرن. ئێمە تازە بڕیاری خۆمانمان داوە و ئێوەش کەیفی خۆتانە ! *بسپۆرێ زانستێن پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتییا پەروەردە/ زانینگەھا زاخۆ
Top