برینی جینۆساید تەنیا بە سەربەخۆیی كوردستان سارێژ دەبێت

برینی جینۆساید تەنیا بە سەربەخۆیی كوردستان سارێژ دەبێت
تاوانی‌ ئەنفال و جینۆساید، یەكێكە لە تاوانە گەورە و ترسناكەكانی‌ ڕژێمی‌ لە گۆڕنراوی‌ بەعس، كە بە پێی‌ نەخشە و پیلانێكی‌ تۆكمە، بە هەشت قۆناغی‌ یەك لە دوای‌ یەك لە ساڵی‌ 1988 ئەنجامدرا، بیست و نۆ ساڵ بەر لە ئێستا ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، بەمەبەستی سڕینەوەی ناسنامە و كولتووری گەلی كورد، دوور لە هەموو بەها ئایینی و ئینسانییەكان جینۆسایدی دەرحەق بە گەلی كوردستان ئەنجامدا.
ئەنفال، كیمیاباران، سەركوتكردن و كۆمەڵكوژیی یەكێكە لە تاوانە هەرە مەزنەكانی سەدەی بیستەم، تاوانەكە بۆ سڕینەوەی نەتەوەیەك بوو لەسەر خاك و نیشتیمانەكەی، بەهۆیەوە زیاتر لە سەد و هەشتاو دوو هەزار مرۆڤی كورد، كە تاوانیان تەنیا بریتی بوو لە كوردبوون، بە دڕندانەترین شێوە گوللەباران و زیندەبەچاڵ كران.
ساڵی 1988 بۆ كوردستانی عێراق بە كارەساتبارترین ساڵەكانی دەیەی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو دادەنرێت، كە تێیدا ڕژێمی سەدام حوسێن زنجیرەیەك شاڵاوی سەربازی بۆ پاكتاوكردن و ڕاگوێزانی كورد ئەنجام دا، گەورەترینیان شاڵاوەكانی جینۆساید "ئەنفال" بوو، كە ڕژێم بە هەشت قۆناغ دژ بە ناوچەكانی گەرمیان، قەرەداخ، دۆڵی جافایەتی، دۆڵی بالیسان، دەڤەری خۆشناوەتی و بادینان ئەنجامیدا.

لە 14ی نیسانی 1988 هێرشی ئەنفال كردنی كورد بە ئاستێكی ترسناك گەیشت، زۆربەی هەرە زۆری ناوچە، گوند و ئاواییەكانی كوردستانی گرتەوە، بە هەزاران ئافرەت، زارۆك، لاو و بەسالاچووانی سڤیل بوونە قوڕبانی، تا ئەمڕوش زورێك لە قوڕبانییەكان چارەنوسیان نادیارە و گوڕە بەكومەڵەكانیان نەدۆزراونەتەوە و ڕوفاتی پیرۆزیان نەهێنراوەتەوە خاكی كوردستان، هەربۆیە لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفالە بەدناوەكان دادەنرێت و هەموو ساڵێك بە شكۆوە یادی دەكرێتەوە.
ئەنفال بە ئازارترین زامی جەستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە و خەمێكی گەورە و گرانی سەرشانی ئێمەیە، وەك جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی دەفەرمووێت: "ئەنفال پەڵەیەكی شەرمەزارییە لەسەر تەوێڵی دوژمنان و جیهان و برینێكی بەئازاریشە بە جەستەی مرۆڤایەتی."
گەلانی دونیا هەریەكە و چەند یادێكی گرنگیان كردووەتە هۆی جۆشدانی خەبات و كرداریان، كە بەو هۆیەوە هەمیشە نیشتمانپەروەری زیندوو دەكەنەوە، كاتی ئەوەیە ئێمەش وەك میللەتی كورد تاوانی ئەنفال بكەینە هەوێنی یەكڕیزی، هەنووكە كە ئامادەسازی بۆ ئەنجامدان و بەرێوەچوونی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكرێت، ویژدان و ئینساف ئەوەیە، هەمووان بەرەو ڕووی بچین چونكە برینی جینۆساید تەنیا بە سەربەخۆیی كوردستان سارێژ دەبێت.
Top