رۆڵی ئافرەت لە میدیای كوردی

رۆڵی ئافرەت لە میدیای كوردی
بە حوكمی حەڤدە ساڵ ئەزموونی رۆژنامەگەریم لە بەریتانیا و یابان دەتوانم بڵێم ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی سەرنجی میدیای جیهان بدەین، وا دیارە كە رۆڵە سەرەكییەكانی راگەیاندن زیاتر لەلایەن پیاو بەڕێودەبردرێن و ئافرەت تا رادەیەك رۆڵێكی لاوەكی دەگێڕێت. بوونی ئافرەت لە دەزگاكانی راگەیاندن بە شێوەیەكی گشتی لە زیادبووندایە، بەڵام بەشێكی كەمیان گەیشتوونەتە ئاستی خانەی بڕیاردان. بەهەمان شێوە لە هەرێمی كوردستان رۆڵی ئافرەت لە خانەی بڕیاردانی زۆربەی كەناڵەكانی راگەیاندن پەراوێز خراوە، ئەمەش وایكردووە میدیای كوردی بەگشتی بەئەقڵییەتی پیاوسالاری بەڕێوەبچێت.
ئەگەر لاپەڕەكانی مێژووی كوردستان هەڵبدەینەوە دەبینین كە لە دێرزەمانەوە ئافرەت رۆڵێكی كاریگەری گێڕاوە لە خەباتی گەلەكەمان. ئافرەتی كورد سەلماندوویەتی كە بە توانا و خاوەن ئیرادەیە، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەكەمان هانی ئافرەت بدات بەشدار بێت لە بەرەوپێش بردنی وڵاتەكەمان شانبەشانی پیاو لە هەموو بوارێكدا. هەر لەم دواییەدا شەهیدبوونی رۆژنامەنووس شیفاگەردی دووپاتكردنەوەی رۆڵ و پێگە و قوربانیدانی ئافرەتی كوردە لەكاروانی خەبات و گەشەسەندنی گەلەكەماندا.
سەرەڕای كۆسپ و تەگەرە و دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكان رۆڵی ئافرەت لە دەزگاكانی راگەیاندندا لە هەرێمی كوردستان بەرەوپێشڤەچوونی بەرچاوی بەخۆی بینیوە، لەم چەند ساڵەی دواییدا. خانمانی رۆژنامەنووس و راگەیاندنكاری كوردستان سەلماندوویانە كە تواناكانیان لە توانای پیاوانی هاوپیشەیان كەمتر نییە، لەئێستاشدا كۆمەڵێك ئافرەتی بەتواناو بەئەزموون لەم گۆڕەپانەدا دەبیندرێن و لەپێشخستنی كاروانی رۆژنامەگەری كوردی جێپەنجەیان دیارە. جێی خۆشحاڵییە كە هیچ رێگرییەكی یاسایی بۆ هاتنی ئافرەت بۆ ناو بواری راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان بوونی نییە و لەئێستادا ژمارەیەكی بەرچاو لەخانمی خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەر و بەڕێوەبەری نووسین هەن. ئەمانە پێشهاتی زۆر پۆزەتیڤن و دەبێت كاری لەسەر بكرێت بۆ بەدێهینانی هاوسەنگیی جێندەری لە میدیای كوردی، بە تایبەت لە خانەی بڕیاردان.
پێویستە ئەو خانمانەی لە بواری میدیا كار دەكەن، لە رێگەی دامەزراوە، یا رێكخراوی میدیایی لە پێوەندی بەردەوامدا بن بۆ ئەوەی ئەزموونی خۆیان ئاڵوگۆڕ بكەن و رێنیشاندەر بن بۆ ئەو خانمانەی كە ئارەزوویان هەیە لە بواری میدیا كاربكەن، بۆ ئەوەی بتوانن دەرفەتی زیاتر بۆخۆیان بڕەخسێنن و پشتگیری یەكتری بكەن لە گەیشتن بەو باوەڕەی كە جێگەی خۆیان بكەنەوە لەناوەندی بڕیارەكاندا. بوونی ئافرەت لە خانەی بڕیاردانی دەزگاكانی راگەیاندندا پێویستە. ئێمە پێش ئەوەی پیاو بین یان ئافرەت، مرۆڤین. پێویستە جیاوازی لەنێوان ئافرەت و پیاودا نەكرێت. دەبێ كۆمەڵگە پشتیوانی لەئافرەتان بكات بۆ كاركردن و هیوادارم ئەو خانمانەی كە حەز بە كاری راگەیاندن دەكەن، كۆڵنەدەن و دەستپێشخەربن و ئەو خانمانەی لە بواری میدیا یاخود لە هەر بوارێكی دیكە سەركەوتوو بوون، بیانكەن بە نموونە لە ژیانی پیشەیی خۆیاندا. خانمان دەبێت خاوەن كەسایەتییەك بن كە بتوانن ئەو سنوورانەی كۆمەڵگە بۆی كێشاون و ئەو بەربەستە نەریتییانە تێپەڕێنن،بۆ ئەوەی بتوانن كاربكەن و بەڕێوەبەر و خاوەن بڕیاربن و كۆمەڵگە ئاراستەبكەن.
خانمانی رۆژنامەنووس و میدیاكاری كوردی دەبێت لەڕێی پیشەكەیانەوە كار لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردەیی و رۆشنبیری و هوشیاری و گوڕینی تێڕوانینی كۆمەڵگە بكەن لەسەر ئەو پرسانەی كە پەیوەستن بە ئافرەت. وێناكردنی ئافرەتی كورد وەكو قوربانی و پاكانەكردن بۆ توندوتیژی لە رووماڵی هەندێك لە كەناڵەكانی میدیای كوردی بۆ ئافرەت و پرسی جێندەری وێنەیەكی هەڵەو ناڕەوایە، ئەم بابەتە پێویستە زۆر بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و خانمانی میدیاكار دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر لەم بوارەدا بگێڕن.
لە كوتاییدا هیوادارم كە هەموومان پێكەوە هەوڵبدەین پشتگیری لەو خانمانە بكەین كە دەیانەوێ لە بواری میدیا كاربكەن. كۆمەڵگەی تەندروست و مەدەنی كاتێك دێتە كایەوە وەك ئافرەت، كە نیوەی كۆمەڵگا بەهیچ شێوەیەك پەراوێز نەخرێ و جێپەنجەیان لە هەموو بوارەكان دیار بێت.

Top