بەرەو چاكسازیی

بەرەو چاكسازیی
چاكسازی خواستێكی هەمیشەییە، پێویستە بەردەوامی هەبێت لە هەموو ئاستەكاندا، لە ئەورووپا لە سەدەكانی( 15، 16) دا، لە بواری ئاییندا چاكسازی بنەڕەتی دەستیپێكرد، دواتر بووە هاندەر و ڕێخوشكەری چاكسازی سیاسیی و ئابووری لە سەدەكانی( 17، 18 و 19 )دا. پڕۆسەی چاكسازی گەلێك پێناسە و مانا لە خۆی هەڵدەگرێت، گرنگترینیان بریتییە لە گۆڕینی گوزەرانی ژیان لە دۆخێكی باش بۆ باشتر، یان لابردنی ئەو خاڵە لاواز و خراپانەی هەیە و دانانی شتی باشتر و ماقووڵتر لە شوێنی، دیارە هەرێمی كوردستانیش بەدەر نییە لەوەی وەك هەر جێگایەكی دیكەی ئەم جیهانە پێویستی بە چاكسازی و پێداچوونەوەی بەرنامەكان هەیە. لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیی، بەڕێز مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك بڕیاری چاكسازی بۆ حكومەت دەركرد، هاوكات چەند بڕیارێكی دیكەشی وەك سەرۆكی حیزب بۆ چاكسازی لەناو پارتی دەركرد. جەنابی مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی گەورەترین حیزب لە باشووری كوردستان، پڕۆژەیەكی‌ بۆ چاكسازی‌ پێشكەش كردووە و بەنیازە لە پارتییەوە دەستپێبكات، كەوابوو ئەمە دەستپێكێكی‌ باشە بۆ ئەوەی‌ پەنجە بخرێتە سەر برینەكان، بۆ ئەمەیش دەبێت بڕیارەكانی چاكسازی هەموو سێكتەر و كەس و لایەنێك بگرێتەوە، نابێ كەس حەسانەی هەبێت و نابێت هیچ بابەتێكیش هێڵی سوور بێت، بۆ ئەمەیش پێویستمان بە نەخشەڕێگەیەكی چاكسازی هەیە كە بریتی بێت لە پڕۆژەیەكی چاكسازی ستراتیژی و تیایدا بە شێوەیەكی زانستی هەنگاوەكانی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تێدا دیاری بكرێن، دەكرێت بۆ ئامادەكردنی ئەو پڕۆژەیە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دونیا وەربگرین.
ئەو چاكسازیەی ڕاگەیاندرا، هەنگاوێكی بوێرانە بوو، دەمێك بوو هاووڵاتیانی كوردستان چاوەڕوانیان دەكرد، بەڵام ئومێدەوارین ئەم هەنگاوە هەنگاوێكی سەرەتایی بێت بۆ بەرەو چاكسازییەكی گشتی لە هەموو بوار و جوومگەكانی دەوڵەت، چونكە ئەو چاكسازییەی كە دەستی پێكردووە بەتەنیا چارەسەری قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان ناكات و كێشەكان بنبڕناكات، بۆیە پێویستە لە سەر خەمخۆرانی ئەم میللەتە بیر لە چاكسازی بنەڕەتی بكەنەوە.
ڕاگەیاندنی پرۆسەی چاكسازی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، هەنگاوێكی سەركەوتوی مسۆگەر كردوە، متمانەیەكی بەهێزی بە هەرێمی كوردستان بەخشیەوە و دڵی تاك و كۆمەڵگەی كوردستانی خۆشكرد و جەماوەری ستەمدیدە و دڵسۆز و خاوەن كەم دەرامەتەكانیش چاوەڕوانی هەنگاوی نوێتر دەكەن و نابێت بیڕوراو سەرنجی هیچ كەسێك كاریگەری هەبێت بۆ خاوكردنەوەی ئەم پرۆسەیە، هەر لە ئێستاوە لەسەر ئاستی تاك و گرووپە بەرژەوەندویستەكان كاریگەری ڕاگەیاندنی ئەم پرۆسە پیرۆزە دەركەوتووە، كە هیچ كەسێك لە چارەنووس و ئیرادەی گەل باڵاتر نییە و گەلیش دادپەروەری و چاكسازی دەوێت و چارەنووسیشمان بە سەركەوتنی چاكسازییەوە گرێ دراوە. جەنابی سەرۆك، تۆی خاوەن شۆڕش، هەر لە شۆڕش دابوویت، ئەم شۆڕشەش هەر تۆ دەتوانیت ئەنجامی بدەیت، میللەتیش چاوەڕوانی تۆیە، بۆیە چاوەڕوانی ئەم هەڵویستەین لە تۆی بەرێز، لەبەرئەوەی هیچ ڕێگەیەكمان نییە جیا لە بە ئەنجام گەیاندنی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی سیستەمی ئیداری، ئابووری و دارایی هەرێم لە سەر بنەمایەكی تەندروست و شەفاف، بۆیەشە دەبێت هەموو پێكەوە ئەركی چاكسازی لە ئەستۆ بگرن و پاڵپشتی لە پرۆسەی چاكسازی بكەن، وەك هەنگاوی یەكەم و سەرەتا وا بە شیاو دەزانم، چاكسازی لەگەڵ ئەوانەدا بكرێت كە باڵادەست بوونە و، ڕۆڵیان هەبووە، كە گومان دەكرێت پێگەی خۆیان بۆ هەندێك بابەتی ناشەرعی بەكارهێنابێت.
Top