بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم
April 15, 2017
وتار و بیروڕا
نەتەوەی كورد لە عێراق بایەخی زۆر بە ڕیفراندۆم دەدات لە سەر مافی چارەنووس بەو پێیەی لەوەتی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی 1921 دامەزراوە، تاكو ئێستا كێشەی كورد كۆتایی پێ نەهاتووە، ئەمەش پاڵنەرێكە تا بە جددی بیر لە ڕیفراندۆم بكەینەوە و بڕیاری یەكلاكەرەوە لە سەر چارەنووسی هەرێمی كوردستان بدەین. ڕیفراندۆم وەك پڕۆسەیەكی دیموكراسیی ڕاستەوخۆ هەژمار دەكرێت، چونكە ڕاستەوخۆ پرسیار لە هاووڵاتیان دەكرێت دەربارەی كێشەیەكی گشتی، گەلانی زیندووی جیهان لە پرسە چارەنووسسازەكاندا هەمیشە پەنا دەبەنە بەر ڕیفراندۆم و لەو ڕێگەیەوە بیروڕای تێكڕای گەل تاوتوێ دەكەن، ئەم ئەركە مێژووییە تەنیا بە پەرلەمان یان بڕیاری چەند حیزبێك ناسپێردرێت، بەڵكو سەراپای گەل لەو بڕیارەدا بەشداری دەكات، هەر بۆیە دەبێتە بڕیاری نەتەوەیەك، ئیدی هیچ كەسێك ناتوانێت دژایەتی بكات یان پاساوی بێ بنەمای بۆ بهێنێتەوە.
ڕیفراندۆم وەك ئامانج و ستراتیژێكی نیشتمانی، ئەو پرسە گرنگ و چارەنووسسازەیە كە ئاواتی هەموو كورد و كوردستانیەكە، كەس هێندەی كورد باجی سەربەخۆیی نەداوە، تا كوردیش نەبێتە خاوەن دەوڵەت، كوردستان سەقامگیری یەكجارەكی و هەمیشەیی بەخۆیەوە نابینێت.
پرسی كورد و ڕیفراندۆم، دوو دەستەواژەی بەیەكەوە گرێدراون، كورد شایەنی سەربەخۆییە، چونكە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە هەموو جیهان، تاكە هیوا بۆ گەیشتن بەو خەونەش، تەنیا بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان " مسعود بارزانی"ـیە، ئەو تاكە كەسە كە بتوانێت خەونی ئەو میللەتە ستەمدیدەیە بە عەقڵانییەتی خۆی وەك پێشمەرگە و سەركردەیەكی لێهاتوو بێنێتە دی، بۆیە هەمیشە بە ئومێدەوە، دەڕوانینە هەر هەنگاوێكی، لە ئاییندەیەكی نزیكدا ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی جیهان ئاگاداری ویست و بڕیاری خەڵكی كوردستان بێت لەبارەی دواڕۆژی خۆی. بۆیە هەموومان دەڵێین: " بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم."