مەلای مەشهوور و سیاسیەکانی کورد

مەلای مەشهوور و سیاسیەکانی کورد
جارێکیان چەند کەسێک دەچنە لای مەلای مەشهوور و لێی دەپرسن: مامۆستا عەزابی قەبر چۆنە و ئەوەی باسی دەکەن تا کوێ راستە؟ مەلا دەڵێ: خزمینە منیش هەر ئەوەندەی ئێوەی لێدەزانم، بەڵام بۆ ئەوەی بگەینە راستی وەرن من بخەنە ناو قەبر و کونێکی لێ بێڵنەوە و دوایی لە کونەکەوە دێمە دەروە و راستی و درووستی بوون و نەبوونی عەزابی قەبرتان بۆ دێنمەوە, مەلا دەخەنە ناو قەبر و بەجێی دێڵن، مەلا زۆر چاوەڕوانی هاتنی فریشتەکان دەکات و هیچ فریشتەیەک نابینێ، بە رێکەوت قەبرستانەکە دەکەوێتە سەر رێگای کاروانچییان، لەو کاتەی مەلا دێتە دەرێ کاروانێک دەگاتە راستی قەبرەکەی، بە دیتنی مەلا کاروانەکە دەڕەوێتەوە، دوایی کاروانچییەکان مەلا دەگرن و شەقتڕێنێکی باشی دەکەن، مەلا بە لۆژەلۆژ دەچێتەوە ماڵەوە، بە گەیشتنەوەی مەلا خەڵک دەچنە لای و باسی عەزابی قەبری لێدەپرسن، مەلا دەڵێ: خزمینە ئەوەی دەگوترێ هەمووی درۆیە، ئەگەر کەری کاروانچییان نەڕەوێنیەوە، وەڵڵا لە گوڵت کاڵتر پێناڵێن، بەڵام کەری کاروانچییان بڕەوێنیەوە شەقتڕێنت دەکەن وەک دەبینن منیان شەقتڕێن کرد.
لای بزووتنەوەی گۆڕان پارتی جنێوڕشێن نەکەی و تۆمەتی بۆ هەڵنەبەستی، دز و جەردە و گەندەڵی، ئەگەر پارتیش جنێوباران بکەی و تۆمەتی بۆ هەڵبەستی، هەڵسووڕاو و فوول گۆڕانخوازی و دەبیە دەمڕاستی نەوشیروان مستەفا.
لای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەر کەس و باڵێک لەگەڵ پارتی کۆ ببێتەوە، پاشکۆیە و خۆی دۆڕاندووە و بە پارتییەکەی ناو یەکێتی تۆمەتباری دەکەن، بەڵام دژی پارتی بەو لەگەڵ نوری مالیکیش هاوپەیمان بە، یەکێتی رەسەنی و هەڵگری چەپکە گوڵەکەی جەنابی مامی.
لای چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتیش چەندی ماستاوت خەستوخۆڵ بێ، ئەوەندە پلەت بۆ سەرێ هەڵدەکشێ و دەستکەوتیشت زیاتر دەبێ، خۆ ئەگەر ماستاو نەکەی، یان خوا نەخواستە ماستاوەکەت لە دەست بڕژێ، نەک هەر پلەت دێتە خوارێ، بەڵکو دەکەویە خانەی لەبیر کراوان و ئەگەر یەکێ لە ماڵی بارزانی نەمر فریات نەکەوێ، ئەوا بە تۆمەتی خیانەت و بەدڕەوشتی لە پارتیش دەرت دەکەن.
Top