دوا نزا و پاڕانەوەم لە سەرۆک بارزانی

دوا نزا و پاڕانەوەم لە سەرۆک بارزانی
بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی.. ئەوەی دەیڵێم لە پەرۆشیمە و لە رێبازی بارزانی نەمرم هەڵێنحاوە، ئەو رێبازەی کە بە خەبات و ماندوو بوون و شەونخوونی ئاشنا کردین، کوردایەتی و خەباتی نەتەوەیی و رزگاری نیشتیمانی لە هزر و بیرماندا چاند و سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردی لەلا کردینە دوا ئامانجی چارەسەری پرسی کورد، هەر بەو هزر و بیرە نەتەوەییەش بەو ئازادەی ئەمڕۆی گەیانیدن، بەڵام ئەوەی تێبینێ دەکرێ تۆڕیکی گەندەڵکار دەرکەوتوون و بێ شەرم کردن لە رێبازی بارزانی نەمرو رەنج و خوێن و ماندوو بوونی شوێنکەوتووانی و بێباک لەوەی داهاتووی نەتەوەییمان بەرەو کوێ دەبەن، سەرقاڵی بەڕێزتانیان بە پرسە نەتەوەیی و چارەنووسازەکان بە دەرفەت زانیوە و ئازادی ئەمڕۆیان کردۆتە لەوەڕگای خۆیان و بەوەش داهاتووی گەلەکەمانیان خستۆتە ژێر پرسیار.
بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی.. ئەو تۆڕە گەندەڵکارەی ئێستا لە کوردستان بوونی هەیە و بە زۆرێک لە دامودەزگا حزبی و حکومیەکاندا بڵاو بوونەتەوە، لە قۆناغێکی هەستیاری وەک ئێستادا کە جەنابتان لە بەدیهێنانی خەونی بارزانی نەمر کە سەربەخۆیی کوردستانە نزیک بوونەوە، دوور لە هەموو بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و بێ ئاوڕدانەوە لە مێژوو و بێباک لەوەی لە داهاتوو چی روودەدات، لە دیدگای بەرژەوەندی خۆیان بۆ بەرژەوەندی گشتی دەڕاوانن و هەستیاری قۆناغەکە بۆ چنینەوەى دەستکەوتی تایبەتی دەقۆزنەوە.
بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی.. مەترسی ئەو تۆڕە گەندەڵکارە هیچی کەمتر نییە لە مەترسی داعش و حەشدی شەعبی و ئەو پیلانە هەرێمیانەی بە هاوکاری هەندێ دەستە و گرووپی ناوخۆ، دژ بە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی بەڕێزتان و پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان دەگێڕدرێن، بۆیە ئەگەر سزا نەدرێن و وەک ریسوایەک بە کۆمەڵگا نەناسێنرێن و ئەو گەندەڵکاری و بەرژەوەندخوازییەیان بۆ بچێتە سەر، لەوە دڵنیام لە داهاتوودا رێبازی بارزانی نەمر و خوێن و خەباتی دەیان ساڵە و مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی گەلەکەشمان سزا دەدەن و، هەڵوێستە نەتەوەییەکانی جەنابتان و پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان و هەنگاوەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیش دەوەستێنن.
بەڕێز جەنابی سەرۆک.. خوا شاهیدە ئەوەندەی لەو تۆڕە گەندەڵکارە دەترسم، هێندە لە هەر چوار داگیرکارە دوژمنەکەی کورد و نۆکەر و دەست و پێوەدەکانیان ناترسم، چونکە تا خاوەنی رێبازی بارزانی نەمر بین هیچ دوژمن و داگیرکارێک ناتوانێ کاروانی خەباتی رووە و سەربەخۆییمان بوەستێنێ، مێژووش سەلماندوویەتی کە بە رێبازی بارزانی نەمر زۆر قۆتغی هەستیارمان تێپەڕاندوون، لە زۆر شکستیش هەساوینەوە و زۆر جاران داگیرکارانمان بەزاندوون و نۆکەر و دەست و پێوەندەکانیشیان زیاتر لە جارێک بە زەلیلی هاتوونەوە بەر دەرگای کوردایەتی و داوای بەخشینیان لە رێبازی بارزانی نەمر کردووە، بەڵام ئەوەی ئەو تۆڕە گەندڵکارە دەیکات بنکۆڵ کردنی رێبازی بارزانی نەمرە، بە بنکۆڵ کردنی رێبازی بارزانی نەمریش وەک ئەوە وایە دەرزیلەی تفەنگەکانمان دەربێنن و بماننێرنە بەرەی جەنگی سوپایەکی دڵ رەقی پڕ چەک و راهێنراو لەسەر کوردکوژی.
بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی.. ئەگەرچی بارزانی نەمر بە رواڵەت و جەستە لە ناومان نەماوە، بەڵام رێبازێکی بۆ جێهێشتووین کە لە فەرموودە و بڕوای شۆڕشگێڕی و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانیدا بەرجەستە دەبن، ئەو رێبازەش بۆتە دارعەسای دەستمان و ئەگەر پابەند بین پێیەوە، دەتوانین لە هەورازە سەخت و نشێو و زەندۆڵە هەڵدێرەکاندا خۆمانی پێوە بگرینەوە، ئەگەر وەک نموونەش ئەو فەرموودەیەی وەربگرین کە لە دوای رێککەوتننامەی ١١ی ئازار و لە کۆنفرانسی پێشمەرگە رووی لە بەرپرسان کرد و فەرمووی: داواتان لێدەکەم ئەوەی بە خوێن و خەبات دەستتان کەوت، قەسر و قەمەرە و پارە لێتان نەستێنێ، جا ئەو ترسەی دەیان ساڵ بەر لە ئێستا بارزانی نەمر لەسەر دەستکەوتەکانی خوێن و خەباتمان پیشانی داوین، ئەگەر رێ لەو گەندڵکار و دیاردەی خزمخزمێنە و واستەکاری نەگیرێ، ئەوا دەوری دەستکێشی دوژمنان دەبینن و ئەو مافە زەوتکراوانەی بە هێزی رێبازی بارزانی نەمر و بە خوێن و خەبات لە داگیرکارانمان ستاندنەوە، ئەوان دانە بە دانە لە کۆشی داگیرکارانی کوردستان و داگیرکارانی کوردیان دەکەنەوە.
بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی.. دەزانم قۆناغەکە هەستیارە و داگیرکارانی کوردستان و نەیارانی ناوخۆ باوەشیان بۆ هەر گەندەڵکارێک کردۆتەوە، کە لە کاتی سزادانیان دڵنیام رادەکەن و خۆ بە باوەشیان دادەکەن، ئەوەش دەزانم کە ئەوکات داگیرکاران و نەیارانی ناوخۆ مەدالیای قارەمانێتی و گۆڕانخوازی و گەلدۆستیان بە بەرۆکدا هەڵدەواسن و وەک دەمشڕەکانی ئێستا دەوری چەواشەکاریان پێدەدەن، بەڵام هێشتا سزا دانیان لەوە باشترە کە بە ناسنامەی رێبازی بارزانی نەمرەوە گەندەڵی بکەن و خزم و ماستاوچییەکان لە شوێن شوێنکەوتووانی راستەقینەی بارزانی نەمر دابنێن.
Top