بزاوتێكی دوو ئاراستەیی

بزاوتێكی دوو ئاراستەیی
لە ناو چڕە دوكەڵی ناوچەكەدا، ئەجنداكان هەڵپەی ئەوەیانە، چییان لەدوای نەمانی شەڕ و سافبوونەوەی ئاسمانی ناوچەكە دەست دەكەوێت، لە پەنای ئەو هەڵپە و ئاڵوگۆڕە خێرایەی لە هاوپەیمانییەكانادا دەبیندرێ، خەڵكێكی زۆر دەبێتە قوربانیی ئەو ئاگرە، لێ ئەجنداكان بەلایانەوە گرنگ نییە، نەك هەر ئەجندای هێزە گەورەكانی جیهان و هێزە ئیقلیمییەكان، ئەوەی لێ دەرچێ كە ئەمەریكا لەسەر بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی بنكەی ئاسمانی شعێراتی بۆردومانكرد، بەڵكو ئەجندای هێزە ناوخۆییەكانیش دەیانەوێ بەسەر وێرانە و خوێنی خەڵكی سڤیلدا بە دەسكەوتەكانیان بگەن.
ئەجندا ناوخۆییەكان بە ئیسلامی و نەتەوەییەوە، لە ناو تەپۆتۆزی جەنگ و كاولكاریدا، بەڵێن بە خەڵك دەدەن، بەوەی ئەوان لە دەسەڵاتدابن خۆشگوزەرانی دەهێنن، ئەمە حاڵی میللەتانی ئەم ناوچەیەیە، ئەجندای عەرەبی با لەژێر ناوی جۆراوجۆریشەوە بێت، بەڵام هەموویان عەرەبچێتی دەكەن. بە كورتی لەم ناوچەیەدا كێبەركێ لەسەر ئەوە دەكرێ، كێ زیاتر كار بۆ نەژادپەرستیی عەرەب و تورك و فارس دەكات.
ئەم دیمەنە لە كوردستان بە جۆرێكی دی دەبیندرێ، خوانەخواستە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدانیم، ئەجندای حزبەكانمان گوێ بە خوێن و هیلاكیی خەڵك نەدەن، وەك لە عێراق و سوریا دەبیندرێ، بەڵام نابێ ناكۆكیی حزبی وا بكات، تەپوتۆزی شەڕ بنیشێتەوە و هێشتا وەخۆنەكەوتبین، ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێ، شاردنەوەی واقیعی ناوچەكەیە، وەك ئەوەی دەروروبەرمان بەچاوی ئینسان دۆستییەوە سەیرمان بكەن، مافی خەڵكی كوردستانیان قبوڵ بێت، بۆیە حزبەكان دۆخێكیان خوڵقاندووە، ئەوەی باسی دوارۆژ و سەربەخۆیی بكات بە خەون و هەڵخەڵەتاندن پێشان بدرێ، ئەمەش لەبەرئەوەیە وەئەستۆگرتنی هێنانەدیی ئاواتی دێرینی خەڵك ئەركێكی قورسە.
دۆخەكە گەیەندرایە ئاستێك، لە ئەنجامی ناكۆكیی حزبی، دوو تێڕوانین پەیدابوون، یەكیان ژیانی خەڵك و هێنانەدیی ئامانجی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانی بەیەكەوە گرێداوە (پارتی)، ئەوەی دی بیانوو بۆ مافی چارەنووس دێنێتەوە كە كاتی نییە و ئەمە بۆ شاردنەوەی چاكسازییە(هەندێ لایەن). پەیامی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جووڵەیەكی خستەوە گۆڕەپانی سیاسی، كۆبوونەوەی لایەنەكانی بەدواداهات، بەتایبەتیش كۆبوونەوەی 2 و 10ی نیسانی 2017 ی نێوان پارتی و یەكێتی بەسەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی، تەكانێكی دیكە بوو بۆ زیاتر لێكنزیك بوونەوەی هەردوو تێڕوانین، بەرەو یەكگوتاری لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەكاندا.
كۆبوونەوەی رۆژی 9 ی نیسانی 2017ی هەردوو حزب، بە سەرپەرشتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كونسوڵ و نوێنەری دەوڵەتان لە هەرێمی كوردستان، هەنگاوێكی گرنگە بۆ كۆكردنەوەی وزە و توانا و تێكەڵ نەكردنی كاغەزەكان، بەمەش تا دێت بەرهەمی دیپلۆماسیی كوردستان فراوانتر دەبێت، بەتایبەتیش لەو كۆبوونەوەیەدا پرسی ریفڕاندۆم و بڕیاردانی چارەنووس بە كونسوڵ و نوێنەری دەوڵەتان راگەیاندراوە، كەواتە ئەم جووڵەیە دوو ئاراستەیە (دەرەوە و ناوخۆ)، پەیوەندیی هەرێم و دەوڵەتان و لێكنزیك بوونەوەی لایەنەكان، بۆیە لێرەوە پێویستە كۆتایی بە مشتومڕی (ناوخۆ یان دەرەوە گرنگترە) بهێندرێ، ئێستا هەوڵەكە هەردووكی بە یەكەوە بەستۆتەوە.
* رۆژی 12/4/2017 لە رۆژنامەی خەبات بڵاوبۆتەوە.
Top