بــا لــە مێـژووەوە فێــر بین
April 12, 2017
وتار و بیروڕا
هەر بۆیە دەكرێت بڵێن مێژوو لە سەرووی هەموو زانستەكانە و پێویستە هەموو كەسێك مێژوو بخوێنێتەوە بەتایبەت كارەكتەرە سیاسیەكان، لەبەرئەوەی كارەكتەری سیاسی ئەگەر شارەزایی لە مێژووی كۆمەڵگەكەی خۆی و دەوروبەری نەبێت، بێگومان ناتوانێت بریارێکی درووست بدات، چونكە لەبیر نەكەین یەكێك لە سودەكانی خوێندنی مێژوو بریاردانی درووستە، هەروەك مێژوونوس (جۆن سێڵی) دەڵێت:"مێژوو قوتابخانەی سیاسەتە واتە مێژوو سیاسەتی رابردووە، سیاسەتیش رابردووی ئەمرۆیە، بەبێ ئەوەی كەمێك شارەزایی مێژوو بین بەلایەنی كەمەوە ناتوانین بریارێكی درووست بدەین لەسەر روداوەكانی سەردەمی خۆمان".
هەر كەسێك شارەزایی باشی لەمێژوو دا هەبێت وەكو ئەوە وایە لەهەموو سەردەمەكان دا ژیابێت، هیچ گومانیش لەوە دانیە كەم توشی هەڵە ئەبێت. ئەگەر سەیری هەندێ لایەنی سیاسی عێراق بكەین زیاتر بە دوای شتی تەقلیدین و كارەكانیشیان زیاتر لاسایی كردنەوەیە نەوەك شتی تازە، یاخود ئەگەر لە مێژووی عێراقی هاوچەرخ بڕوانین، ئەوا بەروونی بۆمان دەردەكەوێت كە كلتوری كۆپی كردن و لاسایی كردنەوە شوێنی داهێنان و رەخنەگرتنی ئەكادیمی گرتۆتەوە لە شێوازی حكوم رانی كردن دا، لەكاتێك دا دەبێت بزانین كە شێوازی لاسایی كردنەوە ئاسانترین شێوازە بۆ پراكتیزە كردن، لە هەمان كات دا خراپترین رێگەیە بۆ بەرێوەبردن و حكوم رانی.
نەتەوەی كوردیش لەچوارچێوەی عێراق هەر لە دوێنێ تا ئەمرۆ بەشێكی زۆری ماڵ وێرانی و چەوسانەوەی بەركەوتووە لەسایەی سەرانی عێراق هەر لە (كیمیاباران ،ئەنفال ،راگواستن،زیندە بەچاڵ كردن ،برسی كردن، ئیهانە کردن.......هتد) .
هەموو ئەمانەش ئاماژەیی روونن کە قەیرانی حکوم هەیە، نەوەک حکومەت لە عێراق دا هەر لەدامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵ دا بێت، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو ڕوداو و کارەساتە جەرگ برانەی بەسەر نەتەوەکەمان دا هات هۆكارەكەی كورد بوون بوو نەوک شتی تر، چونكە بەدیدی ئەوان كورد نەتەوەیەكی نامۆ و غەریبەن و ناشبێت بە ئازادی بژین، لەئێستا دا دەبێت سیاسیەكان باش لەوە تێبگەن تا لەگەڵ عێراق بمێنینەوە، دەبێت چاوەرێی دوبارە بوونەوەی ئەو روداو و كارەسات و مەرگەساتانە بكەن كە لەرابردوو بەسەرنەتەوەكەمان دا هات، هەر بۆیە دەکرێت بڵێین باشترین ئۆپشن بۆ دەربازبوون و دوبارەنەبوونەوەی ئەو روداو و کارەساتانە یەك گوتاری سەرجەم پارتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەنجام دانی راپرسی و پاڵپشتی كردن لە بریارەكانی رێزدار (سەرۆك بارزانی) بۆ سەربەخۆیی کوردستان، تاوەكو خوێنی شەهیدە سەربەرزەكان بەهەدەر نەچێت و رووحی پاكیان ئاسودەبێت، لەهەمان كات دا نەوەکانی داهاتووش شكۆمەندانە بژین، چونکە ئەمیان هۆکارێکە تاوەکو هەموو لایەک مێژووێکی پڕ سەروەری تۆمار بکەن.