جامی ژەهرەكە بنۆشن!

جامی ژەهرەكە بنۆشن!
سەربەخۆیی كوردستان حەتمییە و دەبێ هەموو ئەوانەی حەز ناكەن گەلی كوردستان هەناسەیەكی ئازادی هەڵمژێت و کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەم میللەتە هەر بە پارچە پارچە و داگیركراوی بمێنێتەوە، پێویستە مۆدێلی دەوڵەتێكی نوێ لە ناوچەکەدا وەك ئەمری واقیع ببینن.
ئەنكەرە، بەغدا، سورییەی وێران، زانیارییان لە هەموو دنیا زێترە كە دروستبوونی قەوارەیەكی كوردی بە ناوی دەوڵەتی كوردستانەوە نزیکه‌. باشتر وایە بیر لەوە بكەنەوە چۆن لەگەڵ وڵاتێكی نوێی دیموكراسی دراوسێتاندا هەڵكەن و پەیوەندی دابمەزرێنن و بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابورییەكانیان فەراهەم بكەن.
ئەوەی پەیوەندی بە كۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە هەیە، هەروەك چۆن لە چەند قۆناغێکی مێژوویی جیاوازدا هاریكاریی خەڵكی كوردستانی كردووە، لە هەمان كاتیشدا لە چەند قۆناغی دیكەی گۆڕانكاریی ناوچەكەشدا پێی لە جەرگی خۆی ناوە و جامی ژەهری نۆشیوە، بۆ ئەوەی دەست بە سیاسەتی پراگماتیكیانەی خۆیەوە بگرێ، ئەمجارەیش بەر لە هەر وڵاتێكی دیكەی جیران، گەلی کوردستان داوا لە ئێران دەكات كە بۆ سەربەخۆیی كوردستان پێشوودرێژ بێ و لە هاتنە پێشەوەی بۆ ئەم پرسە دەستپێشخەر و هاریكار بێت.
پێویستە هەموو ئەوانەی سەربەخۆیی کوردستان بە دەستەواژەو میتۆدی ناڕەوا ناوزەد دەکەن، سەرمایەگوزاریەکانتان لە دژی (ئیسڕائیلی دووەم) و (دەوڵەتەكەی بارزانی) و (ڕیفراندۆمە حزبییەكەی پارتی و پەكێتی) و ئەوەی ناوتان ناوە غودەی سەرەتانی و ژێرپەنجەی دووەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگرن، خەریكی باری ژڵەژاو و نالەبارینێوخۆیی خۆتان بن، چونكە پێتان خۆش بێت یان نا، دەوڵەتێكی نوێ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێزیكتاندا سەر دەردینێ، ناچار بە هەڵدانی پێکە ژەهرەکەتان دەکات.!
ئێوەش ئەی ئەو نوخبە سەرلێشێواوەی كە هیچ بەرنامە و بیانوویەکی شایانی باستان نییە، چیتر ئەوراقە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان تێكەڵی ڕق و کینە و مەکەن، لە وەختێكدا هەموو گەل چاوی لە سەرخستنی پرۆسەی ڕیفراندۆم و هەنگاوی دووەمە كە ڕاگەیاندنی سەربەخۆییە، کەچی ئێوەش تەنیا خەریكی دڵساردكردنەوە و پاساوی بێ بنەمان
لە ڕاستیدا بە گەرمكردنی بازاڕی موزایدەی سیاسی بە هیچ ئارمانجێك ناگەن، جگە لە پەشیمان بوونەوە، پارتی و یەكێتی سوورن لە سەر پتەوكردنی یەكڕیزیی نیشتمانیی و بڕیاری دەستەجەمعی بۆ هەنگاوی كرداری سەربەخۆیی كوردستان. بەداخەوە ئێوە هیچ شتێك لە مێژوو فێر نەبوون، تازە دێن هەڵەی پێشینان دووپات دەكەنەوە، دەبوایە لەم هەموو گۆڕانكاریی و ڕووداوە سیاسیانەی لە ناوچەكەدا ڕوودەدەن، مێژوو فێری چەند وانەیەكی بە نرخ و ژیرانەی كردبان، تا چیتر دوگما و ئیرهابی فكری بۆ ئەم میللەتە ماندووە بەرهەم نەهێنن، لە باتی ئەوە هەقە بە خۆتاندابچنەوەو دەستیاری سەرۆك بارزانی و پارتی و پەكێتی بكەن، بۆ سەرخستنی ئەم پرسە نەتەوەییە چارەنوسسازە .
ئیتر بەسە، چاوتان بە ئاراستەی ڕێگەی ڕاستی نیشتیمانی و نەتەوەیی بکەنەوە و کار بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكەن..
Top