نەوشیروان مستەفا ژمارەی پێوانەیی خۆی شکاند

نەوشیروان مستەفا ژمارەی پێوانەیی خۆی شکاند
نەوشیروان مستەفا لە گەشتی یەکەمی هەڵاتن و وڵات جێهێشتندا حەوت مانگ و حەوت رۆژی رەبەق لە بەریتانیا پاڵی دایەوە و هەڵسووڕا و گۆڕانخوازەکانی لە چاوەڕوانی گۆدۆدا خستنە دڵەڕاوکێوە, لەو کاتەوە تا ئێستا کەس نەیتوانیوە لە هەڵاتن و خۆ شاردنەوەى سیاسیدا ئەو ژمارە پێوانەیە بشکێنێ، ئەمڕۆ ١٠ــ٤ــ٢٠١٧ لە گەشتی دووەمی هەڵاتنیدا رێک دەکاتە حەوت مانگ و حەوت رۆژ و سبەی ژمارەی پێوانەیی هەڵاتنی پێشووی دەشکێنێ, لەسەر گەڕانەوە و نەگرانەوەشی هەر هەڵسووڕاوە و جۆرێک لێدوان دەدات، یەکێ دەڵێ: نەخۆشە و لەژێر چاودێری پزیشکی دایە، یەکێکی تر دەڵێ: خەریکی نووسینەوەى بیرەوەریەکانیەتی و زۆر لێدوانی دژ و پێچەوانەی تر.

لە هەموو لیدوانەکان سەرنج راکێشتر لێدوانی برزۆ مەجیدی پەرلەمانتار و هەڵسووڕاوە کە دەڵێ: کاک نەوشیروان کەسێکی کاریزما و ئەزمووندیدەیە و پێویستی بە موجامەلەی کەس نییە و منیش موجامەلەی کەس ناکەم، کاک نەوشیروان لە دەرەوە رووداو و گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەی خستوونە ژێر چاودێری و لە کاتی پێویستدا چارەسەری گونجاو بۆ رووداو و گۆڕانکاریەکان دادەنێ.

بە قسەی برزۆ مەجیدی هەڵسووڕاو بێ نەوشیروان مستەفا چەندی لە رووداو و گۆڕانکاریەکان دوور بێ، ئەوەندە چارسەرەکەی باشتر و کاریگەرتر دەبێ، لە هەمان کاتدا برزۆ و هەڵسووڕاوانی تر پێیان وایە رووداو و گۆڕانکاریەکان دوورن و کاتی ئەوە نەهاتووە کاک نەوشیروان رای خۆی لەسەریان بڵێ.
Top