دڵتان بە هەڕەشەکانی ئەردۆغان خۆش مەکەن

دڵتان بە هەڕەشەکانی ئەردۆغان خۆش مەکەن
تورکیا و سێ داگیرکارەکەی تری کوردستانیش بۆ ئەوەی پارتی و سەرۆک بارزانی ناچار بکەن دەستبەرداری ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان ببن، زۆر جار هەڕەشەی سیاسی و سەربازی و ئابووریان لە کورد بە گشتی و پارتی و سەرۆک بارزانی بە تایبەتی کردوون، لە وەڵامی هەڕەشە سیاسیەکاندا سەرۆک بارزانی بە نەتەوەکان لە ماف و ئازادیدا یەکسانن وەڵامی تورکیا و هەموو داگیرکارانی کوردستانی داوەتەوە، لە وەڵامی هەڕشە سەربازیەکانیشدا چۆن لە بەرەکانی جەنگی داعشدا پێشمەرگانە بەرگری لە کوردستان کرد و داعشی تووشی شکست کرد، هەموومان لە بریمانە کاتێ تورکیا هەڕەشەی هاتنە قەندیلی دەکرد، خۆی چووە سنوورەکان و وەک پایامێک بۆ هەموو داگیرکاران بە تورکەکانی گوت: دەکرێ بەسەر لاشەکانمادا گوزەر بکەن و بگەنە قەندیل، لە وەڵامی هەڕەشە ئابوریەکانیش سەرۆک بارزانی بەردەوام سەربەخۆیی و برێستی بەلاوە پیرۆزتر بوون لە تێری و ژێردەستەیی.
لێرەوە رووی قسەم دەکەمە دژبەرانی سەربەخۆیی و پێیان دەڵێم: کاتێک تورکیا فرۆکەکەی روسیای خستە خوارەوە، دەتانگوت: روسیا تورکیا لەگەڵ زەوی تەخت دەکا، کاتێک کودەتا لە تورکیا روویدا لە زۆر شار و ناوچە بۆ هاتوهاوار کەژاوەی سەیارەتان رێکخستبوون، ئێستا کە لەسەر هەڵکردنی ئاڵا و پرسی سەربەخۆیی تورکیا وەک هەموو جارەکانی تر باوبژی سیاسی لە خۆی دەردەکات، ئێوەی دژبەرانی سەربەخۆیی شاییتان لە دڵی دەگەڕێ و پێتان وایە ئەو هەڕەشانە ئیرادەی روەتی سەربەخۆیی دەوەستێنن و ئیتر ئامانجەکەتان بە شکستی سەرۆک بارزانی دێتەدی، ئەوە خۆشخەیاڵییە و هەڕەشەکانی رابردووی تورکیا و داگیرکارانی تر چەندی ئیرادەی رەوتی سەربەخۆیی وەستاند، هەڕەشەکانی ئەمجارەی تورکیا و ئەوانی تر و ئێوەی هاوهەڵوێست لەگەڵیان هەر ئەوەندەی دەوەستێنێ، تکایە مەبەنە مەڕی دابڕاو لە میگەل و لەسەر پێی کوردایەتی بوەستن و دارشەقەی حزبی فڕێدەن، ئومێدی رشتنی کۆنەقین لەسەر هەڕەشەی دوژمنان هەڵمەچنن، چونکە بە دارشەقە ناتوانن بە هەورازی سەختی کوردایەتی هەڵگەڕێن و بە نشێوی پڕ هەڵدێری خەباتی سەربەخۆییدا بێنە خوارێ، هەڕەشەی دوژمنانیش خواستی حزبی و ئومیدی رشتنی کۆنەقینتان ناهێنێتەدی.
Top