گشتپرسی و سەربەخۆیی زۆر کەس بچوک دەکاتەوە و بازاڕی خۆفرۆشیش کز دەکات

گشتپرسی و سەربەخۆیی زۆر کەس بچوک دەکاتەوە و بازاڕی خۆفرۆشیش کز دەکات
کەرتبوونی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ململانێ و رکابەری ناو حزب و لایەنەکانی کوردستان، کۆمەڵێک میدیاکاری جنێوفرۆش و هەندێ نووسەر و رۆشنبیری خۆ هەڕاجەکەری هێنانە ناو کایە سیاسیەکان و گەیاندنیە ناوەندی بڕیار، ئەگەر یەکێتی دووکەرت نەبوایە و ململانێ و رکابەرە حزبیەکانیش بە کۆنەقین متووربەی سیاسی نەکرابان، هەرگیزاو هەرگیز ئەو میدیاکارە جنێوفرۆش و نووسەر و رۆشنبیرە خۆ هەڕاجکەرانە نەدەگەشتنە ئەو پلە و پۆستە باڵایانە.
میدیاکارە جنێوفرۆشەکان و نووسەر و رۆشنبیرە خۆ هەڕاجکەرەکان نانیان لە ململانێ و رکابەری ناو حزب و لایەنەکان دایە، چونکە زیندەوەرە زیانبەخشەکان لەژینگەی پیس و ناو کەلاکی بۆگەندا گەشە دەکەن، ئەو ململانێ و رکابەریەی ئێستای ناو حزب و لایەنەکانیش ژینگەی کوردایەتیان پیس کردووە و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیش لەناو بەرژەوەدی گشتیدا بوونەتە کەلاکە بۆگەنەکە، ئەوەش وایکردووە میدیاکارە جنێوفەرۆشەکان و نووسەر و رۆشنبیرە خۆ هەڕاجکەرەکان لەناو ئەو ژینگە پیسە و کەلاکە بۆگەنەدا خۆراکی خۆ بە سیاسی کردنیان دەست بکەوێ و ببنە جەمسەرێکی ناو پرۆسەی سیاسی.
ئێستا کە پرسی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان گەرم بووە و دڵسۆزان و خەمخۆرانی کوردی لێک نزیک کردۆتەوە، میدیاکارە جنێوفرۆشەکان و نووسەر و رۆشنبیرە خۆ هەڕاجکەرەکان باش دەزانن، ئەگەر گشتپرسی بکرێ زۆرینەی رەهای خەڵکی کوردستان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەنگ دەدەن، بەوەش هەم دەمی میدیاکارە جنێوفرۆشەکان لە توورەکەی کوردایەتی دەنرێ و هەم بازاڕی نووسەر و رۆشنبیرە خۆ هەڕاجکەرەکانیش کز دەبێ، بۆیە لە داگیرکاران توندتر بە گژ پرۆسەی گشتپرسی و سەربەخۆییدا دەچنەوە.
کورد دەڵێ دەروێش دەزانێ کەشکۆڵ چی تێدایە، میدیاکارە جنێوفرۆشەکانیش کە ئێستا دەوری کەسانی سیاسەتکار دەبینن، لەوە گەیشتوون ئەگەر کورد بگاتە مافی سەربەخۆیی ململانێ و رکابەرە حزبییەکان بە جۆرێک کاڵ دەبنەوە کە ئەوان دەوریان نامێنێ، بۆیە بە پلان و بەرنامەی پێشوەخت شەڕی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، نوری مالیکی و دژە کوردەکانی بەغدا و داگیرکارانی تری کوردستانیش بازاڕی کڕین و بەکرێ گرتن بە رووی نووسەر و رۆشنبیرە خۆ هەڕاجکەرەکاندا دادەخەن، جا بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی بە دەستیانەوە ماوە کار بۆ ئەوە دەکەن دوا پارووی چەور لە بازاڕی خۆ هەڕاجکردن دابگرن.
Top