بەغدا هەر بەغدایە

بەغدا هەر بەغدایە
كورد چەندان دەیەی بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و چاوەڕوانی بەڕێكردووە، دوای ئەو هەموو ماوەیە و گۆڕانی بارودۆخی نێودەوڵەتی، هێشتا دیدی بەغدا بەرامبەر كورد نەگۆڕاوە، كاتێ پەرلەمانتارانی عەرەب بە سوننە و شیعەوە، رۆژی 1 ی نیسانی 2017 لە بەغدا، بە بێ پەرلەمانتارانی كورد، دەنگیان دژی بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان دا، جارێكی دی زەنگی هەڕەشە و دژایەتیكردنی كورد لێدرا، ئەگەرچی ئاماژەكانی رەتكردنەوەی مافی كورد، دەمێكە لە قۆناغی دوای 2003 دەركەوتوون، بەڵام یەكی نیسان پێی گوتین، لەمێژە درۆ لەگەڵ كورد دەكرێ، ئەدی كورد بە تەمای چییە؟
دوێنێ 4/4/2017 یادی 58 ساڵەی بە ئاشكرا دەرچوونی رۆژنامەی خەبات بوو، دەرچوون و داخستنی خەبات لە بەغدا، وەك نموونەیەكی ئەوكات باس دەكەین، بۆ ئەوەی لەبیرمان نەچێت، بەغدا بەدرێژایی مێژوو، هەر خەریكی فێڵ و تەڵەكە و كات بەڕێكردن بووە لەگەڵ كورد، كە لاوازبووە كوردی بە هاوبەش زانیوە، سەروەختی بەهێزبوونەوەش پەلاماری كوردی داوە، دوای 1958 و رووخانی پاشایەتی و هاتنە ئارای یەكەم سەردەمی كۆماری، بارزانیی نەمر لە یەكێتی سۆڤیەت گەڕایەوە، رۆژی 4/4/1959 یەكەم ژمارەی رۆژنامەی خەبات لە بەغدا دەرچوو، پارتیش مۆڵەتی حزبایەتیی وەرگرت، بەڵام زۆری نەبرد، چیدی كورد لە بەغدا جێی نەبۆوە، رۆژنامەی خەبات داخرا و دوا ژمارەی لە 28 ی ئاداری 1961 لە بەغدا دەرچوو.
وێڕای ئەو هەموو خوێنەی لە نێوان شیعە و سوننە رژاوە، عەرەبچێتی بەرامبەر كورد یەكیان دەخاتەوە، ماددەی 140 ی دەستووری عێراق 10 ساڵە پشتگوێ دەخرێ، نەك هەر ئەوە، بەڵكو شانازی بەوەوە دەكەن كە لێنەگەڕاون ئەو ماددەیە جێبەجێ بكرێت، راستە ئێستا بەغدا لاوازە، بەڵام لە ڕێی مەزهەبەوە لەگەڵ تاران هاوپەیمانی بەهێزن، ئێستا حكوومەتی مەزهەبگەرایی لە تاران و بەغدا، دژایەتیكردنی كوردی بردۆتە قۆناغێكی دی، بەم شێوەیە تاران و بەغدا و دیمەشق، بە جۆرێك و ئەنقەرەش بە جۆرێكی دی كاری خۆیان بەرامبەر كورد دەكەن.
هەقە 1 ی نیسانی بەغدا، بۆ دوو ئاست ورد بكەینەوە، یەكیان ئەوەیە، بەغدا گوێ بە كورد نادات، هەوڵ دەدات بە زۆرینەی سیاسی لە پەرلەمان، بە یاسا دژایەتی مافی كورد بكات، بۆیە پێویستە كورد بەو زەنگە وەئاگابێتەوە و لەو ئاماژانەی بەغدا تێبگات، ئەویدیكەیان وەبەرهێنانی رووداوەكەیە لە ناوخۆی كوردستاندا، نابێ چیدی ناكۆكیی حزبەكان لە لایەن بەغداوە بەكاربهێندرێت و ببێتە هۆكاری بەرین بوونی كەلێنی نێوان حزبەكان، هەقە حزبەكان كۆبوونەوەی 2 ی نیسانی 2017 ی نێوان پارتی و یەكێتی بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، لە بەر رۆشنایی ئەو رووداوانەی روودەدەن و بەڕێوەن، بكەنە بناغەی قۆناغێكی نوێی یەكهەڵوێستی و دەرچوون لە قاڵبی بەرژەوەندیی حزبی و خوێندنەوەی دروستی بارودۆخی ناوچەكە بكەن،پێویستە بزانرێ بارودۆخی ئیقلیمی، نەك لە 1992 بەهێزتر نییە كە تیایدا فیدڕاڵی راگەیاندرا، بەڵكو گۆڕانێكی گەورەی بەسەردا هاتووە، داواكارییش بەرەو پێش دەچێت، نابێ بۆ دواوە بگەڕێتەوە.
Top