سیاسەتی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە دوای رووداوەكەی ویستمنیستەرەوە

سیاسەتی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە دوای رووداوەكەی ویستمنیستەرەوە
هەمیشە پرسیارەكە ئەوە بوو، ئایا كەی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا رووبەڕووی هێرشێكی تێرۆریستی دیكە دەبێتەوە. ژمارەی كوژراوەكانی پەلامارەكەی ویستمنیستەر چوار كەس بوون، ژمارەیەكی زۆریش بریندار بوون. ئەنجامدەرەكە ناوی خالید مەسعود بوو، كە هاووڵاتییەكی بەریتانی بوو و ببووە موسڵمان. دەوڵەتی ئیسلامی كە بە (داعش) ناسراوە، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و مەسعودی وەك «سەربازێكی دەوڵەتی ئیسلامی وەسف كرد كە «هەڵساوە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێك وەك وەڵامدانەوەی بۆ بانگەوازەكانی پەیوەست بە بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی هاوپەیمانێتی دژی داعش.»
بۆ ماوەیەكی دوور و درێژە شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا بۆتە ئامانجی توندەڕەوە ئیسلامییەكان. لە مانگی تەمموزی 2005دا تۆڕی گواستنەوەی لەندەن، بە ئەنجامدانی چەند تەقینەوەیەك كرایە ئامانج ( كە 52 كەسی تێدا كوژرا)، هەروەها پەلاماردانی «لیی رێگبی» بە چەقۆ و كوشتنی لە مانگی ئایاری 2013دا بەڵگەیەكی دیكەیە لەم رووەوە، بە هەمان شێوە سەفەركردنی نزیكەی 850 كەس لە وڵاتەكەوە بۆ سووریا تاوەكو شەڕ بۆ داعش و گروپە رادیكاڵەكانی دیكە بكەن.
هەرچۆنێك بێت، ئەمە تەنیا رووكەشی مەسەلەكەیە. لەبەر ئەوەی لە دوای رووداوەكانی 11/9 وە، لە هەموو ساڵێكدا شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا، یان هێرشێكی تیرۆریستی گەورەی پوچەڵ كردۆتەوە، یان دووچاری بۆتەوە. كە زۆرێكیان گرێدراوی ئەلقاعیدە بوون و سەرچاوەیان لە پاكستانەوە گرتبوو. پیلانگێڕی دروستكردنی بۆمبی ماددە پیتێنەرەكان لە ساڵی 2004، پیلانگێڕی بۆمبی دروستكراو لە ماددە شلەكان لە ساڵی 2006، هەروەها پیلانگێڕی بۆمبەكەی «ئیستەر» لە ساڵی 2009دا، هەموویان نموونەن لەم رووەوە. هێرشەكانی دیكە لە ناوچەی شامەوە سەرچاوەیان گرتبوو. ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و هێرشی خۆكوژی لە لەندەن و گلاسكۆ لە ساڵی 2007دا، لەلایەن رێكخراوەكەی پێش داعشەوە، واتە ئەلقاعیدە لە عێراقدا ئەنجامدران. ئەو كردەوە تیرۆریستییانەی لە سووریادا پلانیان بۆ داڕێژدرا لە ساڵی 2005دا شانشینی یەكگرتوویان ناچاركرد، هێرشێكی سەركەوتووی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ئەنجام بدات دژی هاووڵاتییەكانی خۆی، كە بۆ یەكەمجار بوو كارێك لەو شێوەیە ئەنجام بدات.
سیاسەتێكی توندوتۆڵ
لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریزمدا بە هیچ شێوەیەك لەندەن ساردی نەنواندووە. لە دەرەوەڕا، سوپاكەی پابەند كردووە بە هەوڵەكانی شەڕی ئەفغانستان، عێراق و، سووریا و مەشقی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری لە سۆماڵ و مالی ئەنجام داوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی، دادگاكانی بەریتانیا 264 حوكمیان لەسەر ئەو هێرشە تیرۆریستییانە دەركردووە، كە ئیلهامیان لە ئیسلامیزمەوە وەرگرتووە. وەزارەتی ناوخۆ پەرەی بە ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی داوە. دەزگا ئەمنییەكان چاودێری زیاتر لە 3000 كەس دەكەن لە شانشینی یەكگرتوودا ئەوانەی كە گومانیان لێدەكرێت ئامادەیی ئەنجامدانی هێرشیان تێدا بێت. ئاژانسەكانی هەواڵگری ناوخۆیی و دەرەكی بەریتانیا و هێزی پۆلیس بە شێوەیەكی كارا پێكەوە كاردەكەن.
لە ساڵی 2014دا، تیریزا مەی، (كە ئەو كاتە وەزیری ناوخۆ بوو، ئێستا سەرۆك وەزیرانە) توانی كاربكات بۆ پیادەكردنی رێوشوێنەكانی لێسەندنەوەی رەگەزنامە لەو بەریتانییانەی كە گومانی ئەوەیان لێدەكرێت كاری تیرۆریستیان ئەنجام دابێت، ئەمە ئەگەر هاتوو خاوەنی دوو رەگەزنامە بن، یاخود باوەڕێكی ماقووڵ لە ئارادا بوو كە دەتوانن رەگەزنامەیەكی دیكە بەدەست بهێنن. هەروەها شانشینی یەكگرتوو هەندێ لەو بیانییانەی لە وڵاتەكەی دەركرد كە گومانی تیرۆریست بوونیان لێدەكرا (هەرچەندە دووچاری بەرهەڵستییەكی توند بۆوە لەلایەن دادگاكانەوە لەسەر بنەمای پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ئەمەش ئاستەنگێكی بەردەوامی بۆ دروست كردووە).
هەر ئەمەش بەشێكی ئەو هۆكارە بوو كە لە ساڵی 2005دا، حكومەتی پارتی كرێكاران رێوشوێنەكانی كۆنتڕۆڵكردنی خستەڕوو. كە ئەم رێوشوێنانەش لەلایەن حكومەتە هاوپەیمانێتیەكەوە هەمواركرانەوەو، ناوەكەی گۆڕا بۆ رێوشوێنەكانی لێكۆڵینەوە و بەرگرتن بە تیرۆریزم لە ساڵی 2011دا. كە ئەم رێوشوێنانەش ئەو كەسانە دەكاتە ئامانج كە گومانی تیرۆریست بوونیان لێدەكرێت و نە دەتوانرێت تۆمەتبار بكرێن و نە دیپۆرت بكرێنەوە، ئەمەش بوار بە دەوڵەت دەدات بۆ ئەوەی پاسپۆرتەكانیان لێ زەوت بكات و، رێگریان لێبكات بۆ ئەوەی خۆیان پەیوەست نەكەنەوە بە كەسە گومانلێكراوەكانی دیكەوە، یان هاتوچۆی چەند مزگەوتێكی دیاریكراو نەكەن، لەگەڵ رێگری لێكردنیان لە بەكارهێنانی جۆرگەلێكی دیاریكراوی ئامێری ئەلیكترۆنی، هاوشان بە سەپاندنی قەدەغەكردنی هاتوچۆكردن بەسەریانەوە.
لە بوارە ئایدیۆلۆژییەكەدا، پرۆگرامی بەرگرتنی تایبەت بە بەرپەرچدانەوەی رادیكاڵیزم، كە لە ساڵی 2003دا لەلایەن حكومەتی پارتی كرێكارانەوە خرایەڕوو، بەڵام تەنیا لە دوای ساڵی 2006ـەوە زیاتر زەق بۆوە، ئامانجیش بریتی بووە لە رێگرتن لەوەی خەڵكی ببنە تیرۆریست، یان پشتیوانی تیرۆریزم بكەن. ئەم پرۆگرامە بوار بە حكومەتە مەحەلییەكان، بە پۆلیس، قوتابخانەكان، زانكۆكان، زیندانەكان، نەخۆشخانەكان و گروپە موسڵمانەكان دەدات، بۆ ئەوەی پێكەوە كاربكەن بۆ دەستنیشانكردن و تەحەددیكردنی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیزمی توندڕەو (ئەگەرچی ئەم رێگریكردنە تەركیز لەسەر سەرجەم شێوازەكانی توندڕەوی دەكاتەوە). یەكێك لە لایەنە گرنگەكانی ئەم بەرپێگرتنە بریتییە لەو پرۆسەی دەستتێوەردانەی ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی دوورخستنەوەی تاكەكەسەكان لە تیرۆریزم. لە ماوەی دەیەی رابردوودا بە هەزارەها حاڵەتی دەستنیشانكردنی ئەنجامداوە.
كاردانەوەی شانشینی یەكگرتوو بۆ تیرۆریزمی ئیسلامی بێ كەموكوڕی نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم رێوشوێنانە- هاوشان بە بڕیاری شانشینی یەكگرتوو بۆ ئەوەی نەبێتە بەشێك لە ناوچەی شنگن و مامەڵەكردنی بە حەزەری لە پێوەندی بە قبووڵكردنی ژمارەیەكی زۆری پەنابەرانەوە- بە مانای ئەوە هاتووە كە لەندەن توانیویەتی بە شێوەیەكی كاراتر لە پایتەختەكانی دیكە خۆی بپارێزێت.
هەنگاوەكانی داهاتوو
دەبێت كاری زیاتر بكرێت. مەسعود لە ژێری چاودێری هەواڵگری بەریتانیدا بوو. دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی شیكردنەوە بۆ ئەوە دەكات كە دەیتوانی رێگری لەو هێرشە بكات و بوار بە هێرشی دیكە نەدات لە داهاتوودا كە دووبارە ببنەوە. بە دڵنیاییەوە، سەرەڕای زیادكردنی بودجەی دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی، ئەوا ناتوانێت شوێنپێی هەموو ئەو هێرشانە هەڵگرێت كە ئەگەری روودانیان لێدەكرێت. پێشتر سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی رایگەیاند كە ئێمە تەنیا دەتوانین «گورز لەو تیمساحانە بوەشێنین كە لە بەلەمەكە نزیك دەبنەوە» و مەسعودیش وەك هەڕەشەیەكی بەپەلە لە قەڵەم نەدرا. هیچ ئاژانسێكی ئەمنی ناتوانێت هەموو كاتێك راست و دروست بێت، هەروەها ناكرێت هەموو جارێكیش ئەم چاوەڕوانییەیان لێبكەین. مەحاڵە بتوانرێت رێگری لە سەرجەم تاكەكەسە رادیكاڵەكان بكرێت كە خواستی ئەنجامدانی كوشتاریان هەیە لەوەی ئۆتۆمبێلێك بە كرێ بگرن، یان چەقۆیەك بكڕن. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێ بوار هەیە كە حكومەت دەتوانێت هەوڵەكانی تێدا چڕبكاتەوە. سەرەتا دەبێت، كار بكات لەسەر تێكشكاندنی ئەوەی پێی دەڵێن خەلافەت لە عێراق و سووریا. بەڵام لە كاتێكدا كە شانشینی یەكگرتوو تەركیزی لەسەر داعش دەبێت، ئەوا ناتوانێت ئەو مەترسییانە نادیدە بگرێت كە لە ئەلقاعیدە و گروپە گرێدراوەكانی دیكەوە سەرچاوە دەگرن.
لە رووی ناوخۆییەوە، رەوتێكی روون هەیە كە ئەوانەی مێژوویەكیان هەیە لە تاوانی بچووك، یان توندوتیژ بەرەو ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی بڕۆن. بۆ ئەم مەبەستەش، دەبێت حكومەت ئەولەوییەت بدات بە چارەسەركردنی رادیكاڵیزكردن لە زیندانەكان و، رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ئەدەبیانی توندڕەوی لەو زیندانانەدا. لەوەش زیاتر، دەسەڵاتدارەكان هۆشیارن بەو راستییەی كە بەلای كەمەوە لە ساڵی 2001ـەوە كە تیرۆریستان بە شێوەیەكی ساختەكارانە هەڵساون بە بەكارهێنانی ئەو هاوكارییانەی دەوڵەت دابینی كردوون بۆ دابینكردنی دارایی بۆ چالاكییە تیرۆریستییەكان. كە قابیلی قبوڵ نییە هیشتا ئەمە رووبدات و بەردەوام بێت.
* توێژەر لە ئامۆژگای هێرتاج فاوندەیشن
سەرچاوە: گۆڤاری فۆرین ئەفێرز
Top