لە دابەشکردنی خاک مەترسیدارتر

لە دابەشکردنی خاک مەترسیدارتر
دوژمنان لە دوای دابەشکردنی کوردستان هەموو هەوڵەکانیان لەسەر دابەشکردنی هزر و بیری نەتەوەیی و کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی کورد چڕ کردنەوە, چونکە دەیانزانی ئەگەر هزر و بیری نەتەوەیی و کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی کوردیش دابەش نەکەن، ناتوانن تا سەر درێژە بە سیاسەتی داگیرکاری بدەن و رۆژێک دێ کورد یەکێتی نەتەوەیی و کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی بکاتەوە بنەمای یەکگرتنەوەی نیشتیمانەکەی، بۆ ئەو مەبەسەش چەندین رێککەوتنی ژێڕبەژێر و زۆر پیلانی شاراوە و ئاشکرایان دژ بە یەکهەڵوێستی و یەکئامانجی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد گێڕان، ئەگەرچی بۆ هینانەدی ئەو مەبەستەیان لە رێگای هەندێ کەس و دەستە و گرووپی بەرژەوەندخواز و وێڵ بە دواری ناو و ناوبانگ و دەستکەوتی تایبەتیدا، توانیان لە هەندێ قۆناغی دیاریکراودا بەشێک لە دەنگ و هەڵوێستی کورد بەلای خۆیاندا بەرن و شەڕی کورد و شۆڕشگێڕانیان پێبکەن، بەڵام دوای ئەوەی بارزانی نەمر وەک رابەر و پێشەوای بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد دەرکەوت، بە ئەزموونی شۆڕشگێڕی و ئیرادەی نەتەوەیی توانی پێش بەو مەترسییەی داگیرکاران بگرێ و ریککەوتن و پیلانەکانیان پووچەڵ بکاتەوە و، بەرژەوەندخواز و وێڵ بووانی ناو و ناوبانگیش بێنێتەوە ناو باوەشی کوردایەتی و کوردبوون و کوردایەتی بکاتە سەنگەری بەدیهێنانی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان.
دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار بەش خەباتی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کوردی خستە ناو گەمارۆی یاسا نێودەوڵەتیەکان و فرە دوژمنی بۆ ئامانجە نەتەوەییەکانی کورد درووست کرد، بە ناوی بەزاندنی سنووریشەوە دەنگ و هەڵوێستی نەتەوەیی لێکدابڕی و خەباتی هەر پارچەیەکی لە بەستەڵەکی شۆڤێنیزمی داگیرکاراندا سڕ کرد، بەڵام بارزانی نەمر بە چوونی بۆ هاوکاری شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە باکوور و کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵات، هەم پەیامێکی دایە یاسا نیودەوڵەتیەکان کە یاسای بەرگری لە داگیرکاران نەبن و هەمیش بەستەڵەکی شۆڤێنیزمی داگیرکارانی تواندەوە و دەنگ و هەڵوێستی لێکدابڕاوی نەتەوەیی لێک گرێ دانەوە.
داگیرکاران چەندی کردیان نەیانتوانی هزر و بیر و نەتەوەیی و هەڵوێستی شۆڕشگێڕی کورد بە یەکجاری دابەش بکەن، بەڵام ئەوەی جێگای مەرسییە کورد ئێستا خۆی خەریکە ئەو خزمەتگوزاریە پێشکەش بە دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەستیان داوەتە ئیرهابێکی فکری ترسناک و کاریگەر لەسەر هزر و بیری تاکی کورد، ئیرهابچییەکان بۆ ئەوەی پێگەی سیاسی خۆیان لە کوردستان بەهێز بکەن و متمانەی داگیرکارانیش بەدەست بێنن، ئامانجە نەتەوەییەکانیش دەدەنە بەر نەشتەری ئەو ئیرهابە فکریە و خواستی مێژووکردی سەربەخۆیی بە ناسیۆنالیزمی توندڕە و شەڕانی و پیلانگێڕی دژ بە یەکپارچەیی عێراق ناو دەبەن، وا لە خەڵکی دەگەیەنن ئەگەر دەستبەرداری سەربەخۆیی نەبین و نەگەڕێینەوە باوەشی بەغدا و یەکپارچەیی خاکی عێراق نەپارێزین، بەغدا لەسەر سیاسەتی مووچە بڕین بەردەوام دەبێ و ئەوکاتیش لە برسان دەمرین، ئەوەش بە شێوەیەک کاریگەری لەسەر دەروونی بەشێک لە خەڵکی کوردستان داناوە کە هاواری عەبادی عەبادی.. بکەن.
Top