حزبەكانمان بەزەییان بە دەوڵەتە ئیقلیمییەكاندا دێتەوە

حزبەكانمان بەزەییان بە دەوڵەتە ئیقلیمییەكاندا دێتەوە
كە رۆژی 28 ی ئاداری 2017 ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەنگی لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان دا، عەرەبی سوننە و شیعە، وێڕای ئەو خوێنەی كەوتۆتە نێوانیان، لێ هەردووكیان پێكەوە دڵیان تەزی و هاتنە دەنگ، دوێنێش لە پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگ، دژی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك دەنگیاندا، كەچی لە ناو حزبەكانی ئێمە، دەنگ بەرزبۆتەوە كە نابێ دڵی دراوسێكانمان بڕەنجێنین، وەك ئەوەی بەدرێژایی مێژوو، دەوڵەتە ئیقلیمییەكان هەر چاكەی ئێمەیان ویستبێ، خاكیان داگیر نەكردبین، كۆمەڵكوژیان نەكردبین، لە سەر دامركاندنەوەی شۆڕشەكانمان رێكنەكەوتبن، ئەو دەنگەی پێیوایە كاتی نییە دڵی دراوسێكانمان بڕەنجێنین، میحنەتەكانی گەلی كوردستانی لەبیرخۆ بردۆتەوە، بۆیە بەزەیی بە دەوڵەتە ئیقلیمییەكاندا دێتەوە كە دۆخێكیان بۆ دروست بووە، لەوانەیە جگە لە نەتەوە سەردەستەكان، نەتەوە چەوساوە و غەدرلێكراوەكانیش ئاهێكیان بێتەوە بەر.
حزبی كوردی لەبەر بەرژەوەندیی حزبی و تاكەكەسی، دەیەوێ دیدی سیاسیی كوردستان بۆ سبەی بشێوێنێ، مەودای دیتنی زۆر كورت بۆتەوە، خوێندنەوەی بۆ ئەو گۆڕانە گەورەیە نییە كە بەڕێوەیە، وایكردووە بەغدا و هێزە شۆفێنییەكانی عێراق، بە چاوماندا بدەنەوە و بڵێن، هەموو حزبەكانی كوردستان سەربەخۆییان ناوێ، تەنیا بارزانی و حزبەكەی ئەون ئەو داوایەیان هەیە، ئەو دەنگەی ناو حزبەكانی خۆشمان كەیفی هەموو دونیایان بەخۆدێت كە داوای سەت ساڵی خەڵكی كوردستانیان كردۆتە داوای حزبی، لە كاتێكدا دەشڵێن نابێ هەر تەنیا حزبێك داوای دەوڵەت بكات، ئەو دەنگ بەرزكردنەوەیە لە ئاست هەلی مێژوویی، هاوڕابوونە لەگەڵ پایتەختەكانی دەوروبەر كە جارێ كاتی قسەكردن لەسەر سەربەخۆیی نییە.
ئەو دەنگە حزبییە، بۆ كەمكردنەوە لە بەهای دەرفەتەكە، هەوڵە دیپلۆماسییەكانی كوردستان نادیدە دەگرێ، تەنانەت میدیا بە ئاراستەیەكدا دەخەنەگەڕ، ئەو رووە پیشان نادەن كە گوێ لە كورد دەگرێ، بەڵكو قسەی شۆفێنییەكانی وەك مالكی و هاوشێوەكانی دژی مافی كورد دەگوازنەوە و دەكەنە بنەمای كاركردن بۆ ململانێی حزبی، ئەو دەنگە حزبییە غەدرێكی گەورە لە خەڵكی كوردستان دەكات، ئاخر لە چ قۆناغێكی مێژووی كورد دا، هەرچوار دەوڵەتی ئیقلیمی، بە دەست دەیان كێشەی ناوخۆ و دەرەكییانەوە، بە قەد ئێستا ناڵاندویانە؟ ئەوەتا رۆژی 30 ی ئاداری 2017 سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنتۆنیۆ گۆتێرز دێتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، سەرۆك بارزانی لەو دیدارەدا جەختی لەوە كردەوە كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی جیهان ئاگاداری ویست و بڕیاری خەڵكی كوردستان بێت لەبارەی دواڕۆژی خۆی، ئەو هێزەی پێشمەرگە كە دەوڵەتە ئیقلیمییەكان، هەرچی لە دەستیان بێ بۆ كەمكردنەوە لە پایە و پێگەی دەیكەن، ئێستا تاكە هێزی سەرزەمینی هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعشە، بێ كورد قسە لەسەر ئایندەی عێراق ناكرێ.
هەندێ دەنگی حزبی و پایتەختەكانی دەوروبەر، لە سەر ئەوە هاوڕان، كاتی ئەوە نییە كورد باسی سەربەخۆیی بكات، كەواتە دواخستنی داوا رەواكە، داوایەكی حزبییە نەك خەڵك، بەم پێیەش هەر حزبەكانن بەزەییان بە دەوڵەتە ئیقلیمییەكاندا دێتەوە، لەبەر ململانێی تەسكی حزبایەتی، ئەم هەڵوێستە وەك كارتی گوشار بەكاردێنن، بەڵام پرسیار لەو حزبانە ئەوەیە، كە پێتانوایە پارتی بەتەنیا سەربەخۆیی دەوێ، لێگەڕێن با خەڵكی كوردستان لە ڕێی ریفراندۆمەوە بڕیار بدات، ئاخۆ كامەیان هەڵدەبژێرێ ژێردەستی یان سەرفرازی، گومانی تێدانییە، خەڵك ئەو دەرفەتە لەدەست نادات، دەنگ بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و سەرفرازی دەدات.
Top