عەرەب پەیامی خۆی گەیاند، ئەی پەیامی کورد چی دەبێ؟
April 2, 2017
وتار و بیروڕا
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ناکرێ نەگەڕێینەوە بۆ مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد و ئێستاش لەبەرچاو نەگرین، بە تایبەتیش کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاری گەورە دایە و هەموو لایەنەکانیش دەرکیان بەو گۆڕانکاریانە کردووە، لە هەمان کاتدا پرسی کورد پرسێکی نەتەوەییە و بێ چارەسەری ئەو پرسەش هەر حزب و لایەنێکی کوردی بیر لە سەرکەوتن و دەستکەوت بکاتەوە لە کاروانی خەباتی نەتەوەیی دادەبڕی، بۆیە ناکرێ چیتر حزب و لایەنە کوردیەکان وەک ئێستا بەغدا بۆ سەرکەوتنی خۆیان و کەوتنی رکابەرەکانیان لە ململانێ حزبییەکاندا بکەنە کارت.
دەبێ سەرکردە بڕیار بە دەستەکانی کورد ئەو راستییە بزانن کە عەرەب بە پەیامە عرووبیەکانی کوردی خستۆتە ناو دووڕیانێکی چارەنووسساز، ئەوەش ئەرکێکی نەتەوەیی و مێژوویی خستۆتە سەر شانی هەموو لایەنە کوردستانیەکان بە گشتی و لە ناویشیاندا پارتی و یەکێتی بە تایبەتی، ئەنجامدانی ئەو ئەرکە و گەیشتن بە سەربەخۆیی و رزگار بوون لە ژێردەستەیی پێیان دەڵێ: دەبێ دەستبەرداری پەیامی حزبی ببن و قۆناغەکە پەیامی کوردانە و کوردایەتی لێیان دەوێ، خۆ دزینەوەش لەو ئەرکە و لەو پەیامە نەتەوەیی و نیشتیمانیە بە هەر پاساو و بیانوویەک دەرچوونە لە خولگەی نەتەوەیی و چوونە ناو بازنەی داگیرکارانی کوردستان و دوژمنانی کوردە، بۆیە پێویستە لایەنەکان رێگە نەدەن بەغدا چیتر گەمە لەناو کێشە و ناکۆکەکانیاندا بکات وەک ئەوەی لە دوو ساڵی رابردوودا کردوویەتی.