ئایا داگرتنی ئالا پیرۆزەکەی کوردستان مەرجیمان دەکات؟( سایکۆلۆژیای سیاسی)

ئایا داگرتنی ئالا پیرۆزەکەی کوردستان مەرجیمان دەکات؟( سایکۆلۆژیای سیاسی)
مەرجیبوون(conditioning) یەکێکە لە چەمکە ناسراوەکانی سایکۆلۆژیا و بریتیە لە فێربوونی ڕەفتارێک پاش چەند جار دووبارەبوونەوەی ئەو ڕەفتارە و لێکدانەوەی ئەنجامەکانی لە مێشکی مرۆڤ و گیانەوەران دا. لە ھەمووبوارەکانی ژیانی مرۆڤدا جێبەجێ دەکرێت. بەلام تەنھا کاریگەری بەسەر گەمژە و نەخۆش دەروونەکان ناکاتن، چونکە ئەوان بەدەست تێکچوونی سیستەمی دەمارییەوە دەناڵێنن. بۆیە زۆر نموونە و ڕووداوی ھاوشێوەی بڕیارەکەی ئەم دوایەی پەرلەمانەکەی بەغدا لە بارەی ئالای کوردستان، مێنتالیتە و سایکۆلۆژیای تاکی کوردستانی بە گشتی و بەتایبەت ئەو سیاسییانەی دژی دەوڵەتی کوردستانین دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئایا ئەوان تا کەی دەبێ چاوەڕۆانی ئەو جۆرە جەنگە سایکۆلۆژی، ئەو شێعە و سۆننانە بن، کە زۆر جار و لە ساویلکەیی و خۆشباوەری، ھەندێ کەس لە ئێمەی کوردستانی بە سەری ئەوەیان یان ھەندێک بە سەری ئەوەکەیتریان سوێند دەخۆین، بین؟ کەی ئێمە مەرجیبوونێکی سروشتیمان دەبێ؟ ئایا برا تورکمانەکان، بەو پرۆژەیە ئەوھا وەلامی ھەموو شەھید و قۆربانیدانی ھزاران پێشمەرگەی دایەوە، و کوردیان پێ باشتر بوو لە دوژمنانی خۆیان و ئێمە، لەو ناوچەیە؟ گەر پێشمەرگە نەبوایە ئایا تورکمانێک بوونی دەبوو؟ ئالای کوردستان پێشمەرگەی کوردستانی لە کەرکووک کۆ کردەوە و تورکمان و کەرکووکیەکانی لە سەدامی گۆڕ بە گۆڕ و بەعس و داعش پاراست. باشە تاکەی " چاکە وەڵامەکەی خراپەیە"؟ ئەو جارەش ڕوون بوو ناسیونالیزمی عەرەبی ھەمیشە بە چاوی پلە دوو تەماشامان دەکات، و ئەگەر کورد و پێشمەرگە نەبێ، ئەوان بە چاوی ھاونیشتمانی پلە ھزاریش تەماشەی تورکمان ناکاتن و ئەوەی بە کوردیان کردووە خرابتریشیان پێ دەکەن، ھەرچەند دڕیغیان نەکردووە. تەنھا چارەسەری ئێمە و ناسیونالیزمی عەرەبی دەوڵەتی کوردستانە و ھێنانی پۆلیسە " کڵاو شینەکەی" (UN) بۆ سەر سنووەرکانمان وەک چۆن لە بۆرۆندی، قۆبرس، جۆلان، گۆرجستان، سنووری کویت و عێراق، عەرەب و جووڵەکە، کۆسۆڤۆ، و ...ھتد، پیادەکراوە. کوردستان بێزارە لە ناسیۆنالیزمی خۆپەرێستی عەرەبی و تاوانە جۆراوجۆرەکانیان. ئەوەیە ئەو بەرەیەی دروست کردووە کە وەک جەنابی سەرۆک بارزانی بیر دەکەنەوە و داوای دەوڵەتبوون دەکەن. بەڵام ئایا ئێمە بە گشتی کەی مەرجی دەبین و وەک یەک بیر دەکەینەوە ئەگەر ئیمڕۆ نەبێ؟ بە دڵنیاییەوە دەرکەوتووە ساتێک زووتریش ھێشتان ھەر درەنگە بۆ ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی ئەو دەوڵەتە. *بسپۆرێ زانستێن پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتییا پەروەردە/ زانینگەھا زاخۆ
Top