بەزمی کادیرانی پارتی و خۆشخەیاڵی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی

بەزمی کادیرانی پارتی و خۆشخەیاڵی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی
ئەمڕۆ لە درێژەی کار و چالاکی و بەسەرکردنەوەکانی ناوچەمان، بەڕێز بەرپرسی ناوچەمان بە یاوەری شاندێک لە کارگێڕ و ئەندامانی ناوچە لە ئۆپەراسیۆنێکی خافڵگیردا و بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی دۆست و لایەنگرانمان هەڵیان کوتایە سەر ماڵی هەڤاڵ (ح ق م)، دوای چەند زەردەخەنە و مۆڕبوونەوە لە کامیرا و کەمێک خۆ فشکردنەوە و هەواڵ پریسین، لە پێشبڕکێیەکی چای خواردنەوەدا بەڕێز بەرپرسی ناوچەمان بە چایەک پێشبڕکێکەی بردەوە، دواتر پێشبڕکێی میوە خواردن دەستی پێکرد و دووبارە بەڕێز بەرپرسی ناوچەمان بە خواردنی سێوێک و پەرتەقاڵێک و مۆزێک پێشکەوت، کوڕە.. بەرپرسی ناوچەمان لە پێشبڕکێدا بەڵایە و کەس دەڕۆستی نایات, دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە سوپاس بۆ خوا هەڤاڵانمان بە سەرکەوتوویی و سەلامەتی گەڕانەوە بنکە و بارەگاکانی خۆیان و لە لایەن ئامادەبوانەوە بە گەرمی پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەیان لێکرا.
بە بۆنەی ئەو چالاکیە مەزنەوە هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسیش لە ژوورە تاریکەکان بەو سەرکەوتنە خۆشخەیاڵ بوون و پێیان وایە بەو جۆرە چالاکیانە گرەوی ململانێ حزبییەکان دەبەنەوە.
جەنابی سەرۆک بارزانیش لە نێوان بەزمی کادیران و خۆشخەیاڵی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، بە تونێڵی رق و کینە و پیلانگێڕی دوژمنانی کورد و هەراجخانەی خۆفرۆشی دژبەرانی سەربەخۆیی کوردستان و جەنجاڵی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، شانی داوەتە بەر پرسی سەربەخۆیی و گەیاندنی کورد بە خواستی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.
Top