عەرەب لە نێوان ئێران ئیسرائیلدا

عەرەب لە نێوان ئێران ئیسرائیلدا
عەرەب تا ئێستاش نازانێ ئێران و ئیسرائیل کامیان دوژمنی پلە یەکە و کامیان شکۆی عرووبەی شکاندووە، ئەوە لە کاتێکدایە جولەکە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ بستێک خاکی عەرەبی داگیر نەکردووە و ئەگەر پەلاماریان نەدابێ پەلاماری نەداون، ئەوەی دەیکا و کردوویەتی بەرگری کردن بووە لە دووبارە نەبوونەوەى ئەو زوڵم و ستەمەی لە رابردوودا عەرەب هەر جارە و بە بیانوویەک لە جولەکەی کردووە، دوای چەندین سەدە جولەکە توانی سەربەخۆیی وەربگرێ و سنوور بۆ باڵادەستی عەرەب و سیاسەتی عرووبە دەبنێ، ئەوەش لای عەرەب بۆتە گرێکوێرەی دەروونی و بۆ کردنەوەی ئەو گرێکوێریەش چەندین گەلەکۆمەی سەربازیان لە دژ ئەنجام داون، ئەو باڵادەستیەی عەرەب وایکردووە تا ئێستاش لە مێژوودا بژین و پێیانوایە دەبێ ئەوەی لە رابردوودا بەسەر جولەکەیان هێناوە دووبارەی بکەنەوە و تا سەر درێژەی هەبێ.
عەرەب هەموو ئەوانە بە دوژمن دەزانێ کە خاکی داگیر کردوون و خەبات لە پێناو سەربەخۆییدا دەکەن، وەک ئەوەی سەردەمانێک خاکی جولەکەیان داگیر کردبوو، ئێستا کە جولەکە خاکی خۆی رزگار کردووە عەرەب هەر بە زووڕنا کۆنەکەدا دەتووڕێنێ و بە قەوارەیەکی داگیرکار ناوی دەبات، یان وەک ئەوەی خاکی کوردیان داگیر کردووە و ئێستا لە قۆناغی رزگاری نیشتیمانی دایە، عەرەب هەموو هەڵوێستیکی نەتەوەیی و رزگاری نیشتیمانی کورد بە کرێگرتەی جولەکە ناو دەبات، لەوەش سەیرتر هەندێ دەستە و گرووپی کوردی خەیاڵبردەی ئایدۆلۆژی لە سەنگەری عرووبەی داگیرکاری خاک و زێدی خۆیەوە عەرەب بە ستەملێکراو و جولەکە بە ستەمکار ناو دەبات.
بەڵام ئێران کە لە ئێستادا عێراق و سوریای بە تەواوی داگیر کردوون و لە هەوڵی داگیر کردنی تەواوی لوبنان و یەمەن و بەحرەینیش دایە و هەڕەشەش
لە تەواوی نیشتیمانی عەرەبی دەکات، کەچی هێشتا بەشە وریا و چاوکراوە و پێشکەوتووەکەی عەرەب گومانیان هەیە لەوەی ئێران داگیرکار بێت، بەشە دوواکەوتووەکەش نەک هەر بە داگیرکاری نازانێ، بەڵکو بە فریادڕەس و رزگارکەریشی ناو دەبەن، جا بۆیە ئەگەر عەرەب بە هۆش خۆی نەیەتەوە و ئێران لە جولەکە بە مەترسیدارتر نەزانێ و سنوورێک بۆ داگیرکاریەکانی دانەنێ، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئێران بەناوی شەڕی مەزهەبیەوە عەرەب دەخاتە ژێر هەژموونی فرووسە و بە دیوە مەزهەبیەکەدا ئیمپراتۆری سەفەوی زیندوو دەکاتەوە.
ئەو پەتا ئایدۆلۆژیەی ئەقڵی سیاسی عەرەبی داخستووە، لە کوردستانیش ئەقڵی نەتەوەیی دەستە و گرووپە ئایدۆخوازەکانی کوردیشی داخستووە، لەوێ پەلاماردراوە جولەکەکان بە تاوانبار و ستەمکار دەزانن و پەلاماردەرە عەرەبەکانیش بە ستەم لێکراو، لێرەش بۆ پەلاماردراوانی کورد تەقەی سەریان دێ و پەلاماردەرانی عەرەبیش بە برای ئایدۆلۆژی ناو دەبەن، بۆ محەمەد موڕسیش کۆڕی شین دەگێڕن و وێنەکەی لەسەر سینگی باڵاپۆشان دەگێڕن، تەشقەڵەش بە (ئەی رەقیب) دەکەن و یاد و رێزگرتن لە رابەرانی کورد حەرام دەکەن،
Top