خەونی دوو پێشەوا هاتەدی

خەونی دوو پێشەوا هاتەدی
دوای ئەوەی کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵات کرایە خۆراکی تێرکردنی بەرژەوەندی ئایدۆلۆژی یەکیتی سۆڤیەتی جاران و برەودان بە سیاسەتی داگیرکاری رژێمی ئێرانی ئەوکات، پێشەوا قازی نەمری خۆی و شکۆی نەتەوەیی لە پاراستنی ئاڵای پیرۆزی کوردستاندا چڕ کردنەوە، ئەو ئەرکە نەتەوەییەشی بە بارزانی نەمر سپارد و ئاڵای سەر کۆشکی کۆماری رادەست کرد، بارزانی نەمریش ئەو خەونەی پێشەوا قازی هێنایەدی و ئاڵاکەی پاراست.
لەو کاتەوە دوژمنان بۆ رێگری کردن لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان چییان پێکرابێ لە خوێن رێژی و کوشتوبڕ و پیلانگێڕی کردوویانە، کوردیش لە پێناو هەڵکردنیدا ئامادەی هەموو جۆر گیانبەخشین و قوربانیدانێک بووە، تەنانەت بارزانی نەمر لەسەر هەڵکرنی ئاڵای کوردستان فەرموویەتی: بەلامەوە گرنگە ئاڵای کوردستان لەسەر لوتکەی چیایەک هەڵبکەم، جا ئەو لوتکەیە لە مەهاباد یان هەولێر یان دیاربەکر دەبێ گرنگ نییە.
ئەوەی لەو دوو هەڵوێستەی ئەو دوو پێشەوایەی کورد بەدی دەکرێ پاراستن و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دوا خواست و ئامانجی پێشەوا قازی و بارزانی نەمر بووە، بەڵێ ئەمڕۆ ئاڵا هەڵکرا و خەونی ئەو دوو پێشەوایە هاتەدی، بەڵام لە کوێ؟ لە شارێک کە لە دێڕزەمانەوە هەم لای کورد پەروەر و شۆڕشگێڕانی کورد و هەم لای داگیرکارانی کوردستان هێلێ سوور بووە، لای شۆڕشگێڕانی کورد هێڵەکە بە جۆرێک سوور بووە کە بارزانی نەمر بەزاندنی بە وەستاندنی دڵی کوردستانی ناو بردووە و شۆڕشێکیشی بە قوربان کردووە، لای داگیرکارانیش هێڵە سوورەکە تا ئاستی لەناوبردنی نەتەوەیەک تۆخ بووە، بەڵام دواجار هێڵی سووری داگیرکاران کرایە پێخوستی شۆڕشگێڕانی کورد و ئەو ئاڵایەی پێشەواقازی وەک شکۆ و ئامانەتی نەتەوەیی رادەستی بارزانی نەمری کرد، بارزانی نەمر پاراستی و ئەمڕۆ لەسەر کەرکوکی دڵی کوردستان هەڵکرا، بەوەش خەونی ئەو دوو پێشەوایە هاتەدی.
Top