حزب یان نیشتیمان؟

حزب یان نیشتیمان؟
بەر لەوەی لە كوردستان حزب هەبووبن، خەڵك لە دژی داگیركەران راپەڕیوە و تێكۆشاوە، بە نموونە شۆڕشەكانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم، دوای شەڕی یەكەمی جیهان چەند كۆمەڵە سەریانهەڵدا، بەڵام دوای شەڕی دووەمی جیهان، رۆڵی حزب زیاتر دەركەوت، بەتایبەتیش لەگەڵ دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ساڵی 1946.
ئەگەر سەردەمی ئێستا بە رابردوو بەراورد بكەین، جیاوازی لە تێڕوانین بۆ حزب بەدی دەكەین، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا، حزب ئامراز بوو بۆ گەیشتن بە مافی رەوای خەڵك، ئەم بە ئامرازبوونەی حزب، لە لایەن بارزانیی نەمرەوە داڕێژرا و جێبەجێ كرا، بەڵگەش ئەوەیە، ژمارەیەكی زۆری خەڵك پێشمەرگە و لە ریزی شۆڕشدا بوون و لە هیچ ئەڵقەیەكی حزبیشدا نەبوون، كەچی دوای 1975 و تا بە رۆژگاری ئەمڕۆش دەگات، حزب و گرووپی نوێ، كاریان لەسەر ئەوە دەكرد كە لە شۆڕشی ئەیلوولدا حزب قیمەتی نەبوو، لە جیاتی ئەوەی سوود لە ئەزموونی بارزانیی نەمر و شۆڕشی ئەیلوول وەربگرن، بەوپێیەی بارزانیی نەمر لە كاتێكدا حزبی بە ئامراز داناوە پارتی تاكە حزب بوو، كەچی بە ناشیرین كردنی شۆڕش و تانەلێدان لە حزبایەتیی سەردەمی ئەیلوول خۆیان راگەیاند، لە راستیدا بناغەی ئەو جۆرە حزبایەتییە، بۆ جیابوونەوەی ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی بیست دەگەڕێتەوە، كە تا ئێستاش كاریگەریی هەیە.
بەخوێندنەوەیەكی خێرای مێژوو، ئەوە دەردەكەوێ، ئەوكات حزب لە پێناوی نیشتیمان بوو، ئێستا حزب لە پێناوی حزبە، پاساوی ئەم دیاردەیەش بەوە بە خەڵك دەفرۆشنەوە، گوایە ئەمە جیاوازی بیركردنەوەیە و دەبێ حزب لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەمدا بگونجێ، لەگەڵ رێزم بۆ تێكۆشەران و قوربانییان، بەڵام ئەوە چ خۆ گونجاندنێكە، حزب سەرەتا وا بێتە مەیدان زۆر شتێكی نوێیە و قۆناغی شۆڕشی ئەیلوولی تێپەڕاندووە، كەچی لە سەدەی بیست و یەك كۆمەڵەی خێڵ و عەشیرەت دروست بكات و گیانی خێڵگەرایی بۆ ململانێی حزبی بەهێز بكاتەوە.
بەداخەوە حزب لەم سەردەمەدا، لە پێناوی حزبایەتیی ناشیریندا، ئەندام و هەوادارانی لەسەر بێ بەهاكردنی مافی رەوا و دێرینی خەڵك رادێنێ، بۆیە بە شانازییەوە گاڵتە بە سەربەخۆیی دەكەن، میدیا تەرخان دەكەن و لە جیاتی دەوڵەتانی ئیقلیمی دەڵێن كاتی نییە، ئەمەش لە پێناوی حزبایەتییە نەك نیشتیمان، چونكە ئەو تێڕوانینە پێیوایە، دەتوانێ بەو شێوەیە بەرامبەر پارتی بوەستێتەوە، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە، دەبوو وەستانەوە بەرامبەر پارتی، لەسەر بنەمای ئەوە بوایە كامەیان زیاتر كار بۆ هێنانەدیی ئاواتی خەڵك دەكات كە سەدەیەك زیاترە خوێنی لەپێناودا دەڕێژێ، لە هەشتاكان كە دونیا لە كورد وێكهێندرابۆوە، هەندێ حزب نەك هەر داوای دەوڵەتیان بۆ پارچەیەكی كوردستان دەكرد، بەڵكو داوای دەوڵەتی كوردستانی گەورەیان دەكرد وەك پەكەكە، كەچی ئێستا دەڵێن مۆدێلی نەماوە و بە دیموكراسی لەگەڵ گەلانی دی دەژین، لە هەرێمی كوردستانیش ئەو مەیلە برەوی پێدەدرێ، پرسیار ئەوەیە، ئەرێ داوا رەواكەمان بۆ كەی دوابخەین؟ لە بەغدا كار بەوە گەیشتوە هەندێ گرووپ داوای راگەیاندنی كۆماری ئیسلامی عێراق بكەن، كەچی تازە بە تازە حزبی كوردی دیموكراسییان بە دیاری بۆ دەنێرێ، ئاخر ئەوان بڕیاریانداوە و نایانەوێ بۆ خۆتان بەهەڵە دەبەن، حزبینە ئاگاتان لێیە بە دروستكردنی بازاڕی گاڵتەكردن بە سەربەخۆیی، زەردەخەنەتان خستۆتە سەر لێوی پایتەختەكانی دەوروبەر؟ چارەی ئەو دەردە تەنیا بەوە دەكرێ حزب بكرێتەوە ئامراز لە پێناوی نیشتیماندا.
Top