سه‌ربه‌خۆیی ئیراده‌ و ویستی گه‌لێکی زوڵم لێکراوه‌, به‌ پاشکۆیه‌تی و دژایه‌تی کورده‌ عێراقچییه‌کان دواناکه‌وێت

سه‌ربه‌خۆیی ئیراده‌ و ویستی گه‌لێکی زوڵم لێکراوه‌, به‌ پاشکۆیه‌تی و دژایه‌تی کورده‌ عێراقچییه‌کان دواناکه‌وێت
ئه‌وانه‌ی ئێستاش به‌ پێکه‌نین و توانج لێدان‌ باسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌که‌ن و تانه‌ له‌ هه‌وڵه‌کان بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ ‌ده‌ده‌ن، پێیان وایه‌ هێشتا ئاسۆی کورد دیار نیه‌ و هه‌موو ڕێگاکان به‌ داخراو ده‌بینن، چونکه‌ له‌ ڕاستیدا خۆیان نه‌ ئاسۆیان دیاره‌، نه‌ ڕێگا بینن. ئه‌وان له‌وه‌ته‌‌ی هه‌ن هیچ تێکۆشین و هه‌وڵێکیان له‌ پێناوی سەربەخۆیی نه‌بووه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌ بیانووی جێبه‌جێ کردنی ده‌ستور، ده‌ستورێک که‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا خۆی بڕوای پێی نه‌ماوه‌ و جێبه‌جێی نه‌کردووه‌ و پشتگوێی خستووه‌، به‌ پاشکۆی به‌غدا بمێننه‌وه‌ و هه‌وڵی پاراستنی یه‌کپارچه‌یی و فیدڕاڵی عێراق بده‌ن. ئه‌وان بۆ شاردنه‌وه‌ و پاساوهێنانه‌وه‌ی دژایه‌تییه‌کانیان به‌ ئاڕاسته‌کردنی نووسه‌ر و میدیا سێبه‌ره‌کانیان به‌رده‌وام تانه‌ له‌ کاتی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن: ئێستا کاتی نیه‌! هه‌رچه‌نده‌ پرۆسەی سەربەخۆیی پرۆسەیەکی سیاسی قورسە و کارێک نیە بەکاتێکی کەم و بە بەیاننامه‌یه‌ک و لێدوانێک ڕابگەینرێت. به‌ڵام کاری جددی و گفتوگۆی گرنگ له‌وباره‌یه‌وه‌ کراوه‌ و زیاتر لەجاران لە پرسی سەربەخۆیی نزیک بووینه‌ته‌وه‌ و لەدایکبوونی ئه‌و ئامانجه‌ گەورەیەش تەنها بە سیاسی و سەرکردە گەورەکان دەکرێت و که‌سانی واقیع بین و بەئاگاکانیش لێی تێدەگەن، نه‌ک که‌سانێک لەبەر ئەوەی خۆیان بچوکن، هێشتا واده‌زانن سیاسەت بریتیه‌ لەو شەڕە جنێوه‌ی کە هه‌ندێک سیاسی نا بەرپرس و نوسەری بێ ئاگا و میدیای حزبی و به‌ناو ئه‌هلی وه‌کو ئه‌وان له‌ شەقامی سلێمانی خولقاندوویانه‌ و لێی کۆ بوونه‌ته‌وه‌! کورده‌ عێراقچیه‌کان، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی به‌ داگیرکه‌ر ده‌وره‌دراوین و هه‌ندێک وڵاتانی دراوسێ و جیهان له‌گه‌ڵ پرسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان نین و دان به‌و ده‌وڵه‌ته‌دا نانێن، له‌ هه‌مانکاتیش باسی په‌رتوبڵاوی نێوماڵی کورد و لاوازی کوردستانیش ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر به‌ قسه‌ی ئه‌وان بکه‌ین و به‌خواستی داگیرکه‌ران بێت، ده‌بێ ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌ بن ده‌ستیدا بژین، له‌ کاتێکدا بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئیراده‌ی گه‌ل پێویسته‌ نه‌ک ڕه‌زامه‌ندی وڵاتان، هیچ کاتیش ئه‌وه‌نده‌ی ئێستا ئیراده‌ و خواستی گه‌ل به‌هێز نه‌بووه‌.


سەربەخۆیی کوردستان پرسێکی ناوخۆ‌یی نێوان کوردستان و عێراقه‌، کورد خۆی بڕیاری جیابوونه‌وه‌ لەعێراق ده‌دات و کاری وڵاتانی تر نیە قسەی لەسەربکەن، هه‌رکاتێک کورد لە عێراق جیابوویەوە ئەوسا بەدیار دەکەوێت وڵاتان دان بەو دەوڵەتەدا ده‌نێن یان نا، ئیستا کاری وڵاتان نیە بێن و عێراقێکی پارچه‌کراو دابه‌ش بکه‌ن، کورد کە ده‌یه‌وێت لەعێراق جیا ببێته‌وه‌ داوا لەکەس ناکات کە جیای بکاته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خۆی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌دات و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ زوو یان دره‌نگ ئه‌و بڕیاره‌ش هه‌ر ده‌دات.
Top