سپی کردنەوەى تاوان

سپی کردنەوەى تاوان
زۆر جاران هەندێ تۆڕی مافیایی بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەڵدەستن بە سپی کردنەوەى پارە، بەوەش زەرەرێکی زۆر لە خەڵکی دەدەن و دڵەڕاوکێش لە وڵاتدا بڵاو دەکەنەوە، لە کوردستانیش تۆڕیکی حزبی سیاسی دەرکەوتوون و بۆ بەرژەوەندی حزبی تاوانی دوژمنەکانی گەلەکەیان سپی دەکەنەوە، بۆ نموونە:

فرۆکەوانی هەڵەبجە خنکێن ئازاد دەکەن و فرمێسکیش بۆ هەڵەبجەییەکان دەڕێژن، نوری مالیکی قووت و مووچەی خەڵکی کوردستان دەبڕێ و وەک ئەوەی کوردی خەڵات کردبێ پێشوازی لێدەکەن،حەشدی شەعبی هەڕشە لە کورد و ئاڵای کوردستان دەکا و ئەو تۆڕەش بە یاسایی دەکەن، بەغدا خۆی لە جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەدزێتەوە، ئەوانیش دەڵێن: بەغدا لە کوردستان دیموکراتی ترە و حەسرەت بۆ سیستەمێکی هاوشێوەی سیستەمی (بەغا) هەڵدەکێشن.

ئەو تۆڕە سیاسیە هەر بە سپی کردنەوەی تاوانە کانی داگیرکارانی کوردستان ناوەستن و بۆ ئەوەی هیچ گومانێک لەسەر تاوانکاری دوژمنان نەهێڵن، تاوان لەگەڵ کراویش تاوانبار دەکەن، وەک ئەوەی ئێستا پرسی سەربەخۆیی بە پیلانگێڕی دژی یەکپارچەیی عێراق ناو دەبەن، یان هۆکاری تاوانەکان دەدەنە پاڵ کورد خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەڵێن: حکومەتی هەرێم سەرچاوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە و هەموو کیشە کۆن و تازەکان دەبەنەوە سەر رادەست نەکردنی نەوت بە کۆپانیای سۆمۆ.
Top