حزبایەتی وەک یەکێتی خۆشە

حزبایەتی وەک یەکێتی خۆشە
یەکێتی بۆ رێکخستنەوەى ناوماڵی خۆی پێویستی بە سێ نەخشەڕێگایە، بۆ رێکخستنەوەى ناوماڵی کوردیش نەخشەڕێگا پێشکەشی لایەنەکان دەکات، لە دەوڵەتی یاسا توندتر داوای رادەستکردنەوەى فرۆشتنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، هێزیش دەنێرێتە سەر بیرە نەوتەکانی کەرکوک و دەڵێ تا بەغدا پارەی پترۆدۆلاری کەرکوکیەکان نەدات هێزەکە ناکشێنینەوە، یەکیان پێشنیاری بڕینی مووچە و قووتی خەڵکی کوردستان دەکات، بەشێکیان دەڵێن: بە هەوڵ و ماندوو بوونێکی زۆر تونیمان مووچە و قووتی خەڵک بگێڕینەوە و دەبێ حکومەتی هەرێم ناچار بکەین داهات رادەستی بەغدا بکات، ئەوە بە دەستکەوتێکی گەورە بە خەڵکی کوردستانی دەفرۆشن و نوێنەرەکانیشیان لە حکومەتی هەرێم دەڵێن: زەرەمانە و داهات رادەستی بەغدا ناکەینەوە، داوای گەڕانەوە بۆ باوەشی بەغدا دەکەن و دەشڵێن: لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە داوای مافی چارەی خۆنووسینمان کردووە و سەربەخۆیی کوردستانیش بە پیلانگێڕی دژ بە یەکپارچەیی عیراق ناو دەبەن، لە حکومەت شەریکن و لە شەقامیش وەک ئۆپۆزسیۆنێکی قەدەغە کراو و ستەم لێکراو بە لوێچ فرمێسک بۆ بژێوی خەڵک دەڕێژن، داوای دیموکراتی و دەستاودەست کردنی دەسەڵات دەکەن و ئەگەر ژمارەی دەنگ و کورسیەکانیشی کەم بکەن، هەڕشە دەکەن و دەڵێن: گەورەیی یەکێتی لە ژمارەی کورسەکانی پەرلەماندا نییە، لە هێزی سەربازی و توانا ئابووریەکەی دایە، دەستەیەک دەڵێن: ئاگامان لە فرۆشی نەوت و داهاتی کوردستان نییە، دەستەیەکی تریان دەڵێن: هەر یەکێتییەک بڵێ ئاگام لە فرۆشی نەوت و داهات نییە نەخۆشە،
Top