سەرۆك بارزانی،پێگە و ناوبانگی كورد لە جیهان بەهێز كرد

سەرۆك بارزانی،پێگە و ناوبانگی كورد لە جیهان بەهێز كرد
سەرۆك بارزانی لە دوای راپەڕینەمەزنەكەی 1991وە لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییوە تا ئێستا رۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوەی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسی و بەهێزكردن و بونیادنانەوەی پایەكانی حوكمڕانیی دروست لە هەرێمی كوردستاندا، بەبێ بوونی كەسایەتییەكی وا بەهێز ئەستەم و مەحاڵ بوو هەرێمی كوردستان بیتوانیبایە لەناو ئەو هەموو گەمە سیاسی و بەرژەوەندییە دژبەیەك و دژبەگەلی كوردستانە، خۆی بگرێت و درێژە بە مانەوە و زۆرتركردنی دەستكەوتەكان بدات. سەرۆك بارزانی توانیویەتی بەرژەوەندییە دژبەیەكە جیهانییەكان و بەرژەوەندییە دژبەیەكە هەرێمییەكان، بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان دەستەبەر بكات و بەپێچەوانەی هەموو ناوچەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرێمی كوردستان لە گۆڕەپانی تەسفیاتی بەرژەوەندییە دژبەیەكە ئیقلیمی و جیهانی، بگۆڕیت بۆ بەیەكگەیشتن و پەرەپێدانی بەرژەوەندییە هەرێمی و جیهانییەكان، هەروەها چۆن توانیویەتی هەموو ئەو بەرژەوەندیانەی دژبە گەلی كورد بوون لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد هاوسەنگ و رێك بخات، بۆ ئەم مەبەستەش دەكرێت بەڵگەی زۆر بهێنرێتەوە، چ لە ڕووی دیپلۆماسی و ئابووری و هاوپەیمانێتییە سەربازییەكانەوە. هەر وەك چۆن ئەمرٍۆ لە ناوەندە سیاسی و سەربازیی و نێودەوڵەتییەكان هەر شوێنكێك ناوی " پێشمەرگە، سەرۆك بارزانی " بهێنرێت هەمووان شانازیی پێوە دەكەن .

ئەوەی لە ئێستادا دوژمنان و نەیارانی كورد بەردەوام كار دەكەن رێگری لە كاروانی سەربەخۆیی كوردستان و دەستكەوتەكان بگرن ، بۆ ئەوەیە باش گەیشتوونەتە ئەو راستیەی كە ئیتر ناتوانن بەربەست دروست بكەن .ئەمڕۆ لەسەر ئاستی سەرۆكی وڵاتانی جیهان وەزیران و وە بانگێشت كردنی بەرپرسانی هەرێم لە هەموو كونفرانسێكی نێودەوڵتی، بوونی ژمارەیەكی زۆری كونسوڵخانەكانی دەوڵەتانی جیهان لە هەولێر ئەمەش یەكێكە لە سیماكانی دەوڵەت، بوونی ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا بیانی جیهانیەكان لە هەرێمی كوردستان، بۆنی كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهان، جگە لەمانە چەندین دەسكەوتی تریش بەرجەستە كردووە، ئەمانە، ئەم دەسكەوتانە بە ئاسانی نەهاتوونەتە ئاراوە بەڵكوو ئەمە لە ئەنجامی بونیادنان و دروستكردنی پەیوەندیەكی پتە و سیاسەتێكی ژیرانە لەگەڵ دەوڵەتانی جیهانی و ئیقلیمی بەدی هاتوون، هەموو ئەم هەنگاوە كرداریانە بوونەتە هۆی نزیك كردنەوەی كورد لە سەربەخوی سەركەوتنی یەكجارەكی گەلی كوردستان ئەمەش ئەوە دەردەخات پارتی و جەنابی سەرۆك هەموو هەنگاوە مەودا درێژەكانی بڕیوە چەند هەنگاوێكی كورتی ماوە ئەم هەنگاوانەش دڵنیام لە داهاتوویەكی نزیك بە سەركەوتووی دەبڕێت چونكە پارتی كات باش دەخوێنێتەوە تا جێی پێی خوی نەبینێت یەك هەنگاویش نانێت، هەر بۆیە هەموو ئەمانە وای كردووە پارتی پشتگیریەكی بەهێزی جەماوەری لە پشت بێت وە گەلی كوردستان بە گەشبینیەوە سەیری تابلۆی چارەنوسی خۆیان بكەن لە سایەی ئەو سیاسەتە ستراتیژی و نەتەوەیەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەری دەروات، چونكە گەلی كوردستان دەزانن پارتی چی چاندووە هەر بۆیە چاویان لە چنینەوەی بەرەكەنە، زیادە ڕۆیی نیە ئەگەر بڵێم سیاسەتی حەكیمانەی پارتی و جەنابی سەرۆك بارزانی نەبایە ئەمانە هەرگیز نە دەهاتنە ئاراوەو بۆیە لەو سونگەیەوە دەڵێم پارتی و جەنابی سەرۆك بارزانی دروستكەر و بونیادنەر و ئەندازیاری ئەم دەستكەوتە نەتەویانەیە و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی كوردستان.

گرنگی جوگرافیای سیاسیی كوردستان لە ناوچەیەكی پر لە كێشە وئاڵۆزیی مانەوەی وەك شوێنكی سەقامگیر و ئارٍام و شوێنك بۆ پێكەوە ژیانی گشت ئایین و ئایینزاكان و گەشەكردنی دیموكراتی و ئازادی دەروازەی سەربەخۆیی كوردستان وپشتیوانیی نێودەوڵەتی و دۆستانی كوردی لە جیهان تا دێت زیاتر دەكات .ڕۆڵ و پێگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە سیاسییەكاندا بەسەر دوو شتدا دابەش بووە كە لە ناوخۆ بە چ شێوەیەك هەنگاوی ناوە و، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش چ هەنگاوێكی ناوە، لەسەر ئاستی ناوخۆ بووەتە هاندەرێكی باش كە هەرێمی كوردستان رۆژ بە رۆژ زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت.هەرێمی كوردستان پێگەیەكی كاریگەر و بەهێزی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سەرۆك مسعود بارزانیی بە درێژایی خەباتی پێشمەرگایەتی زۆر دەستكەوتی بۆ كورد بە دەست هێناوە، ئەو پڕۆتۆكۆڵەی لە نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستاندا ئیمزا كرا، یەكێكی دیكەیە لەو دەستكەوتانە، بۆیە دەبێت گەلی كورد شانازی بەوەوە بكات كە لەو قۆناغەدا كەسێكی وەك هێژا بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە. پێگەی سەرۆك بارزانی و قارەمانیەتیی هێزی پێشمەرگە، وای كرد كە كوردستان وەك ئەندامێكی كارای هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی هەژمار بكرێت. خوێندنەوەی وردی سەرۆك بارزانی و ئەو كەسانەی كە یارمەتیدەرن، توانیویەتی هەرێمی كوردستان لە باری نێودەوڵەتی لە هاوكێشەكاندا بەرەو ئاڕاستەیەك ببەن كە دەكرێت سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی لێ بخوێندرێتەوە و ئایندەی گەش چاوەروانی میللەتەكەمان بكات ..
Top