شکستی سیاسی و پاساوی چەواشەکاری
March 25, 2017
وتار و بیروڕا
وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد: ئەو سەرکردە و سیاسیانەی کە قۆناغێکی دیاریکراو یان بە دەستێکی شاراوە و بۆ مەبەستیکی دیاریکراو درووست دەکرێن، لە کاتی شکستدا بە شێوەیەک دەشێوێن کە دونیایان لێدەبێتە چەرمی چۆلەکە، ئەوکاتیش یان رادەکەن و گۆڕەپانەکە چۆڵ دەکەن، یان بۆ شاردنەوەی شکستەکە و چەواشە کردنی رای گشتی دەکەونە پاساو هێنانەوە، لە کاتێکی وەهاشدا لە باتی ئەوەی بیر لە هەستانەوە و سەرکەتن بکەنەوە، بۆ راکردن لە بەرپرسیارێتی کەمتەرخەمی و بێتوانایی دۆست و هاوڕێ و هاوکارە نزیکەکانی دەکاتە هۆکاری روودانی شکستەکە و تاوانەکە دەخاتە پاڵ ئەوان، بە پێچەوانەشەوە لە سەرکەوتنەکاندا سینگ دەردەپەڕێنی و خۆی دەکات بە پاڵەوانی مەحاڵ گۆڕین.
بە پێچەوانەوە ئەو سیاسی و سەرکردانەی مێژوو درووستیان دەکات و نەخشەڕێگا بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو دادەڕێژن، لە هیچ قۆناغێکدا لە بەرپرسیارێتی راناکەن و لێبڕاوانە شان دەدەنە بەر شکستەکان و بە دوای دۆزینەوەی هۆکاری روودانی شکستەکەدا دەگەڕین، بە دۆزینەوەی هۆکاری شکستەکەش پلان بۆ هەستانەوە و سەرکەوتن دادەڕێژن، ئەگەر چاوێکی خێراش بە مێژووی رزگاریخوازی کورددا بگێڕین، شکست و سەرکەوتنەکان پێمان دەڵێن: کێ سەرکردەی مێژووکردە و کێش سەرکردەی درووستکراوە.
لە نەکسەی شۆڕشی مەزنی ئەیلولدا زۆرێک لەو سەرکردانەی پۆست و پلەی باڵایان هەبوو، لەبەر ئەوەی سەرکردەی مێژووکرد نەبوون، بۆ راکردن لە بەرپرسیارێتی کەوتنە بڵاوکردنەوەی نامیلکە و بەیاننامە و هۆکاری شکستەکەیان دایە پاڵ بارزانی نەمر، ئەوانە یان خۆیان رادەستی رژێم کردەوە، یان بەرەو ئەوروپا هەڵاتن، بارزانی نەمریش وەک سەرکردەیەکی مێژووکرد شانی دایە بەر شکستەکە و گەڕان بە دوای هۆکاری شکستەکەدا، ئەوەش وایکرد پارتی بە رابەرایەتی بارزانی نەمر یەکەم هێز بێ بێتەوە مەیدانی کوردایەتی و داستانی گوندی (شارستێن) کە تا ئێستاش بە یەکێک لە داستانە مەزنەکانی بزووتنەوەى رزگاری نیشتیمانی ئەژمار دەکرێت، لە ٢٦ــ١٢ــ١٩٦٧٦ بکاتەوە مژدەی هەستانەوەى دوای شکست.
هاتنی داعش و داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی کوردستان نموونەیەکی ترە بۆ جیاکردنەوەى سەرکردە مێژووکردەکان لە سەرکردە درووستکراوەکان، هەموومان لە بیرمانە لە سەرەتای هاتنی داعش سەرکردە درووستکراوەکان لە ژووری گەرم و رووناک و لەناو ستدیۆی کەناڵەکاندا، بەدەم هەڵاتن و جێهێشتنی وڵات موزایەدەیان بە سەرکەوتنە سەرەتاییەکانی داعش و شکستی پێشمەرگەوە دەکرد، سەرۆک بارزانیش لەبەر ئەوەی سەرکردەیەکی مێژووکرد و لە ئاوێنەی ئازارەکانی مێژووی کوردەوە لە بنیاتنانی داهاتووی دەڕوانی، جیا لەوەی باوک ئاسا شانی دایە بەر شکستەکە، لە سەنگەرە سیاسی و دیبلۆماسی و سەربازیەکانەوە کەوتە بەرگری و بەر لە سەرکەوتن بە ئیرادەی سەردەکەوین وەڵامی موزایەدەچیەکانی دەدایەوە، ئەو دوو نموونە پێمان دەڵێن، ئەگەرچی سەرکردە مێژوو کردەکان ئازار دەچێژن و دەکەونە بەر پەلاماری دوژمنان و سەرکردە درووستکراوەکان، بەڵام مێژوو درووست دەکەن و داهاتوو بنیات دەنێن، سەرکردە درووست کراوەکانیش ئەگەرچی لە هەندێ قۆناغی دیاریکراودا دەردەکەون و دەرفەتی موزایەدەیان بۆ دەڕەخسێ، بەڵام تەنگانە تەنگیان پێهەڵدەچنێ و کەمە ترسێک دەیانباتەوە قاوغی راستەقینەی خۆیان، ئەوکات یان هەڵدێن و وڵات بەجێدێڵێ، یان سەرکەوتنی سەرکردە مێژووکردەکان شەرمەزاریان دەکات.