هەرێمی كوردستان ، خاوەن پێگەیەكی بەهێزە بۆ بریاردان لە سەر مافی سەربەخۆیی

هەرێمی كوردستان ، خاوەن پێگەیەكی بەهێزە بۆ بریاردان لە سەر مافی سەربەخۆیی
سەرۆك بارزانی هەموو تواناو پێگەی خۆی بەكارهێنا لە خزمەت پاراستنی كوردستاندا لە سەر ئاستی كوردستانی گەورە بە بێ جیاوازی وەكو داواكردنی پاڵپشتی لە وڵاتە زلهێزەكان هەم بۆ باشووری كوردستان و هەم بۆ رۆژئاوای كوردستان، بۆیە پێویستە كورد لە هەر چوار بەشەكەی كوردستان دا بارزانی بە سەرچاوەو مەرجەعی خۆی بزانێت و هەڵوێستەكانی سەلماندوویانە كە خەمخۆری كوردو كوردستانە لە هەموو بەشەكان بە بێ جیاوازی. گۆڕانكاریەكانی ئێستاش لە سەر ئاستی ناوچەكەو جیهان و گرنگیدان بە مەسەلەی كورد لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بارزانی لەم چوارچێوەیەدا رۆڵێكی یەكجار گەورەی بینیوە لە راكێشانی سۆزی نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە باشووردا دەستپێدەكات و ئێستا زۆر دەوڵەت لە ناوچەكە و جیهاندا پاڵپشتی ئیرادەی سیاسی كورد دەكەن لەم بەشەدا بۆ بە دەوڵەت بوون و سەربەخۆیی.
لە سەر ئاستی عێراقیش بارزانی زۆر هەوڵی دا دیموكراتی بچەسپێت بۆ رزگاربوون لە عەقلێ شۆڤێنی و رەگەزپەرستی، چەندین جار وەك ناوبژیوان پێكهاتەكانی ئەم وڵاتەی كۆكردۆتەوە، بەڵام لە دواجار سوودی نەبووە، چونكە حقدی هەندێ لە نوخبە سیاسییەكانی عێراق بەرامبەر بە كورد زۆر گەورەتر دەرچوو لەوەی كە بتوانن قبوڵی مافەكانی كورد بكەن و هەتا ئەمڕۆ بە چاوی بێگانە و دوژمن سەیری كوردیان كردووە، بۆیە لە جێی خۆی دایە هەموو كورد پاڵپشتی لە پرۆژەی سەربەخۆیی كوردستان بكەن بە سەركردایەتی سەرۆك مسعود بارزانی. دەبێت هەمووان پشتیوانی هەنگاوەكانی بین لە پێناو گەیشتن بە ئامانج ..

ئەمرٍۆ وڵاتانی دۆست و نەیاری كورد گەیشتوونەتە واقیع و هێز و پێگەی هەرێمی كوردستان وەك دەوڵەتێك كە جاری دانانی نێودەوڵەتی پێنەنراوە بەڵام توانیوێتی بە سەركەوتوویی هاوسەنگی هێزو سیاسە لەگەڵ درٍاوسێیەكانی و رۆژهەڵاتی ناوین بپارێزێت و ببێتە مایە سەقامگیری و ئاشتیی و پێكەوە ژیان و پێشكەوتنی ئابووری .بانگهێشت فەرمی و سەردانی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ وڵاتی توركیا لە هەلومەرجی ئێستای ناوچەكە گرینگی تایبەتی خۆی ھەیە، پاش گەڕانەوەیەتی لە میونشن كە ئەو كۆنگرە گەورەیە چەندین كەسایەتیی جیھان بەشدارییان تێدا كردووە، (بارزانی)ـیش وەك سەرۆكی وڵاتێك پێشوازی لێ كراوە و ڕێزی تایبەتی لێ گیراوە، ھەروەھا زۆریك لە سەرۆكی وڵاتان و كەسانی خاوەن بڕیار چاویان بە سەرۆك بارزانی كەوتووە و ئەویش پرسی سەربەخۆیی كوردستانی داوە بە گوێیاندا و ڕاشكاوانە قسەی خۆی كردووە، بۆ تەواوكردنی ئەم سەردانانەیش سەردانی توركیا دەكات، چونكە توركیا وڵاتێكی گەورەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.سەرۆك بارزانی بەم سەردانانەی بۆ وڵاتانی ئەورووپا و دراوسێكان، ئەوە دەسەلمێنێت كە كوردستان ڕۆڵی گرینگی لە شەڕی دژی تیرۆر و لە ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتیدا هەیە.هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن كە هەنگاوەكانی سەربەخۆیی كوردستان نزیكتر بوونەتەوە
دیدار و كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، مایكڵ پێنس لە میونشن، ئاماژە بوو بەوە كە ئەمەریكا، هەرێمی كوردستانی بە هاوپەیمانی نزیك و ستراتیژی خۆی داناوە. پێوستە لەلایەن ئەمەریكاوە زیاتر گرنگی بە هەرێمی كوردستان بدرێت و كورد، وەك دۆستێكی ستراتیژیی ئەمەریكا بپارێزرێت.ئەمەریكا دەیەوێت پێگەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەهێز بكاتەوە، بۆیە پێویستیان بە دۆستەكانیان هەیه و‌، كورد به ‌دۆست و هاوپەیمانی خۆیان دەزانن، نەك دۆستی كاتی..هەروەها لە لە ڕووی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییشەوە دیپلۆماسیی سەرۆك بارزانی لەگەڵ تەواوی وڵاتان و بەتایبەتیش لەگەڵ ئەمەریكا زۆر سەركەوتوو بووە، بۆیە ئێستا‌ ئەمەریكا بایەخێكی زۆر بە هەرێمی كوردستان دەدات، بەتایبەت لە ئیدارەی نوێی ترامپدا،‌ هاوكار و پشتیوانی هەرێمی كوردستان دەبێت تا دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنێت، چونكە هەرێمی كوردستان هەموو بنەماكانی دەوڵەتبوونی تێدایە.

لە ئێستادا هەرێمی كوردستان قورسایییەكی زۆر گەورەی لە ئاستی جیهاندا هەیه،‌ وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت؛ بۆ نموونە، بەشداریی وەفدی كوردستان لە كۆربەندی ئابووری داڤۆش و كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهانی ، به ‌سەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان، كە وەك وڵاتێكی سەربەخۆ بوو. تەنیا وڵاتانی سەربەخۆ دەتوانن لەو جۆرە كۆنفرانسە جیهانیانە‌دا بەشداری بكەن. دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی لە ئاستی جیهاندا زۆر بەرەوپێش چووە. هەموو سەركەوتن و بەهێزییەكی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ قارەمانەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە ئەفسانەی داعشی تێكشكاند.
نەخشكردنی پێوەندیی دیپلۆماسیی هەرێمی كوردستان لە جیهاندا بۆ ئەو سیاسەتە دەگەڕێنێتەوە، كە سەرۆك بارزانی لەگەڵ وڵاتاندا پیادەی دەكات و، نموونە بە ئیدارەی پێشووی ئەمەریكا لە سەردەمی باراك ئۆباما دێنێتەوە، كە چۆن هاتنە سەر هێڵ تا هەرێمی كوردستان بپارێزن و، ئیدارەی ئێستای ئەمەریكایش چەندە پەرۆشن بۆ پێشخستنی پێوەندییان لەگەڵ هەرێمدا و دەڵێت: ''دیپلۆماسیی سەركردایەتیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی كە لەگەڵ هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر خاكی كوردستان دەستبەجێ ئیدارەی ئەوكاتی ئەمەریكا هاتنە سەرخەت و، به ‌سەرۆكایەتیی سەرۆك باڕاك ئۆباما هەموو پشتیوانییەكی خۆیان پێشكەش بە هەرێمی كوردستان كرد.''كۆبوونەوەكەی سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا وا شرۆڤە دەكات، كە ئیدی پێوەندیی ئەمەریكا و كوردستان زۆر دۆستانە و ستراتیژییە.هەموو ئەمانەش بۆ دارٍشتنی سیاسەت و دیپلۆماسی سەركەوتوویی سەركردایەتی سیاسی كوردستان و شەخسی سەرۆك مسعود بارزانی دەگەرێتەوە .
Top