بەکر هەڵەدنی و خواستی توندڕەوی و کودەتاچێتی
March 24, 2017
وتار و بیروڕا
بەکر هەڵەدنی لەبەر ئەوەی لە رابردوودا لەسەر توندڕەوی ئایدۆلۆژی راهێنراوە، لەگەڵ ئەو هەموو پێشکەتن و گۆڕانکاریانەی روویان داوە هێشتا دەستبەرداری ئەو بۆچوونە سیاسیە کۆن و ماوە بەسەرچووە نەبووە، کە ئایدیا پەرستەکان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات پەنیان بۆ دەبرد، روون و ئاشکرا دەیەوێ ئەو کودەتا ئایدۆلۆژیانەی لە رابردوودا دادیان نەداو بە ئاماجەکانی نەگەیاند، ئێستا بەرفراوانی بکات بۆ کودەتای پەلاماری سەربازی و ئابلوقەی ئابووری تیکەڵ بە پیلانە موخابەراتیە هەرێمیەکان، ئەوەتا لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) بەشێک لە کودەتاکە ئاشکرا دەکا و دەڵێ: با یەکێتی نەوتی ژێر دەسەڵاتی خۆی بگرێتەوە، یەکگرتووی ئیسلامیش لە بادینان دەست بکات بە گردبوونەوە و پەلاماردانی پارتی.
دیارە بەکر هەڵەدنی لەبەر لایەنی ئەمنی بەشە موخابەراتیەکەی کودەتاکەی ئاشکرا نەکرد، ئەگەرنا دەخوازێ پەکەکەش لە شنگال و قەندیلەوە دەست بکات بە هێرش کردن، ئێرانیش لە ناوچەی حاجی هۆمەران و سیدەکانەوە دەست بە پێشڕەوی باکات، حەشدی شەعبیش لە کەرکوک و ناوچەکانی تر بە ئەرکی خۆیان رابن.
هەرچەندە بەکر هەڵەدنی لە بەرامەکەدا پەردەی گوشار خستنە سەر پارتی بەسەر کودەتاکە هەڵکێشابوو، بەڵام لە راستیدا ئەوەی بەکر هەڵەدنی گوتی پیلانێکی چەند لایەنەی داگیرکارانی کوردستانە بۆ راگرتنی کاروانی بەرەو سەربەخۆیی کوردستان کە سەرۆک بارزانی و هاوپەیمانەکانی رابەرایەتی دەکەن.